فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سێشەممە ۰۶-۰۸-۱۴۰۴   |  28-10-2025

پلێنۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٤ ڕۆژی شەممە ٣ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ بە بەشداریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو. لەم پلێنۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش وەک چاوەدێر بەشداربوون. پلێنۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی بە کار کرد و بەدوایدا دەستووری جەلەسەکانی پلێنۆم کە بریتی بوون لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلێنۆم، ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتە و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان و ئارایش و تەقسیمی کاری ناو کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، بەڕێوەچوون.

ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ئیجرایی بە پلینۆم کە پێشتر بە نووسراوە لە بەیاننامەیەکدا لەژێرناوی “بنبەستەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەستێنی ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییەکان” پێشکەشی هاوڕێیان کرابوو، لە پلینۆمدا تاوتوێ کرا. دواجار کۆلییاتەکەی پەسند کرا و پێداهاتنەوە و تەکمیل کردنی بەسەرنجدان بە باسەکانی پلێنۆم بۆ بڵاوکردنەوە، بە کۆمیتەی ئیجرایی هەڵبژێردراوی پلێنۆم سپێردرا. 

بەیاننامەکە لە بەشی جیهانی و ناوچەییدا، لێکهەڵوەشانی نەزمی جیهانیی شکڵ گرتوو لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە ڕێبەری ئەمریکا و ناوەندە نێونەتەوەییەکان کە ئەم نەزمە بەڕێوەدەبەن، وە هەروەها تێکەوتنی جیهان لە دەورانی گوزاری داوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. قۆناغێک کە تێیدا دەسەڵاتەکانی وەک چین، ئەمریکا، ڕووسیە، هێند، ئۆرووپا و ئەکتەرە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا لە حاڵی کێبەرکێ دان. ئەم دەسەڵاتانە بەو بلۆکبەندییانەی کە بۆ دەورونەقش نواندنی زیاتر لە پێناسەکردنەوەی نەزمی جیهانیدا پێکیان هێناوە، درێژە بە ڕقابەت دەدەن و هێستا هاوسەنگیی هێز و سنوورەکانی نفووزی ئەم دەسەڵات و بلۆکبەندییانە سەقامگیر نەبووە و لەئاکامدا شایەدی هەرج و مەرجی ناوچەیی، شەڕی نیابەتی، ڕەقابەتی بلۆکەکان و قەیرانی مەشرووعییەتی ناوەندە نێونەتەوەییەکانین. لەم بارودۆخەدا مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و بزووتنەوەی جەماوەری لەدژی هەژاری و نایەکسانی و هێرشی دەوڵەتەکان بۆسەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران، لەدژی هێرش بۆسەر ئازادیی سیاسی و کوشتار و جینۆساید و لەناوبردنی ژینگە، لە سەرتاسەری جیهان درێژەی دەبێت.

لەم بارودۆخە ئاڵۆز و شڵەژاوەی ناوچەکەدا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەستێنی قەیرانی چەند لایەنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەو بنبەستانەی تێیاندا گرفتار بووە، لەلایەکەوە کەوتووەتە ژێر فشاری ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و لەلایەکی دیکەوە لەژێر فشاری ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپاییدایە بۆ تەسلیمبوونی بێ شەرت و مەرج. لەم بارودۆخەدا سەرانی ڕژیم لە هەمان کاتدا کە بەشوێن ڕێگایەکەوەن بۆ سازش کردن لەگەڵ ئەمریکا، ڕوو بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئێران چەکیان لە ڕووەوە بەستووە و مانەوەی خۆیان لە گرەوی پەرەپێدانی سەرکوتدا دەبینن. بەڵام سەرەڕای پەرەپێدانی فەزای سەرکوت، نەتەنیا کۆمەڵگای ئێران چاوترسێن نەبووە، بەڵکوو ئەوە ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییانەن کە کاریگەرییان خستووەتە سەر کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەناو زیندانەکاندا ئاڵای هەڵمەتی نا بۆ ئێعدامیان بەرز کردووەتەوە و بەندکراوانی قزڵحەسار بە مانگرتن لە خواردنی خۆیان لەدژی قەتڵە حکوومەتییەکان، خاڵێکی وەرچەرخانیان لە خەبات دژبە سزای ئێعدام تۆمار کرد.

لە بارودۆخی هەستیاری ئێستادا، پلێنۆم بۆ جارێکی تر لەسەر گرینگیی ستراتێژی ڕێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری، هەوڵ بۆ پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەریی بە ئاسۆی سۆسیالیستی و یەکگرتووییی ستراتێژیکی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و … تەئکیدی کرد. پلێنۆم هەروەها لەسەر گرینگی هەوڵ بۆ بەهێزکردن و گەشەی چالاکیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئاستی سەرتاسەری و لە کوردستان پێداگریی کرد و لەسەر ئەولەوییەتەکانی دیکە لەوانە “خەباتی چالاکانەتر بۆ تێکشکاندنی سەرکوتی ڕژیم” و “پووچەڵ کردنەوەی سات و سەودای ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و ئەحزابی ناسیۆنالیستی” بۆ ئاڵترناتیڤسازی لەسەرەوەی خەڵک و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تەئکیدی کرد.

لە بەشی ڕاپۆرتە تەشکیلاتییەکاندا، ڕاپۆرتەکانی کۆمیتەی تەشکیلاتی شارەکان، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب، شۆرای تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، کۆمیتەی ئیدارەی سایتەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی حیزب، هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، گۆڤاری جهان امروز، کۆمیتەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، کۆمیسیۆنی ماڵی، کۆمیسیۆنی ئامووزش و کۆمیتەی ئیجرایی حیزب پێشکەش کران و درانە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە درێژەدا ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی حیزبی تەقویەت کرد و دووبارە سازمانی دانەوە.

پلێنۆم لە بەشی کۆتایی کاری خۆیدا بە مەبەستی هیدایەتی چالاکیی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزب لە ماوەی دوو پلێنۆمدا، لە ناو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب ٩ کەس لە هاوڕێیان: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕەئوف پەرستار، نوسرەت تەیمورزادە، شەمسی خورەمی، ناسر زەمانی، ئارام فەرەجوڵڵاهی، حەسەن شەمسی، ئەحمەد عەزیزپوور و سەلاح مازووجیی وەک ئەندامانی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب هەڵبژارد.

کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ی زایینی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv