
بە پێی زانیارییەکان، “کاوەیس عەبدوڵڵازاده” خەڵکی مەهاباد لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد، بە ئێعدام محکووم کراوە. هەروەها “سالار بایەزیدی ئازەر”، خەڵکی مەهاباد “هێمن مام قادری، یووسف مام قادری و مەنسوور کەربەلایی”، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و “سالار سەید ڕەحیمی و حەسەن مامیل ئازەر”، خەڵکی میاندواو لە لایەن هەمان دادگاوە، هەرکام بە ۱۰ ساڵ زیندان و سەرجەم بە ۶۰ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.
شایانی باسه، تۆمەتەکانی ئەو هاووڵاتییانە «پێکهێنانی باند و گرووپ بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەت”، “داڕشتنی پلەن بۆ سەرهەڵدانی گشتی” و “هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی» ڕاگەیەندراوە. لە نێوان ئەو تۆمەتبارانەدا کاویس عەبدوڵڵاپوور دوای ئازادکردنی بەدانانی بارمتە، لە ئێران ڕۆیشتووەتە دەرەوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو هاووڵاتییانە لە نیوەی سەرەتای پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوون. هێمن مام قادری و یووسف مام قادری کە لە جاددەی بۆکان-سەقز دەستبەسەر کرابوون، بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی هێزە ئەمنییەکان لە بەشی لاقیدا بریندار کراوە و ئەو برینداربوونە لەسەر ڕەوتی ئاسایی ژیانی ناوبراو کاریگەریی داناوە.