بەردەوامی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی خاجەنەسیر
سێشەممە ۲۹-۰۷-۱۴۰۴   |  21-10-2025

بەدوای پێنج شەو ئێعتڕاز و دوو جار کۆبوونەوە لە پەردیسەکانی زانکۆی خاجەنەسیر و کەمتەرخەمی بەرپرسان لەئاست پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤، خوێندکارانی ناڕازی جەختیان کردەوە کە ناڕەزایەتیی خۆیان بەدەنگی بەرزتر درێژە پێ دەدەن، تا بەرپرسان بزانن کە دەنگی خوێندکار هیچکات، کپ ناکرێ و خوێندکاران گاڵتەجاڕی دەستی بەرپرسانی زانکۆ نین.
خواستی سەرەکی ئەم خوێندکارانە بریتییە لە: دابین کردنی سرویسی هاتوچۆ و ئەمنییەتی خەوتنگەی کچان، دابین کردنی خواردنی بەکواڵێتی و کەمکردنەوەی نرخی خواردنی شەوانەی خوێندکاران، پێڕاگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانی خەوتنگەکان، پێڕاگەیشتن بە تەوەری پەروەردەیی و کۆتایی هێنان بە هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ خوێندکارانی ناڕازی.