فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیلانی دەوڵەتی پزشکیان بۆ گران کردنی بێنزین، لە سەروبەندی ساڵیادی ئاخێزی خەزەڵوەری ١٣٩٨، بۆ ئاخێزێکی دیکە خۆمان ئامادە بکەین
یەکشەممە ۰۴-۰۸-۱۴۰۴   |  26-10-2025

لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی بەرینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بەدوای چالاک بوونی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئورووپایی و سەپاندنی گەمارۆی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە، ئابووریی ئیفلاسهێناوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵی داڕماندایە. وەها بارودۆخێک کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا داناوە، هێزی کڕینیانی زیاتر لاواز کردووە و چەندین خۆراکی پێویستی ژیانیانی لەسەر سفرەکانیان سڕیوەتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا دەوڵەتی پزشکیان فریوکارانە بەتەمای بردنەسەری ٣٠٠ تا ٥٠٠ لەسەدیی نرخی بێنزینە تا بە خەیاڵی خۆی بەشێک لە “ناتەرازیی ئابووری” پینە بکات. ئەو و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەت بە قسەوباسی ناتەبایان دەیانهەوێ بەستێنی جێبەجێ کردنی ئەم هێرشە بۆسەر بژێوی خەڵک ئامادە بکەن.

ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەر، وێبسایتی “خانەی ئیقتساد” بە بڵاوکردنەوەی وێنەگەلێک لە مسوەبەی هەیئەتی وەزیران لە پەیوەند لەگەڵ بردنەسەری نرخی بێنزین، نووسیی: “بەپێی ئەم پەسندکراوە، دەوڵەت چوارچێوەیەکی نوێی بۆ بردنەسەری نرخی بێنزین و سیاسەتی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی سووتەمەنی ئامادە کردووە کە بریتییە لە چەند سێناریۆ بۆ پێداچوونەوە بەسەر نیزامی نرخی بێنزیندا. وە ئەگەری بردنەسەری قیمەتی بێنزینی یارانەیی لە هەزار و ٥٠٠ تمەنەوە بۆ ٥ هەزار تمەن و نرخی بێنزینی ئازاد لە ٣ هەزار تمەنەوە بۆ ١٠ هەزار تمەن یان سەرتر، خەریکە تاوتوێ دەکرێت”. هەمان ڕۆژ فاتمە موهاجرانی وتەبێژی دەوڵەت ئەم هەواڵەی ڕەت کردەوە و وتی وەها مسەوەبەیەکی نەدیتووە. ئەم مەسەلەیە ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەریش لە مەجلیسی ئیسلامیی ڕژیمدا باسی لێکرا و نوێنەرێکی مەجلیس بە نیگەرانییەوە ڕوو بە بەرپرسانی دەوڵەت وتی: “باسی سێ نرخی بوون و بردنەسەری قیمەتی بێنزین خەریکە جیددی دەبێتەوە، ئەویش هەتا ٥٠٠ لەسەد. مەگەر ئێوە دەتانهەوێ وڵات بشێوێنن؟” دواتر لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەردا، ژمارەیەک لە میدیاکانی ڕژیم باسیان لەوە کرد کە سێناریۆکانی دەوڵەت سەبارەت بە بردنەسەری نرخی بێنزین تا ٥ هەزار تمەن لەحاڵی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندندایە.

لە درێژەی ئەم باسانەدا ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەر فاتمە موهاجرانی بۆ بەلاڕێدابردنی نیگەرانیی خەڵک لەئاست گران بوونی بێنزین، باسی یارانەی نەغدی و کالابەرگی ئێلێکترۆنی و عەداڵەت لە بوارەکانی دەرمان و پەروەردە و مەسکەن و باسی تەرحی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵکی هێنایە گۆڕێ و لەوپەڕی بێشەرمیدا وتی: “هێڵی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٣دا بۆ یەک کەس ٦ ملیۆن و ١٢٨ هەزار تمەن بووە و هۆکارە سەرەکییەکەشی گەمارۆکان بوون کە فشاری ڕاستەوخۆیان خستووەتە ژیانی خەڵک”. ئەم هەڵیت و پڵیت و قسە بێناوەرۆکانەی وتەبێژی دەوڵەت لە کاتێکدایە کە “ئیلنا” ناوەندی هەواڵی کاری ڕژیم پێشتر ڕایگەیاندبوو کە حەقدەستی کرێکاری شارەزا و مامناوەند لەوانە کارمەندان و مامۆستایان و پەرستاران، کە ٩٠%ی مۆزدبگیران پێکدێنن، ١٥ بۆ ١٦ ملیۆن تمەنە، بەڵام هێڵی هەژری بۆ بنەماڵەیەکی مامناوەندی سێ کەسی، نزیک بە ٥٠ ملیۆن تمەنە و لە هیچ قۆناغێکی تەمەنی حکوومەتدا فاسلەی نێوان مۆزد و هێڵی هەژاری تا ئەو ڕادەیە نەبووە”.

سەرەنجام مەسعوود پزشکیان، ڕۆژی پێنجشەممە یەکی خەزەڵوەر لە کۆبوونەوەیەکدا لە ورمێ دانی بەوەدانا کە: “لە ئەسڵی بردنەسەری نرخی بێنزیندا هیچ گومانێک بوونی نییە. بەڵام قەرار نییە بە بڕیارەکانی خۆمان بۆ خەڵک کێشە و گرفتی زیاتر دروست بکەین. ئاواش نییە من دانیشم و بڕیار بدەم و هەر کەسیش قسەی کرد لەسەری دەم، مەگەر دەتوانم وا بکەم؟” پزشکیان لە کاتێکدا کە دەزانێ حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ وەرشکستەیی قووڵی ئابووری بەرەوڕووە، نەفامانە وادەزانێ کە بە بردنەسەری نرخی بێنزین دەتوانێ “کەلێن و کولێنە” ماڵییەکانی دەوڵەت پڕ بکاتەوە و حقووقی کارمەندانی لێ بدات. بەڵام ئاکامی بردنەسەری ٥٠%ی نرخی بێنزین لە ساڵی ٩٨ و خۆپیشاندانەکانی ئەو سەردەمی لەبیرە کە دەستبەجێ بۆ زیاتر لە ١٠٠ شار پەرەی ئەستاند و فەرماندەی عەمەلیاتی بەسیجی کۆماری ئیسلامی بە شەڕی تەواو عەیار ناوی برد و وتی “فەقەت خودا نەجاتی داین”. عەلی خامنەیی جنایەتکار بە شەڕەنگێز پێناسە کردنی ناڕازییان، فەرمانی کوشتاری دەرکرد. ئیبڕاهیم ڕەئیسیی قاتڵ، سەرۆک کۆماری ئەوکات، فەرمانی بە هەموو دادستانەکان دا کە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران، کە ناوی نان “وابەستەگانی نفووزی و دژی ئینقلاب”، لەگەڵ هێزی ئەمنیەتی و نیزامی هاوکاریی تەواو بکەن. لە ئاکامدا زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس لە لاوانی ناڕازی و بێدیفاعیان خەڵتانی خوێن کرد، پتر لە ٨ هەزار کەسیان بریندار و هەزاران کەسی دیکەشیان دەستبەسەر و ژمارەکیشیان ئێعدام کرد.

بێگومان گران کردنی بێنزین بە ڕێژەی ٣٠٠ تا ٥٠٠ لەسەد ئەویش لە بارودۆخی هەژاری و فەلاکەتی ئێستادا، خەزەڵوەرێکی دیکە، بەڵام بە هەزینەی قورسترەوە، بۆ حکوومەتی ئیسلامی بەدیاری دێنێت. چونکە ئێستا کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین پێگەی خۆی لە ناوە و لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دایە و هێستا لەژێر باری ئاکامەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا پشتی ڕاست نەکردووەتەوە. هەژاری، برسیەتی، بێکاری، گرانی و دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕیاڵ، هیچ ڕووناکاییەکی لە ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا نەهێشتووەتەوە و ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی هیچ وڵام و ڕێگاچارەیەکی بۆ ئەم دۆخە نییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەموو پڕۆژە گەورەکانی ناوخۆ و دەرەوەی حکوومەتی ئیسلامی تووشی شکست بووە. بەڵام بەم حاڵەوە هێستا خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران ڕێگای نەجاتی خۆیان لە درێژەی شەڕەنگێزیدا دەبینن. لە وەها هەلومەرجێکدا ڕێبەران و کارگێڕانی ڕژیم کە ئاستی بەرزی ڕق و بێزاریی زۆرینەی خەڵک لە خۆیان دەبینن، یەکجار نیگەرانی گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن.

لە ئاوا بارودۆخێکدا هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، لاوان لە مەحەلات کە هەتا ئێستاش بە خەباتی خۆیان حکوومەتی ئیسلامییان وەتەنگ هێناوە، پێویستە هوشیار بن، ئەمجارە غافڵگیر نەبن و خۆیان بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ وەها هێرشێکی ئاشکرا بۆسەر ژیان و گوزەرانیان ئامادە بکەن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv