
کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی “مافی مرۆڤ لە ئێران لە دوای کۆماری ئیسلامی” بە تەوەر و بابەتی جۆراوجۆرەوە، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٦ و ٢٧ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری ئۆسلۆ لەلایەن ناوەندێک بەناوی “ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران” بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسە لە ڕۆژی یەکەمدا بریتی بوو لە ٤ پانێل بە بەشداریی ژمارەیەک لە نوێنەرانی ناوەند و ئەحزاب و جەریاناتی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی و ناسیۆنالیست و مودەعیی چەپ و کۆمۆنیست لەئاستی ئێران و کوردستاندا. ڕۆژی دووهەمی ئەم کۆنفڕانسە بەشێوەی غەیری عەلەنی و لە پشتی دەرگای داخراودا بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسە هەتا ئێستا بەیاننامەی کۆتایی بڵاو نەکردووەتەوە. مەحموود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و بەڕێوەبەری ئەم کۆنفڕانسە، بە “هەوڵێک بۆ گفتوگۆی موحتەرەمانەی ئەحزابی سیاسی ناوی برد و وتی فەرقی نییە پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی ئێران چۆن دەبێت و تەئکید لەسەر ئەوەیە کە هەموو ئێرانییەکان لە مافی بەرابەر بەهرەمەند بن”. ئەو بۆ پاساوکردنی ئەوەیکە بۆ چی ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسەکە لە پشت دەرگای داخراودا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند “دەمانهەویست نوێنەرانی ئەحزاب بەبێ تێبینی و خۆسانسۆڕ کردن لەگەڵ یەک گفتۆگۆ بکەن و هەر ئەم گفتوگۆیانە لە داهاتوودا بەستێنی یەکگرتنی بەکردەوە ئامادە دەکات”.
بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕێکخراو و ئەم کۆنفڕانسە کە بێگومان لە پشتیوانی و ئیمکاناتی دارایی ڕێکخراوەکانی بەناو غەیری دەوڵەتیی دەسەڵاتەکانی ئورووپا بەهرەمەندە، بە ئامانجی سەپاندنی فشاری هاوئاراستە لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە بەسەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ هاوهەنگاوی لەگەڵ پڕۆژەی ئەوان بۆ داهاتووی ئێران داڕێژراوە. ئەویش لە بارودۆخێکدا کە ئەمریکا و ڕۆژاوا بەرنامەیەکیان بۆ ڕژیم چەینج یان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە دەستووری کاردا نییە بەڵکوو دەیانهەوێ کۆماری ئیسلامی بە توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و فشارە سیاسییەکان ناچار بە تەسلیم بکەن. تا بەرنامەی ئەتۆمی و سیاسەت و ستراتێژی شکستخواردووی خۆی لە ناوچەکە و پشیتوانی لە گرووپە تیرۆریستەکانی میحوەری موقاومەت وەلا بنێت. هەڵبەت پەیوەندی و کۆبوونەوەی پێویست بۆ ئەم ئامانجە لە کەناڵی جۆراوجۆرەوە لەلایەن ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ئۆرووپا بۆ دانوستان و گفتۆگۆ سەبارەت بە سازان و تەسلیمی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەروا لەئارادایە.
بەڵام ئەوەیکە زۆرینەی جەریاناتی سیاسیی بەشداربوو لەم کۆنفڕانسە، واتە جەریاناتی سەڵتەنەتخواز و مودیرییەتی گوزار و کۆماریخواز و ئیسلاح تەڵەب ئۆمێدیان پێ بەستووە، ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی لەڕێگەی دەخاڵەتی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و بە خزمەت گرتنی ئەم جەریاناتە لە سێناریۆکانی پەیوەندیداردایە. تا بەڵکوو لەم ڕێگەوە، سەهمێکیان لە دەسەڵاتی سیاسیی داهاتووی ئێراندا هەبێت و لە سەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، وە بەبێ دەخاڵەتی ئەوان، حکوومەتێک ساغ بکەنەوە. وەها سێناریۆیەک لەدژایەتیی ئاشکرادایە لەگەڵ بەرژەوەند و قازانجی خەباتێک کە هەر ئێستا لە لایەن بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە لەئارادایە. خەباتێک کە لەگەڵ پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەریی ڕێکخراو و سەرتاسەری، بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت تا ئامانجی ستراتێژیکی خۆی بێنێتە دی. ئەمە ئەو ڕەوتەیە کە حاکمانی کۆماری ئیسلامی بە مەترسیدارترین دوژمن بۆ مانەوەی خۆیانی دەزانن و بە وەحشیانەترین شێوەی مومکین لە هەوڵی سەرکوت کردنی دان.
کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی “مافی مرۆڤ لە ئێران لەدوای کۆماری ئیسلامی” لە ئۆسلۆ دەکرێ لە ڕاستای کۆبوونەوەکانی بێرلین و جۆرج تاون و کۆبوونەوەی حەوت جەریانی ناسیۆنالیستی کوردستانی ئێران لە مانگی ڕابردوو لە کۆڵنی ئاڵمان بەحیساب بێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە هەوڵێکە بۆ ئاڵترناتیڤ سازی لە لایەن ئەحزاب و جەریاناتی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا لیبڕاڵ و ناسیۆنالیست لە ئێران و کوردستان بۆ “دەورەی گوزار” لە دوای کۆماری ئیسلامی. کە تێیدا ئەحزاب و جەریانات بتوانن لە سەرەوەی ئیرادەی خەڵک و بە هاوکاری و یارمەتیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، دەسەڵات بگرنە دەست و لە ناو خۆیاندا بەشی بکەن، بەبێ ئەوەیکە بەرەوڕووی موقاومەتێک ببنەوە. عەبدوڵڵا موهتەدی کە سەردەمێک بۆ گەیشتن بەم ئاواتە لە کۆنفڕانسی بەدناوی جۆرج تاونی واشینگتۆندا کەوتە گەڵ ڕەزا پەهلەوی، لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕانسەشدا دووپاتی کردەوە کە: “لە دەورەی گوزار لە کۆماری ئیسلامی دەبێ بە ستانداردەکانی ئەمڕۆ و بە شێوازی کەمترین توندوتیژی بەرەو پێش بچین و ئەم گوزارە نابێ ببێتە بوارێک بۆ تەسویە حسابی حیزبی و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان. موهتەدی لەبیری چووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە دوای ئینشعاب لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، خۆی بە پاساوی ئەوەیکە “سەرەنجام لەگەڵ کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەبێ بەشەڕ بێین و باش وایە ئەم شەڕە هەر لێرە و لە ئوردووگا و بەر لە چوون بۆ ناوەوەی ئێران ئەنجام دەین”، هێرشی چەکداریی کردە سەر ئوردووگای کۆمەڵە. هەڵبەت ئاکامەکەی بێجگەلە شکست و ڕسوایی بۆ ئەو شتێکی تر نەبوو.
لەم کۆنفڕانسەدا ئیبڕاهیم عەلیزادە، ڕێبەری لایەنی جیابۆوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و حەمید تەقوایی لیدێری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران بە هەمان هیوای بەشخوازی لە دەسەڵات لە دوای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەم کۆنفڕانسەدا بەشدارییان کرد. جەریانی ڕاستی جیابۆوە لە کۆمەڵە لەم کۆنفڕانسەدا نیشانی دا کە پێی ناوەتە هەمان مەسیرەوە کە عەبدوڵڵا موهتەدی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر هەر بەم هیوایەوە گرتییە بەر. هەڵبەت کۆنفڕانسەکەش هەر ئەو پێگەیەی بۆ ئەو لە نەزەر گرت و لە پانێلی کۆتاییدا لە پەنا شاهین مودەرس لە ئەندامانی جەریانی کۆماریخوازی ئێران و لە مودافعانی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە شەڕ و جینۆسایدی غەززە، داینا. تووڕەیی عەلیزادە لەم پانێلەدا و باس کردنی مەسائلێک کە پەیوەندیی بە تێمی کۆنفڕانسەکەوە نەبوو، کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو بابەتە بوو. ئەو قسەکانی خۆی بە هێرش بۆسەر کەسان و جەریاناتێک دەستپێکرد کە ڕەخنەیان لە سووڕانی بەرەو ڕاست گرتبوو و بەدروست سەبارەت بە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفڕانسە و پێکهاتە و سرووشتی بەشداربووانی، هەڵوێستی خۆی بەیان کرد. عەلیزادە وتی: “هێندێک کەس بۆ ئێمە سەبارەت بە سرووشتی ئەم یان ئەو حیزب (بەشداربوو لەم کۆنفڕانسە) داستان دەگێڕنەوە. من دژی بەرنامەی هیچ حیزبێک نیم بەڵام ئەوان دەبێ قەول بدەن کە وەک حیزبی چەکدار ناگەڕێنەوە کوردستان”. لە نەزەر ئەوەوە قەول و بەڵێنی ئەحزاب و جەریاناتی ناسیۆنالیست بۆ چەکدار نەمانەوە، کافییە. لە حاڵێکدا کە ئەزموونی بەشەکانی دیکەی کوردستان نیشانی داوە کە لە نەبوونی حزووری جەماوەریی خەڵک لە مەیدانی خەباتی سیاسیی کۆمەڵگا و لە نەبوونی بەدیلێکی چەپ و شۆڕشگێڕی ڕادیکاڵ، ئەحزابی سیاسیی چەکدار بە زەبری چەک دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و بۆ عەداڵەتی دڵخوازی ناوبراو و بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی هیچ کارێکیان نەکردووە.
واقعییەت ئەوەیە کە ڕێبەران و چالاکانی پێشڕەوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژەی خەباتی ڕۆژانەی خۆیان، بە پەرەپێدان بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وەها کۆنفڕانس و کۆبوونەوە گەلێک، بە بەشداریی ڕاستترین جەریاناتی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا لیبڕاڵ، سەڵتەنەتخواز و ناسیۆنالیست لە ڕاستای بەلاڕێدابردنی خەباتی ئێستای کۆمەڵگای ئێران دەزانن و لە بەرامبەریدا ڕادەوەستن و ئەم پیلانانە پووچەڵ دەکەنەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە