
لەناو بەشداروبووانی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی “مافی مرۆڤ لە ئێران لە دوای کۆماری ئیسلامی”دا، تەنیا حزووری ئیبڕاهیم عەلیزادە بەو وتارەی کە لە دوایین پانێلی کۆنفڕانسەکەدا پێشکەشی کرد، لە نیگای یەکەمدا وەک میوانێکی نەخوازراو و پینەیەکی ناجۆر دەچێ. ئیبڕاهیم عەلیزادە لەم پانێلەدا سەبارەت بە دوو مەترسی و نیگەرانی لە دەورەی گوزار و ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی هۆشداری دا. یەکیان ئەوەیکە لەدوای کۆماری ئیسلامی “چەک دەکەوێتە دەستی هەمووانەوە و گرووپەکان لەگیانی یەک بەردەبن یان گرووپەکان بەرامبەر بە یەک بە زەبری چەک تەسویە حیساب دەکەن”. دووهەم دەخاڵەتی دەرەوە، عەلیزادە دەڵێ “بە باوەڕی من مەترسییەکی دیکەش بوونی هەیە کە بە هەمان ئەندازە گرینگە ئەویش مەترسیی دەستێوەردانی ئیمپریالیزمە، بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکا”. وە لەم پەیوەندییەدا ئاماەژە بە دەخاڵەتی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و لیبی و … دەکات. ئیبڕاهیم عەلیزادە لە درێژەدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسییانە، ئەم ڕێگاچارانە تەجویز دەکات و دەڵێ: “کەوابوو ئەو قەولەی ئێمە لێیان وەردەگرین قەولی بەڵێنداربوونیان بە مافی مرۆڤ نییە. بەڵکوو دەبێ قەولی ئەوەمان پێ بدەن کە حیزبی چەکدار نابن و چەک لە ئیختیار ئۆرگانەکانی هەڵبژێردراوی خەڵکدا دەنێن”. ناوبراو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مەترسی دووهەم دەڵێ: “کەوابوو بۆ ئۆپۆزیسیۆن، بۆ ئەو جەمعەی کە لێرە دانیشتوون، ئەوەی من چاوەڕێی دەکەم، خۆبەدوور گرتن لە سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانە. هەر ئەوەندە لە دەستمان دێ کە هەموومان بڵێین ئێمە ئومێدمان بەوە نەبەستووە. ئێمە دژی ئەوەین. وە خەڵک بۆ ئەوە ئامادە دەکەین کە پشت بە ئیرادەی خۆیان ببەستن”.
ئیبڕاهیم عەلیزادە بەو ڕێگاچارانەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسییە واقعییانە دەیڵێت، یان شعووری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و تەشکیلاتەکەی خۆی لەڕادەبەدەر بە کەم داناوە یان ئەوپەڕی سادە ڕوانین بە سیاسەت و خەباتی چینایەتی نیشان دەدات. ئیبڕاهیم عەلیزادە لە کاتێکدا هۆشدار و ڕێگاچارە پێشکەش دەکات کە ماوەیەکە لەگەڵ شەش حیزب و ڕێکخراوی ناسیۆنالیست و ئیسلامی لە کوردستان چووەتە ناو دیالۆگەوە و بە قسەی وتەبێژانی ئەم شەش جەریانە، ئامانجی سەرەکی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانییە. ئەم شەش جەریانە کە هەبوونی هێزی چەکدار گرینگترین شێوازی خۆپێناسەکردنیانە، بە مۆدێل وەرگرتن لە ئەزموونی کوردستانی عێراق، بەردەوام لەسەر دوو پایەی ستراتێژی سیاسی خۆیان، واتە ئۆمێد بەستن بە دەستتێوەردانی ئەمریکا و دەسەڵاتی ئەحزاب لە دەورەی گوزاری دوای کۆماری ئیسلامی تەئکیدیان کردووە. مەگەر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەدوای لەشکرکەشیی ئەمریکا بۆسەر عێراق ئومێدواریی خۆی دەرنەبڕی کە بەڵکوو لەدوای ئازادیی عێراق نۆرەی ئازادیی ئێران و کوردستان بێت؟ مەگەر عەبدوڵڵا موهتەدی لە پەیامێکدا بەبۆنەی سەرکەوتنی ترامپی نێئۆفاشیست ئەم چاوەڕوانییەی لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا نەکرد کە ” لە شەڕ دژبە نیزامی دڕندە و سەرکوتگەری ئیسلامی لە ئێران و لە خواستی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی، ئاشتی و سەقامگیری پشتیوانی بکات”. مەگەر حیزبی پاک بە ئاشکرا لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران پشتیوانیی نەکرد؟ یان سازمانی ئیسلامیی خەبات کە وەک ڕێکخراوی کوردستانی سازمانی موجاهدینی خەلق لە کوردستان چالاکی دەکات بێجگەلە پشت بەستن بە حمایەتی ئەمریکا ئاسۆیەکی دیکەی بۆ بەشدار بوون لە دەسەڵاتدا هەیە؟ ئیبڕاهیم عەلیزادە لەگەڵ ئەو حیزب و سازمانانەدا چووەتە ناو هاوپەیمانیی سیاسیی پایدارەوە کە ئەم هێزانە بە پێی نەخشەی ستراتێژیکیان کاناڵی ڕەوانەکردنی ئەو مەترسییانە بەرەو ئێرانن. مەگەر ئەزموونی لەشکرکەشیی ئەمریکا بۆسەر عێراق و ئەفغانستان و دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان لەم وڵاتانە، هەر ئەوەی نیشان نەدا؟ مەگەر ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١دا هاوکات لەگەڵ لەشکرکەشی بۆسەر ئەفغانستان هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بورژواییەکانی ئەم وڵاتەی لە کۆنفڕانسی بۆنی ئاڵماندا کۆنەکردەوە و لەم ڕێگەوە دەوڵەتی ئینتقالیی بە سەرۆکایەتیی حامد کەرزەی پێکنەهێنا؟ مەگەر دەوڵەتی هاوپەیمانیی کاتیی عێراق لە دوای هێرشی ئەمریکا و بریتانیا بۆسەر عێراق لە پرۆسەیەکی هاوشێوەدا بە مودیرییەتی ئەمریکا شکڵی نەگرت؟ ئایا ئیبڕاهیم عەلیزادە لەو تەوەهومەدایە کە ئەگەر ئەمریکا ڕۆژێک بژاردەی ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی بخاتە دەستووری کارەوە و بە عەبدوڵڵا موهتەدی و باقی هێزەکان چەک و پارە و چرای سەوز نیشان بدات، عەبدوڵڵا موهتەدی دەچێ لە ئیبڕاهیم عەلیزادە لە ناوەندی دیالۆگ داوای بڕیاردان دەکات؟
عەبدوڵڵا موهتەدی گەلێک جار “گەورەترین کاری ناوەندی هاوکاریی ئەحزابی ناسیۆنالیستی لێک نزیک بوونەوە بۆ پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێکهێنانی ئەرتەش و سپای نەتەوەیی و نیشتمانی پێناسە کردووە کە لە دەورەی گوزار و ناسەقامیگریدا ئیدارەی هاوبەشی کوردستان بکات. ئێستاش لە ناوەندی دیالۆگی ئەحزابی کوردستانیدا هەر لەسەر ئەم ستراتێژییە تەئکید دەکات. لەم ڕووەوە نابێ گومان لەوەدا هەبێ کە ئەحزابی ناسیۆنالیست لێبڕاوانە بەدوای ستراتێژی خۆیانەوەن. وە “کۆنتڕۆڵکردنی ڕاپەڕینی خەڵک” لە قۆناغی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، “ئینتقالی دەسەڵات بە ئەحزاب”، “پێکهێنانی ئەرتەشی نەتەوەیی” و “ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی پارلەمان” و “زەوتکردنی دەسەڵات لە خەڵک”یان خستووەتە دەستووری کارەوە. بەپێچەوانەی تەسەوری فریوکارانەی ئیبڕاهیم عەلیزادە، حەقیقەت ئەوەیە کە هەڵوێستی بەرنامەیی و نەخشەی ستراتێژیکی ئەحزاب و لایەنە سیاسییەکان ڕیشەی لە بەرژەوەندی چینایەتی و ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەدایە کە لە ناویاندا سەریان هەڵداوە. وە دیالێکتیکی خەباتی چینایەتی نیشانی داوە کە بە دیالۆگ و پێشنیاری دۆستانە ناتوانی سرووشتی چینایەتییان بگۆڕی.
بەلام مەسەلەکە بانتر لەوەیە کە بڵێین ئیبڕاهیم عەلیزادە لە داوی تەوەهومدا گرفتار بووە. ئەمە هەڵبژاردنێکی سیاسییە. عەلیزادەش دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی دەسەڵات لە خۆهەڵواسین بەم هاوپەیمانییە سیاسییانەدا دەبینێ. حەقیقەتی تاڵ ئەوەیە کە ئیبڕاهیم عەلیزادە دەمێکە ئومێد بە دەورونەخشی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیی لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی ئێراندا لەدەستداوە. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەر کات هەڵسەنگاندنی ئاخێزە جەماوەرییەکانی کردووە، بە حاشاکردن لە کاریگەرییە سیاسی و مەعنەوییەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران لەسەر ئەم ئاخێز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە، بە تانە و تەشەر و بە لەحنێکی تەحقیرئامێزەوە ڕەخنەی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی گرتووە تا زەمینەی زەینی ئەم وەرچەرخانە ئاشکرایە بەرەو ڕاست لەناو ڕیزەکانی تەشکیلاتی خۆیدا فەراهەم بکات. ئیبڕاهیم عەلیزادە تەنانەت لە کۆنفڕانسی ئۆسلۆ و لە ناوەندی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکانیشدا لە تانە و تەشەر لە هێزە کۆمۆنیستەکان غافڵ نەبوو و وتی: “ئێمە ئەوە خەریکین لەگەڵ ئەحزابی کوردی گفتوگۆ دەکەین. دەستەیەک هاتوون و وەبیریان هاتووەتەوە سرووشت و ماهییەتی ئەو حیزبە چۆنە و هی ئەوەی دیکە چۆنە. لەم بارەوە داستانمان بۆ دەگێڕنەوە. بە نەزەری ئێمە ئەوە ئەزرشی نییە”. وە بەم جۆرە، خۆش خزمەتیی خۆی بەم هێزانە نیشاندا.
ئیبڕاهیم عەلیزادە لەبیری چووەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا کاتێک کە تەرحی پلاتفۆرمی عەبدوڵڵا موهتەدی بۆ هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بڵاوکرایەوە، ناوبراو سەبارەت بە تەرحەکەی عەبدوڵڵا موهتەدی جەلەسەیەکی لە ئۆردووگای کۆمەڵە دانا کە باسەکانیشی بەشێوەی عەلەنی بڵاوکرایەوە. لەم جەلەسەیەدا ڕوو بە عەبدوڵڵا موهتەدی بەم شێعرەی سەعدی کە دەڵێ “تۆ پێم بڵێ هاوڕێکانت کێن، تا پێت بڵێم تۆ کێی” بە پێشنیارەکەی عەبدوڵڵا موهتەدی وڵامی ڕەتی دایەوە. هێستا ئەو کات عەبدوڵڵا موهتەدی تەنیا ئەندامی شۆرای مودیرییەتی گوزار بوو و سواری ئۆتۆبووسە خۆڕاییەکەی ڕەزا پەهلەوی نەببوو و هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی گەیشتبووە بنبەست. ئایا بەڕاستی ئەم جارە نۆرەی ئێمە و چەپی ڕادیکاڵی ئێران نییە هەمان شێعری سەعدی ئاراستەی ئیبڕاهیم عەلیزادە بکەین و لە ڕووی هاوڕێکانیەوە پێی بڵێین کێیە؟
کاتێک مەنشووری هاوپشتیی جۆرج تاونی واشینگتۆنی ڕەزا پەهلەوی، شیرین عبادی و عەبدوڵڵا موهتەدی و باقیی یارانی لە ڕۆژی هەینی ١٠ی مارسی ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە، سازمانەکەی ئیبڕاهیم عەلیزادە بە قەڵەمی خۆی ڕاگەیاندنێکی لە ١١ی مارسدا لەژێرناوی ” ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە مەنشوری ڕەزا پەهەلەوی و لایەنگرانی و کەڵک وەرگرتنی ناڕوا لە ناوی” کۆمەڵە” ” بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ” واژۆی عەبدوڵڵا موهتەدی وەک دەبیر کوللی حیزبێک کە بە ناوی کۆمەڵەوە چالاکی دەکات له پای ئەم مەنشورەدا، هیچ پەیوەندیەکی نییه بە کۆمەڵە و سیاستە ناسراوەکانیەوە، کە ئهو ماوەی ٢٣ ساڵە لە مێژو و سوننەتە شۆڕشگێڕانە و پڕله شانازیهكانی دوور كهوتۆهتهوه”. ئێستا بەلەبەرچاوگرتنی کردەوەی ئیبڕاهیم عەلیزادە، کە بە ناوی دەبیری ئەوەڵی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەگەڵ عەبدوڵڵا موهتەدی، شیرین عبادی و سەڵتەنەتخوازان لە کۆنفڕانسی ئۆسلۆدا بەشداریی کردووە، بە هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بۆ ئاڵترناتیڤسازی مەشرووعییەت دەدات و بە ناوی کۆمەڵەوە خۆڵ لە چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری کوردستانی ئێران دەکات، ئایا بەڕاستی حەقی ئەوەمان نییە کە داوای لێ بکەین بە ئیحترامی گیان بەختکردووانی کۆمۆنیستیش کە بووە، لەوە زیاتر بە ناڕەوا، لە ناوی کۆمەڵە کەڵک وەرنەگرێت.
لەو حەقیقەتەدا گومانمان نییە کە ئەو ڕێگایەی ئیبڕاهیم عەلیزادە گرتوویەتە بەر درێژەی ڕێگای هاوڕێیانی گیانبەختکردوو فواد مستەفا سوڵتانی، سەدیق کەمانگەر، جەعفەر شەفیعی و هەزاران گیانبەختکردووی کۆمۆنیست نییە. بەڵکوو درێژەی بێڕاهەی عەبدوڵڵای موهتەدییە. ئیبڕاهیم عەلیزادە لەژێر پۆششی قسە و باسی چەپدا بەکردەوە کەوتووەتە لاڕێیەکەوە کە عەبدوڵڵا موهتەدی لەو سەریەوە دەگەڕێتەوە. ئەگەر ئیبڕاهیم عەلیزادە هێستا حازر نییە لە ڕەفتاری دژەدیموکراتیک و نامرۆڤانەی بەرامبەر بە هاوڕێیانی ئێمە بەتایبەت لە کوردستان کە بە مودیرییەتی ڕاستەوخۆی ناوبراو ئەنجام درا، لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی جناحی و سازماندانی ئینشعاب لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست ڕەخنە لە خۆی بگرێت، ڕیشەی دروست لەو ئاڵوگۆڕەدایە کە بەسەری هاتووە.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم واقعییاتە و بەسەرنجدان بە ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئاستی ئێران و کوردستان و ئەو پەرپرسایەتی و ئەرکە گرینگانەی کە کەوتووەتە ئەستۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک جەریانێکی کۆمۆنیستی، وە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو واقعییەتە کە ئێستا چەند جەریانی جۆراوجۆر لە کوردستان لەژێرناوی کۆمەڵەدا چالاکی دەکەن و میدیاکانی بورژوایی، جەریان یان جەریان گەلێک وەک کۆمەڵە بە بیروڕای گشتی دەناسێنن، کە دەمێکە لە هەموو بنەما فکری و سوننەتە ئینقلابییە پێشڕەوەکانی کۆمەڵە دوور کەوتوونەتەوە و ئەو واقعییەتە لە ئیعبتار و لە پێگەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە وەک جەریانێکی کۆمۆنیستی و داکۆکیکاری لێبڕاوای بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کوردستان زەربەی داوە، یەکێک لە گرینگترین ئەرکەکانی کۆمەڵە لەم قۆناغەدا، ئامادەکاری بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە چارەنووسسازە، پێکهێنانی دەرفەت بۆ پێشڕەوی و پووچەڵ کردنەوەی ئەو مەترسیانەیە کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکات و بەهێزکردنی پێگە و ئیعتباری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێرانە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە