فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پیلانی بردنەسەری ٣٠٠ تا ٥٠٠ لەسەدی نرخی بێنزین؛ خەزەڵوەرێکی تر مومکینە
دوشەممە ۰۵-۰۸-۱۴۰۴   |  27-10-2025

کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە پێگەیەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و ئەو بنبەستانەی لەگەڵیان بەرەوڕووە بیانشارێتەوە. دەوڵەتی وفاقی پزشکیان، کە بە دروشمی “ئینساف و عەداڵەت” هاتە سەر کار، ئێستا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئیفلاسی دارایی خۆی پەنای بردووە بۆ بردنەسەری نرخی بێنزین. واتە هەر ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی ڕووحانی لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا تاقیی کردەوە. ئەگەر ڕژیمی ئیسلامی ئەو کات خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگای غافڵگیر کرد، بەڵام ئەمجارە هەلومەرجەکە جیاوازە. کۆمەڵگا لە بواری زەینییەوە زۆر هوشیارتر و تووڕەتر لە شەش ساڵ لەوەپێشە. فشاری بژێو، بێکاری، هەژاری و نایەکسانی گەیشتووەتە ئاستێک کە هەر چەخماخەیەک دەتوانێ ئاگرێکی کۆنتڕۆڵ نەکراو داگیرسێنێت.

لە وەها بارودۆخێکدا پیلانی بردنەسەری ٣٠٠ تا ٥٠٠ لەسەدیی قیمەتی بێنزین، نەتەنیا کردەوەیەکی ئابووری، بەڵکوو پڕۆژەیەکە بۆ گواستنەوەی باری قەیرانی نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامی بۆسەر شانی کرێکاران و زەحمەتکێشان. بەڵام ئەم هێرشە ئاشکرایە بۆسەر بژێوی خەڵک لە هەمان کاتدا دەتوانێ دەستپێکی قۆناغێکی تازە لە خەبات و خۆڕاگریی چینایەتی و ئاخێزی جەماوەری بێت. بردنەسەری بەهای سووتەمەنی لە بارودۆخێکدا هاتووەتە گۆڕێ کە ئابووریی ئێران گەیشتووەتە ئاستی داڕمان. پەرەسەندنی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، گەندەڵیی دەسەڵات، ناکارامەیی بەڕێوەبەری و چڕکردنەوەی سەروەت لەناو دەستی کەمینەی دەسەڵاتدار، دەوڵەتی لەگەڵ کەسریی بوودجەی بەرین بەرەوڕوو کردووە. وڵامی دەوڵەتی پزشکیان بەم قەیرانە، هەمان سیاسەتی هەمیشەیی “دزی کردن لە خەڵکە”.

بردنەسەری قیمەتی بێنزین لە ئابوورییەکدا کە هەموو زنجیرەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و خزمەتگوازی پێی وابەستەیە، بەشێوەی ڕاستەوخۆ چوونەسەری لەناکاوی قیمەتی خۆراک، کرێی ماڵ، کرێی گواستنەوە و کاڵا پێویستەکانی لێدەکەوێتەوە. وە ئەوەش لە ئاکامدا هەژاریی زیاتری ملیۆنان بنەماڵە و قووڵبوونەوەی بۆشایی چینایەتی بەدوای خۆیدا دێنێت. بینانووی دەوڵەت، “ناتەرازیی ئێنێرژی” و “عەداڵەت لە دابەشکردنی یارانەکان”ە، بەڵام ئەم بابەتانە تەنیا پۆششێکن بۆ درێژەی هەمان سیاسەتە نێئۆلیبرالییەکانی کۆماری ئیسلامی واتە: بەتایبەت کردن، ڕیازەتی ئابووری و گواستنەوەی باری قەیران بۆ خوارترین توێژەکانی کۆمەڵگا.

دەوڵەتی پزشکیان بە زمانێکی دوولایەنە قسە دەکات. لەلایەکەوە، وتەبێژی دەوڵەت هەواڵی بردنەسەری قیمەت ئینکار دەکات. لەلایەکی دیکەوە، خودی سەرۆک کۆمار لە وتەکانیدا دەڵێ: ” لە ئەسڵی بردنەسەری قیمەتی بێنزیندا هیچ گومانێک نییە”. ئەم ناتەباییە بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو هەوڵێکی هۆشیارانەیە بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگا لە ڕووی دەروونییەوە؛ شێوازێک کە حکوومەت لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٨دا کەڵکی لێ وەرگرت. لە ڕاستیدا ئەم سیاسەتە، واتە “وەدرۆخستنەوە هەتا دوایین سات”، جۆرێک لە مودیرییەتی بیروڕای گشتییە بۆ ڕێگری کردن لە سازماندانی پێشوەختەی ناڕەزایەتی. بەڵام خەڵک ئەمڕۆ هێندەیان ئەزموون بەدەستهێناوە کە ئەم یارییە باش بناسن.

چوونەسەری لەناکاوی قیمەتی بێنزین لە مانگی خەڵوەری ١٣٩٨، لەماوەی چەند سەعاتدا زیاتر لە سەد شاری ئێرانی کردە مەیدانی ناڕەزایەتی. ئەم ئاخێزە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی بزووتنەوەکانی سەردەمی ئێراندا. چونکە بۆ یەکەم جار خەڵکی هەژار و بێبەشکراو لە پەراوێزی شارەکانەوە پێیان نایە ناوەندی سیاسەت و دروشمەکانیان نان و بژێوی تێپەڕاند. بەڵام وڵامی حکوومەت، کوشتن و سەرکوتی دڕندانە بوو. زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەسی کوشت، هەزاران کەسی بریندار و دەستبەسەر کرد و ئینترنێتی سەرتاسەریی قەتع کرد تا دەنگی خەڵک خامۆش بکات. بەڵام بەم حاڵەوە، مانگی خەزەڵوەر وەک ئەزموونێکی بەکۆمەڵ لە بیری چینایەتیی کۆمەڵگادا مایەوە. ئەزموونێک لە تووڕەیی و خەبات و خۆڕاگری لە بەرامبەر سەرکوتی خوێناویدا، ئەزموونێک کە دژایەتیی حکوومەتی بەرامبەر بە هەژارانی کۆمەڵگا گەیاندە ئاستێکی ئاشتیهەڵنەگر. وانەی ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ ئەوەیە کە ناڕەزایەتی بە بێ ڕێکخستنی پێشوو، لە بەرامبەر ماشێنی سەرکوتدا دەوام ناهێنێ. بەڵام هەر ئاخێزێک تۆوی هوشاریی تازە دەچێنێ و دەتوانێ لە قۆناغەکانی دواتردا ببێتە بزووتنەوەیەکی ڕیشەدارتر و ڕادیکاڵتر.

دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئامرازی سیاسیی چینی دەسەڵاتدار بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدارییە. ئەم دەوڵەتە، لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکاندا، نەقشی کارگێڕی چینی بورژوازیی ئێرانی هەیە. لە قۆناغی قەیرانی ئابووریدا، دەوڵەتی بورژوایی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسری بوودجە و لە تاکتیکی سەرکوتی سیاسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، کە سەرچاوەگرتوو لەم سیاسەتەیە، کەڵک وەردەگرێت.

دەوڵەت بە جێبەجێ کردنی ئەم تەرحەی هێرش دەکاتە سەر بژێوی ملیۆنان کەس. بێگومان بردنەسەری قیمەتی بێنزین لە هەر ئاستێکدا بەڕێوەبچێت، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لێدەکەوێتەوە. حکوومەت لە ئەزموونی خەزەڵوەری ٩٨ەوە فێر بووە کە دەبێ بەپارێزەوە بەڕێوەی بەرێت. بەڵام بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ئێستا زۆر ناپایەدارتر. ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چەند قەیرانی هاوکات بەرەوڕوویە. مەترسیی داڕمانی ئابووری، بێمتمانەیی گشتی، گۆشەگیریی ناوچەیی، ناکۆکی و بۆشایی لەناو لەدەسەڵات و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، زیاتر لە هەموو کاتێک فشاری خستووەتە سەر ڕژیمی ئیسلامی. هەر سیاسەتێکی ڕیازەتیی نوێ، دەتوانێ ببێتە چەخماخەیەک و تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی لێبکەوێتەوە.

لەم ڕووەوە، ئەگەری سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەری زۆر واقعییە. بەڵام ئەم ئاخێزە ئەگەر بە بێ سازماندان و ڕێبەری بێت، لەوانەیە دیسان ئەزموونی خەزەڵوەر دووپات بێتەوە. بەڵام ئەگەر ئاوێتەی هوشیاری و یەکڕیزیی چینایەتی بێت دەتوانێ ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە مەسیری ئامادە کردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا. بردنەسەری نرخی بێنزین، تەنیا بڕیارێکی ئابووری نییە. ڕاگەیاندنی شەڕی چینایەتیی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران دژبە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشە. وڵام بەم شەڕە دەبێ نەک کاردانەوەیەکی لەناکاو، بەڵکوو وڵامێکی هوشیارانە و ڕێکخراو و شۆڕشگێڕانە بێت.

هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و ژنان و پیاوانی لاو و ئازادیخواز پێویستە هەر لە ئێستاوە بۆ پێکهێنانی تۆڕەکانی هاوپشتی لە شوێنی کار و گەڕەکەکانی شارەکان بۆ ڕێکخستنی خۆڕاگری و ناڕەزایەتیی جەماوری خۆیان ئامادە بکەن. تەنیا بە ڕێکخستنی ئیرادەی جەماوەر و هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری دەتوانین لە ڕاستای ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداران و ڕانتخۆراندا هەنگاو هەڵگرین و ئاسۆی ڕزگاری لە چەرخەی هەژاری و نابەرابەری و سەرکوت بەڕووی کۆمەڵگادا بکەینەوە. لەم مەسیرەدا، دەبێ لە ئەزموونەکانی پێشوو فێربین، بەڵام نابێ ئەسیری ڕابردوو بین. بێگومان خەزەڵوەرێکی تر مومکینە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv