کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە بانە
شەممە ۰۳-۰۸-۱۴۰۴   |  25-10-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، شەوی هەینی ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سنووری “سارداو”ی سەر بە شاری بانە، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هەڵگری کۆڵبەران کردووە کە لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، کۆڵبەرێک بە ناوی “ئیبراهیم پیرانزاد” کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی شاهۆ(ناوی خێزانی نادیار) بریندار بووە.
شایانی باسە، ئیبراهیم پیرانزاد تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی “بیلو”ی سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکان دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە. تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی بانە ڕاگوێزراوە بەڵام تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و کۆڵبەری برینداریش بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.