
دیمەنی گیان لەدەستدانی پێنج منداڵی کرێکار لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە نزیک شاری مەشهەد، جارێکی دیکە باری خراپی گوزەرانی منداڵانی ناوچە پشتگوێخراوەکانی ئێران نیشان دەدات. ئەوانە منداڵی تەمەن خوار ١٥ ساڵ بوون و بۆ چنینی زەعفەران دەچوون، بەڵام هەرگیز نەگەیشتنە شوێنی کارەکەیان.
ماڵپەڕی ‘ئیلنا’ی سەربە ڕژیم لە ڕاپۆرتێک دەربارەی ژیان و گوزەرانی منداڵانی ناوچە هەژارنشینەکانی ئێران ڕایگەیاندووە، زۆربەی منداڵانی ئەو ناوچانە، بۆ دابینکردنی بژێوی، ناچارن دەستبەرداری خوێندن ببن و لە سەختترین بارودۆخدا، کاری قورس بکەن. قوربانیانی ڕووداوەکەی مەشهەد، شایەتییەکی دڵتەزێنی ئەو ڕاستییەیە. منداڵانی کرێکاران و گوندنشینان و ئەوانەی لە قەراغ شارەکاندا دەژین، پێش هەموو شتێک لە قوتابخانە و پێداویستیی خوێندن و پەروەردەی گونجاو بێبەشن، ئەمەش وایکردووە ناچار، واز لە خوێندن بهێنن و کرێکاری بکەن. لەم ساڵانەی دواییدا، دیاردەی ‘منداڵانی کرێکاری کۆچبەر کە بە تەنیا، یان لەگەڵ خێزانەکانیاندا ناوچەکانی خۆیان بۆ شارەگەورەکانی ئێران بەجێ دەهێڵن، زۆرتر بووە.
بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران، لە ساڵی خوێندنی ١٤٠١١٤٠٢دا، ٩٠٢ هەزار و ١٨٨ منداڵ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا، وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی خوێندنی ١٤٠٣١٤٠٤، گەیشتووەتە ٩٢٨ هەزار و ٧٢٩ منداڵ. ئەمە تەنیا ژمارەی ئەو منداڵانەیە کە ناسنامە و تۆماری ڕەسمییان هەیە، واتە ژمارەی گشتیی ئەو منداڵانە زۆر لەوەی ڕاگەیەنراوە، زیاترە. لە کاتێکدا تێچووی خواردن و خواردنەوەی مانگانەی خێزانێکی کرێکاریی چوار کەسی، دوو بەرانبەری داهاتی مانگانەی دیاری کراوی کرێکارانە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای کار و لە ناوچە دوورەدەستەکاندا، هەقدەستی کرێکاران زۆر کەمترە لەوەی ئەنجوومەنەکە دیاری کردووە. هەروەها نەبوونی کار و داخرانی زۆربەی کارگەکانی پارێزگای سیستان بەلوچستان، هەموو ئەمانە هۆی سەرەکی دابڕانی منداڵانن لە خوێندن؛ چونکە لەو بارودۆخە سەختەدا، ئەوان توانای دابینکردنی تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان نییە.