فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیان لەدەستدانی گوماناوی لاوێکی خەڵکی دێهگولان
هەینی ۰۲-۰۸-۱۴۰۴   |  24-10-2025

بەپێی زانیارییەکان، “یاسین سەیف پەناهی” لاوی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی شاری دێهگولان، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەستداوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، یاسین سەیف پەناهی لە رێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بە هۆکاری بەشداری لە ڕێورەسمی ڕێزگرتن لە رەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای سێ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو کەسێکی وەرزشکار و کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام دەستبەسەری و گوشارە ئەمنییەکان، بە تەواوەتی ڕۆحیەی گۆڕیوە و بنەماڵەکەی هەستیان کردووە هەندێک شت هەن کە ئەو باسیان ناکات. شایانی باسە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک پەیوەندی تەلەفۆنی گوماناوی لە کۆمەڵێک ژمارەی نەناسراو بەم هاووڵاتییە کراوە و بە هاورێکانی وتبوو کە دەیهەوێت وڵات بەجێبهێڵێت. تەرمی بێ گیانی یاسین لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و لە لێدوانی سەرەتایی پزیشکی دادوەریدا هۆکاری مردنەکەی بە “خۆکوشتن” ڕاگەیاندرا. بەڵام سەرەڕای ئەم لێدوانە، بنەماڵەکەی ئەمەیان ڕەتکردووەتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دەستگیرکردنی وە هەروەها فشارە ئەمنییەکانی لەسەری، پێیان وایە گیان لەدەستدانەکەی گوماناوی بووە.