
بە پێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا قودرەتوڵڵا جۆیار، هاووڵاتیی تەمەن ۳۳ ساڵی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی شاری تاران، لە لایەن لقی سێی دادگای سەربازیی تاران بە تۆمەتی وەکوو “سووکایەتی بە ڕێبەر” و ” سیخوڕی” سزای ۷ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە “ماددە هۆشبەرەکان و خواردنەوە کحولییەکان” سزای پێنج ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ۱۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، قودرەتوڵڵا جۆیار ئێستا لە دەستبەسەرگەیەکی سەربازی لە ناوچەی حیشمەتییەی تاران ڕاگیراوە. قودرەتوڵڵا جۆیار ڕۆژی هەینی ۳۰ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە تاران، لە لایەن هێزە پەیوەندیدارەکان بە پاراستنی ئیتلاعاتی ناوچەی سەربازیی پارچین دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی گواسترابوویەوە. شایانی باسە، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا تا ئێستا، لە مافە سەرەکییەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.