
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، خدر رەسوڵی هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای سێ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کراوە.
جێگای ئاماژەیە، کلارا رەسوڵی کچی خدر رەسوڵی، نزیک دوو هەفتە لەمەوبەر بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو. سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پوشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان بە هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم خێزانە و شکاندنی دەرگای ماڵەکەیان، ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردبوو. پێویستە بوترێ کە خدر رەسوڵی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بانگ، دەستبەسەر و هەڕەشەی لێکراوە و پێشینەی پێدرانی حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیری و بێبەش کرانی کۆمەڵایەتی بە هۆکاری ئەندامیەتی کوڕەکەی لە حزبێکی ئۆپۆزۆسیۆنی هەیە.