فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی بەندکراوانی قزڵحەسار و لەدژی ماشێنی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی
هەینی ۲۵-۰۷-۱۴۰۴   |  17-10-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان و دوایین ڕاگەیاندنی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، لە جەریانی شەپۆلی بەرینی ئێعدامەکانی ئەم دواییەدا، بەتایبەت لە زیندانی قزڵحەسار، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی مانگی ڕەزبەر، بەدوای ڕەوانەکردنی ژمارەیەک لە بەندکراوانی واحدی دووی قزڵحەسار بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەستی جێبەجێ کردنی ئێعدام، بەندکراوانی ئەم بەشە کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەسیان مەحکووم بە ئێعدامن، دەستیان دایە مانگرتن و خۆراکی زیندانیان وەرنەگرت و خوازیاری گەڕانەوەی هاوبەندەکانیان بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە زیندانە جۆراوجۆرەکان، تەنیا لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، ١٦٢ بەندکراو ئێعدام کراون و هەتا ئێستا، واتە لەماوەی ٦ مانگ و بیست ڕۆژی سەرەتای ساڵی ١٤٠٤دا، زیاتر لە هەزار کەس ئێعدام کراون.

مانگرتن لە خواردنی بەندکراوانی واحدی ٢ی قزڵحەسار، ناڕەزایەتی لەدژی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە. بەدوای ئەم حەرەکەتە بوێرانەیەدا، بەندکراوانی واحدی ٤ی هەمان زیندان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە هاوبەندەکانیان پشتیوانییان کرد و بەندکراوانی سیاسیی بەندی حەوتی زیندانی ئێڤینیش بە دەنگی ڕەسا پشتیوانیی خۆیان دەربڕی. ئەم پشتیوانییە لە پشت دیوارەکانی زیندان، ڕەنگدانەوەی ڕووحیەی موقاومەت لە بەرامبەر ماشێنی سەرکوتی حکوومەتی سەرمایەداریی ئیسلامییە.

زیندانی قزڵحەسار یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام لە ئێرانە. ئەو جێیەی مەترسیی مەرگ هەڕەشە لە گیانی زیاتر لە هەزار بەندکراو دەکات. ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە تاکتیکی ئێعدام دەیهەوێ بەندکراوان بترسێنێت و کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە زیندانەکانەوە بۆ دەرەوەی زیندانەکان بگوازێتەوە، تا بەڵکوو لەم ڕێگەوە بتوانێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. بەڵام درێژەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام کە ئێستا نەوەدومین حەفتەی تێپەڕاندووە و مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتیی یەکگرتووانەی بەندکراوانی واحدی ٢ی قزڵحەسار، ئەم سیاسەتە نەخشەمەندەی کۆماری ئیسلامییان تووشی شکست کردووە. نە بەندکراوان و نە کۆمەڵگا چاوترسێن نەبوون. لەڕاستیدا بەندکراوان بە ئیعترازی یەکگرتووانەی خۆیان پەیامی خۆڕاگری و خەباتیان بۆ دەرەوەی زیندانەکان ناردووە.

ئێعدام کوشتنی ڕێکخراوی حکوومەت و مێکانیزمی مانەوەی ئەو نیزامە پرتووکاوەیە کە ڕەمزی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی لە پەرەپێدانی سەرکوت و وەڕێخستنی شەپۆلی ئێعدامدا دەبینێ. بەڵام هەر ئەم سیاسەتە خوێناوییە، لەئێستادا بەرەوڕووی شەپۆلێکی تازە لە خۆڕاگری بووەتەوە. خۆڕاگرییەک کە لە دڵی زیندانەکانەوە سەرهەڵدەدات و شەقامەکان دەگرێتەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ناڕەزایەتیی بەندکراوانی قزڵحەسار و لە داخوازییان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام پشتیوانی دەکات. ئەم خەباتە، نە ڕووداوێکی سنوورداری ناو زیندان، بەڵکوو بەشێکە لە خەباتی گشتیی خەڵکی کرێکار و زحمەتکێش و ئازادیخوازی ئێران لەدژی سەرکوتگەری، ستەم و هەڵاواردن و نابەرابەری. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بنەماڵەی بەندکراوان، لە هەموو ناوەندەکان، ڕێکخراوەکان و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاران، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، خوێندکاران، ژنان، هونەرمەندان و نووسەرانی بەڵێندار و لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران داوا دەکات کە بە هەر شێوەیەک دەتوانن پشتیوانیی خۆیان لە بەندکراوانی قزڵحەسار ڕاگەیەنن. پشتیوانی لە بەندکراوانی ناڕازی، پشتیوانی لە گیانی ئینسان و دیفاع لە کەرامەتی ئینسانە.

لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حکوومەتیدا دەست و پێ لێدەدات و کۆمەڵگای ئێرانی خستووەتە ژێر فشاری گەڕانەوەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان و هەڕەشەی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل، وە لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر خەڵکی ناڕازیدا شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و هەموو ڕۆژێ خەڵک ئێعدام دەکات، دەبێ بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین لە بەرامبەر ئەم جنایەتەدا سەنگەربەندی بکەین و دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەشکەنجە و ئێعدام، ناچار بە پاشەکشە بکەین.

پێویستە هەوڵ بدەین هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بکەینە خواستی هاوبەشی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. ناڕەزایەتی لە دژی ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەت، بەدەر لەوەیکە ئەم سزایە بۆ نابوودیی زیندانییانی سیاسی بێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مژدە دەدەن.

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی

١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv