
بە پێی ڕاپۆرتەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی “عەلی ئاقاجری پەیوەند”، لاوی ٢٢ ساڵە و خەڵکی شاری بێهبەهان سەر بە پارێزگای خوزستان لە زیندانی ناوەندیی ئەهواز جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوکمی ئێعدامی ی ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا لە تەمەنی ٢٢ ساڵەییدا جێبەجێ کراوە کە ناوبراو، پێنج ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی ١٧ ساڵییدا، لە پێکدادانێک لەسەر زەویی جووتیاریی بە شێوەی نەخوازراو تووشی کوشتنی کەسێک بوو و لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە، حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپابوو.
پێویستە ئاماژە بکرێ، کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن زۆرینەی وڵاتەکانی دونیا واژۆ و پەسەند کراوە، ڕاشکاوانە گەڕەنتی مافی سەرەکیی منداڵانی کردووە کە بریتییە لە قەدەغە کردنی کەڵک وەرگرتن لە سزاگەلی قورس و بێڕەحمانە، وەک ئێعدام بۆ کەسانی ژێر ١٨ ساڵ، بەڵام لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی هێشتا حوکمی ئێعدامی منداڵانی تاوانبار جێبەجێ دەکرێ.