
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ۲۵ی ڕەزبەری ١٤٠٤، جەهانگیر ڕۆستەمی، مامۆستای خانەنشینی تەمەن ۶۳ ساڵ و لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی فەرهەنگیانی هەرسین، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان، لە ماڵەکەی خۆیدا لەو شارە بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ڕۆستەمی، ڕۆژی شەممە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دوای سەردانیان بۆ خانەی دادی کرماشان ئاگادار کراونەتەوە کە ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی بۆ زیندانی ئێڤین گواستراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، جەهانگیر ڕۆستەمی، باوکی ئێحسان ڕۆستەمی، چالاکی کولتوریی خەڵکی هەرسینە کە لە ڕێکەوتی ۲۹ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستبەسەر کرابوو. شایانی باسە، ئێحسان ڕۆستەمی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا بە فەرمانی لێپرسی لقی پێنجی خانەی دادی ئێڤین، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. ناوبراو لە ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی ڕەزبەرەوە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ناڕوونی دۆسیەکەی و گوشاری لێپرسەکان، مانی لە خواردن گرتووە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.