
کۆبوونەوەی عەلەنیی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی “مافی مرۆڤ لە ئێران لە دوای کۆماری ئیسلامی” لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ لە ئۆسلۆ پایتەختی نۆروێژ بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەی پشتی دەرگای داخراوی ئەم کۆنفڕانسەش بە بەشداری نوێنەرانی ئەحزابی سیاسی ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەچوو و کۆتایی هات. ئەم کۆنفڕانسە کە لە تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینترناشناڵ بڵاو کرایەوە و ڕەنگدانەوەی بەرینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو، دەبێ لەسەر بەستێنی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران هەڵسەنگێندرێت.
واقعییەت ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قووڵترین و هەمەلایەنەترین قەیرانەکانی تەمەنی بەرەوڕوویە. لە ناوەوەی ئێران قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، گەندەڵیی سیستماتیک، ئاکامی پەرەسەندنی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، قەیرانی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووی ژینگە و هەڵاوسان و گرانیی بێوێنە، حکوومەتی ئیسلامیی خستووەتە پێگەیەکەوە کە تەنانەت توانای دابین کردنی نان و ئاو، بەرق و هەوای سالمی بۆ هەناسەکێشان نییە. ئەم ئەوزاعە فەلاکەتبارە ئابوورییە پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی خستووەتە ئاسۆوە. حکوومەتی ئیسلامی لەئاستی نێونەتەوەییدا بۆ کۆکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی، ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک، کۆتایی هێنان بە ناردنی چەک و یارمەتیی دارایی بۆ هێزە نیابەتییەکان، لەژێر فشاری ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی دایە. ئەوەش لە یەک کەلامدا یانی دەبێ بێ شەرت و مەرج تەسلیم بێت. هەروەها بارودۆخی نە شەڕ، نە ئاشتی لەژێر سێبەری هەڕەشەی شەڕی دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، ناکۆکی و کێشمەکێشی ناو باڵەکانی حکوومەتی بردووەتە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە. ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە ناوەوەی دەسەڵاتدا ئاڵای سازش و تەسلیم لە بەرامبەر ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ئورووپایان بەرز کردووەتەوە و مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە گرەوی سازش لەگەڵ ئەمریکا و لابردنی گەمارۆکان دەبینن. بناژۆخوازانی توندڕەو و باڵی پایداری لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا لەسەر موقاومەت زۆرینە و درێژەی قوماری ئەتۆمی پێداگری دەکەن. کادری ڕێبەریی سپای پاسداران کە سەرچاوە و ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی لەدەستدایە و لەو واقعییەتە ئاگادارە کە هاوسەنگیی هێز لەچاو دە ساڵ لەوەپێش کە ڕێککەوتنی بەرجام واژۆکرا، بەتەواوی بەزیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە، لە عالەمی واقعدا شکستی قبووڵ کردووە و بەشوێن دیتنەوەی فۆرمووڵ و بەیانێکی ئابڕوومەندانە بۆ ئەم شکستەیە. سپای پاسداران کە ڕوو بە خەڵک و دوژمنی ناوخۆیی شمشیری لە ڕووەوە بەستووە، لە هەمان کاتدا خوازیاری سازشی ئابڕوومەندانە لەگەڵ ئەمریکایە تا بەڵکوو بتوانێ بۆ درێژەی دەسەڵاتی نیزامی ئیسلامی، ناسیۆنالیزمی پاوانخوازی ئێرانی لە پشت سەری خۆی بێنێتە مەیدان. بەم حاڵەوە هەتا کاتێک سپای پاسداران کە ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، فۆرمووڵێکی موعجزەئاسای سازشی ئابڕوومەندانە یان قارەمانانە کە هاوکات دەبێ لەلایەن ترامپیشەوە قبووڵ بکرێ نەبینێتەوە، فشارەکانی ئەمریکا هەروا درێژەی هەیە.
دەوڵەتی ئەمریکا وەک سەرۆکی ناتۆ و لە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا هێستا سیاسەتی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان نییە. بەڵکوو دەیانهەوێ بە فشاری کۆنتڕۆڵکراو، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕاستای ئامانجەکانی خۆیاندا ناچار بە تەسلیمبوون بکەن. چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە و پەرەپێدانی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، هەڕەشەی شەڕی ئیسرائیل لەدژی ئێران، بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێکهێنانی فورسەت و مەیدانی مانۆری سیاسی و تەبلیغاتی بۆ ڕێفۆرمخوازانی حکوومەت لە ناوەوەی نیزامی ئیسلامی، وە کەڵک وەرگرتن لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان وەک ئامرازی فشاری سیاسی و ڕەوانی لەسەر کۆماری ئیسلامی لە خزمەت ئەم فشارە کۆنتڕۆڵکراوەدایە. لە وەها بارودۆخێکدا بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی “مافی مرۆڤ لە ئێران لە دوای کۆماری ئیسلامی” لە ئۆسلۆ بە کۆمەکی ناوەندە بەناو غەیرە دەوڵەتییەکانی ئورووپا دەبێ لە درێژەی کۆبوونەوەی “جۆرج تاون”ی واشینگتۆن لە فێوریەی ٢٠٢٣ و لە درێژەی کۆبوونەوەی سەڵتەنەتخوازەکان لە موونیخ لە کۆتایی مانگی جولای ئەمساڵ، وەک بەشێک لە فشاری سیاسی و ڕەوانیی کۆنتڕۆڵکراوی ئەمریکا و ئۆرووپا بۆ ڕام کردنی کۆماری ئیسلامی و نەجاتدانی سەرمایەداریی ئێران لە مەترسیی شۆڕش هەڵسەنگێندرێت. ئۆسلۆ کە سەردەمانێک شوێنی بەڕێوەچوونی گفتوگۆی پشتی پەردەی هێندێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران بە داهێنانی ڕێکخراوی بەناو غەیرە دەوڵەتیی “نورێف” لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو، لەئێستادا بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان مینهای ڕەزای پەهلەوی. وە بووەتە شوێنێک بۆ تەمرینی ئاڵترناتیڤ سازی لەژێر ئاڵای دیفاع لە مافی مرۆڤ و هاوپەیمانیی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی.
بۆ ناسینی زیاتری پێگە و سرووشتی ئەم کۆنفڕانسە سەرنج بدەنە پێکهاتەی بەشداربووانی: شیرین عبادی و عەبدوڵڵا موهدەتی هەر ئەو موسافرانەن کە سواری ئۆتۆبووسە خوارییەکەی ڕەزای پەهلەوی بوون و لە کۆبوونەوەی جۆرج تاونی واشینگتۆن کە بە داهێنانی پەهلەوی بەڕێوەچوو، بەشدارییان کرد. وە شان بە شانی ئەو هەتا ئامادە کردنی “مەنشووری مەهسا” و خەنجەر لێدان لە پشتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا چوونە پێش. بەڵام کاتێک کە ئەم پڕۆژەیە شکستی خوارد و ڕسوایی لێکەوتەوە، لە ئۆتۆبووسەکە دابەزین و ئێستا دووبارە لە قالبێکی تازەدا و لە جلی مافی مرۆڤدا، بە پەیوەست بوون بە موسافرانی بەجێماو، دیسان بوونەتەوە هاوڕێی یارانی سەڵتەنەتخواز.
فواد پاشایی، سەرۆکی حیزبی مەشرووتەی ئێران لایەنگری نیزامی پاشایەتی و خوازیاری بەرەندازیی نیزامی کۆماری ئیسلامی و گەڕانەوەی سەڵتەنەتی مەشرووتە لە ئێرانە. ئەم حیزبە بە ئاڕمی شێری نێری شمشیر بەدەست و خورشید، خۆی ڕەسمەن بە “لیبڕاڵ دیموکرات” و دژی کۆمۆنیزم و مودافعی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەزانێت و بەرەندازی ناوی ڕمزی تێپەڕین لە ڕژیمی ئیسلامی بە یارمەتیی دەسەڵاتە دەرەکییەکانە.
پەزدان شهدایی، ئەندامی هەیئەت دەبیران و وتەبێژی شۆرای مودیرییەتی گوزارە. ئەگەرچی لە بەڵگەکانی ئەم شۆرایەدا هاتووە کە لە نیزامی دیموکراسیی خوازراوی ئەواندا، دەسەڵات نە مەوڕووسی و نە ئیلاهییە، بەڵام بەوتەی دەبیر کولی ئەم شۆرایە، دژایەتیی ئەم بەڵگەیە لەگەڵ دەسەڵاتی “مەورووسی” لە پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی ئێراندا “بە هیچ شێوەیەک” بە مانای وەلانانی سەڵتەنەتخوازان لە “شۆرای مودیرییەتی گوزار” نییە و ئەوان لەم شۆرایەدا حزووریان هەیە. بنەماڵەی سەڵتەنەت کە بە مەنتقی شۆڕش و ئیرادەی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران ڕاماڵدران لەڕێگەی “شۆرای مودیرییەتی گوزار” و حیزبی مەشرووتەی ئێرانەوە دەگەڕێنەوە مەیدان.
مەهدییە گوڵڕوو ئەندامی هەیئەتی سیاسیی ئیجرایی هاوپشتیی کۆماریخوازانی ئێرانە. ئەم ڕێکخراوە ئامانجی خۆی تێپەڕینی بەدوور لە توندوتیژی لە کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی حکوومەتێکی سێکۆلار دیموکرات پێناسە دەکات. لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی موناسباتی خۆی لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران گەیاندووەتە ئاستێکی ئاشتی هەڵنەگر و زمانی دیالۆگی لەگەڵ خەڵک زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدامە. لە کاتێکدا کە ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ و ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی دیمەنی ئاشتی هەڵنەگربوونی نیشان دا، تەئکید لەسەر گوزاری بەدوور لە توندوتیژی ناوی ڕەمزی دژایەتیی لەگەڵ شۆڕشە.
ڕێکخراوەکانی جەبهەی میللیی ئێران لە بەشداربووانی دیکەی ئەم کۆنفڕانسە بوون کە میحوری سیاتێژییان تەئکید لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران و دابین کردنی ئاسایشی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، ئازادی، ڕەفاهی گشتیی خەڵکی ئێران بە بێ هێرش کردنە سەر خاوەنداریەتی تایبەت و بە پشت بەستن بە درێژەی ئابووریی نێئۆلیبڕالیزمی بازاڕی ئازاد و مودیرییەتی غەیرە ئیسلامییە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان، حیزبی تەزامنی دیموکراتیکی ئەهواز و حیزبی خەڵکی بەلووچستان لەڕێگەی ئەندامانی ڕێبەری و دەبیری کولەکەیانەوە لە کۆنفڕانسەکەدا نوێنەرایەتی دەکران و هەموویان لە سیستمی فیدرالیی لەسەر بنەمای نیزامی پارلەمانی بۆ داهاتووی ئێران، سەربەخۆ لە سرووشتی چینایەتیی دەوڵەتی مەرکەزی دیفاع دەکەن و نیگەرانیی ئەوان هەر لە ئێستاوە دیاری کردنی سنوورەکانی حکوومەتی فیدرالی مەحەلی لە داهاتوودایە.
بەڵام چاوگێڕانێکی کورت بەسەر هەڵوێستی بەرنامەیی و ستراتێژیکی تەقریبەن هەموو حیزب و ڕێکخراوە بەشداربووەکان لەم کۆنفڕانسە نیشانی دەدات کە ئەم جەریاناتە سەرەڕای ئیختلافاتێک کە هەیانە لەسەر سیاسەتی ستراتێژیکی پاراستنی موناسباتی سەرمایەداری لە بەرامبەر مەترسیی شۆڕشی کرێکاری و جەماوەری و تەئکید لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران هاونەزەرەن. بەدیلی ئەم جەریانانە بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی هەمان پاراستنی موناسباتی سەرمایەداری بە مودیرییەتی غەیرە ئیسلامییە. دوای تێپەڕینی نزیک بە نیو سەدە لە دەسەڵاتی سەرمایەداری بە مودیرییەتی ئیسلامی و بەئاستێکی بێوێنە لە هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەیدا سەپاندووە، کرێکارانی ئێران دەبێ چاوەڕێ بن کە ئەم هێزانە لەژێر پۆششی ڕێز گرتن لە بڕگەکانی مافی مرۆڤ و هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی، ئەمجارە سەرمایەداری بە مودیرییەتی غەیرە ئیسلامی، لەڕاستیدا ئیستبدادی غەیرە دینی، وەک ئاکامی شۆڕش بۆیان بەدیاری بێنن. درێژەی موناسباتی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری، درێژەی سیاسەتەکانی ئابووریی نێئۆلیبڕاڵی، درێژەی هەرزان فرۆش کردنی هێزی کاری کرێکار بە مودیرییەتی غەیرە ئیسلامی، ناوەرۆکی سەرەکیی بەرنامەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە ئێرانە.
هەرچەند ئیبڕاهیم عەلیزادە لە وتەکانیدا لە دوایین پانێلی ئەم کۆنفڕانسەدا تەئکیدی کرد کە: “هەموویان لە بەرنامەکانیاندا شتی زۆر باشیان نووسیوە، هەموویان باشن، من لەگەڵ بەرنامەی هیچ حیزبێک موخالفەتێکی ئۆسوولیم نییە. لەوانەیە کەمێک لێرە و لەوێ ئینسان بتوانێ کەم یان زۆری بکات یان بڵێ ئەم فۆرموڵبەندییە کافی نییە”. بەڵام لەڕاستیدا، ئیدیعای لیبڕالی، دیموکراسی خوازی و مافی مرۆڤی هەموو ئەم جەریانانە تەنیا پۆششێکی ئیدئۆلۆژیک بۆ پاراستنی سوڵتەی بورژوازی لە ئێرانە.
لەو نێوەدا بەشداریی حەمید تەقوایی لەم کۆنفڕانسە بابەتێکی دوور لە چاوەڕوانی نەبوو. چونکە ئەگەر بۆ ڕەوتی کۆمۆنیستی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نە ئامانجی کۆتایی، بەڵکوو خاڵێکی حەرەکەتە بەرەو زەوتکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی هەموو بورژوازی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی. بەڵام حەمید تەقوایی ساڵەهایە کە ستراتێژی خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی لە ناوەرۆکی چینایەتی بەتاڵ کردووە. حەمید تەقوایی و ئیبڕاهیم عەلیزادە ئاگاهانە یان نائاگاهانە، بەشێوەی عەینی بوونەتە ئامرازی مەشرووعییەت دان بە هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بۆ شکڵدان بە ئاڵترناتیڤ.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە