فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نەوەد و دووهەمین حەفتەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە ٥٤ زیندان؛ زیندانەکانی برووجێرد و ئیلامیش بەم کەمپەینە پەیوەست بوون
پێنجشەممە ۰۸-۰۸-۱۴۰۴   |  30-10-2025

سزای ئێعدام بەدەر لەوەیکە لە چ شوێنێک و بەدەست چ ڕژیمێک بەکردەوە دەردێت، قەتڵی دەوڵەتی و تاوانێکی ڕێکخراوە. سەرانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئەم جەنایەتە لەژێرناوی دیفاع لە ئەمنیەتی گشتی، ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان، بەڕێوەدەبەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی هەموو وڵاتانی جیهان نیشانی داوە کە بەڕێوەبردنی ئەم سزایە نەتەنیا کاریگەریی بەرپێگرانەی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی ڕێز و حورمەتی ئینسانەکان. بێگومان نیزامێک کە ئامرازی دیفاعەکەی جەلاد بێت، حورمەتێک بۆ مرۆڤ دانانێت و نابوودیی نەیارانی بە بابەتێکی ئاسایی دەزانێت و بە دیفاع لە حورمەت و ماف و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی لەقەڵەم دەدات.

زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامی نەیارانی سیاسی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە هەتا ئێستا یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە جنایەتکارە بووە. بەڵام ئەمڕۆ لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی مەرگ دەست و پەنجە نەرم دەکات، زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بووەتە ڕەمزی مانەوەی ئەم ڕژیمە. تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاساییش ئێعدام دەکات، ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و ترساندنی نەیارانی سیاسییە. بەڵام سەرەڕای هەموو بێبەزەیەتی و وەحشیگەرییەک کە ڕژیم دەینوێنێت، شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت، کۆمەڵگەی چاوترسێن نەکردووە و خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات. ژنان و پیاوانی بەندکراوی سیاسی بە ڕێکخستنی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە پشت ملیەکانی زیندان دەمێکە ئاڵای خەباتیان لەدژی سزای ئێعدام بەرز کردووەتەوە. مانگرتن لە خواردنی زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس لە قزڵحەسار لەدژی سزای ئێعدام و پشتوانی کردنی بەندکراوانی دیکە و بنەماڵەکانیان لەم مانگرتنە، خاڵێکی وەرچەرخان لە بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام بوو.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام کە لە ٥٤ زیندانی ئێراندا بەردەوامە، لە نەوەد و دووهەمین حەفتەدا، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ لەسەر درێژەی کەمپەین و خەباتی لێبڕاوانە هەتا هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام تەئکیدی کردووە. لە دەقی کامڵی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە:

لە کاتێکدا حەفتەی نەوەد و دووهەمی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام تێدەپەڕێنین کە حکوومەتی سەرکوتگەر و ئێعدام، لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤دا، ٢٨٣ ئێعدامی لە کارنامەی نگریسی خۆیدا تۆمار کردووە. بەجۆرێک کە مانگی ڕەزبەر خوێناویترین مانگ لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بووە. ئەو مانگەی کە تێیدا ٧ بەندکراوی سیاسی و ٧ ژن و دوو منداڵی تۆمەتبار لە سێدارە دراون.

لە سێشەممەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا ئێعدامی ٥٩ کەس لەوانە ٢ ژن تۆمار کراوە. ئەم شەپۆلە لە ئێعدام هاوکاتە لەگەڵ دەرکردن و پەسندکردنی ئەحکامی تازە لەدژی زیندانیانی سیاسی، لەوانە کاووس عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد، وە زارا تەبەری لە زیندانی لاکانی ڕەشت، وە هەروەها پەسندکردنی دووبارەی ئەحکامی ئێعدامی مەنووچێهر فەلاح و ئێحسان فەریدی لەلایەن دیوانی باڵاوە.

حەفتەی ڕابردوو، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین و هێزە ئەمنیەتییەکان هەوڵیان دا ئێحسان ئەفرشته بۆ جێبەجێ کردنی حوکم لە زیندانی ئێڤین بەرنە دەر، بەڵام بەرەوڕووی موقاومەت و خۆڕاگریی بەندکراوان بوونەوە و هەموو ساتێک ئەگەری ئەوە هەیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم حوکمە ئینتقالی بدەن.

ئەم ئەحکامە دڕندانەیە هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ پێکهێنانی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگا و بۆ خامۆش کردنی دەنگی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێرانە. ئەم حکوومەتە دیکتاتۆرە کە زیاتر لە ٤٦ ساڵە بە گەندەڵی و تاڵانکردنی سەرمایەی خەڵکی ستەملێکراو، کە هەروا درێژەی هەیە، خەڵک و وڵاتی بەرەو مەرگ و وێرانی بردووە و بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی بەردەوام ئامرازی ئێعدام بەکار دێنێت.

بەڵام لە بەرامبەر ئەم ماشێنی مەرگ و تۆقاندنەدا، خەڵک ڕاوەستاون. زیندانەکانی برووجێرد و ئیلامیش بەو کۆمەڵە زیندانە پەیوەست بوون کە لەناو دڵی تاریکیدا، بڵێسەی خەبات و ئیعترازیان زیندوو ڕاگرتووە. وە بە پەیوەست بوون بە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام دەنگی بەرخۆدان و خۆڕاگری لە پشت دیوارە بەرزەکانی زیندانەوە بە گوێی هەموو جیهان دەگەیەنن. بنەماڵەی جەرگسووتاو و بوێری بەندکراوانی مەحکووم بە ئێعدامیش ئەم حەفتەیە بە حزووریان لە بەرامبەر مەجلیس و بە وتنەوەی دروشمی “نا بۆ ئێعدام” نیشانیاندا کە هیچ هێزێک ناتوانێ بڵێسەی عەشق بە ئازادی و مافی ژیان لەم وڵاتەدا خامۆش بکات.

ئێمە ئەندامانی ئەم کەمپەینە بۆ جاریکی تر ڕایدەگەیەنین:

ئێعدام، ئامرازێکی جنایەتکارانەیە بۆ مانەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان.

هیچ پاساوێکی مەزهەبی یان سیاسی ناتوانێ ڕەوایی و مەشرووعییەت بدات بە زەوت کردنی مافی ژیان لە ئینسان. هەر ئێعدامێک برینێکی تازەیە لەسەر جەستەی کۆمەڵگا و نیشانەی شکستی یاسا، کەرامەتی ئینسانی و دادپەروەرییە.

ئێمە خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام، هەڵوەشاندنەوەی هەموو حوکمە دەرکراوەکان و خوازیاری دەستڕاگەیشتنی بێ شەرت و مەرجی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی بە زیندانەکان و بەندکراوان لە ئێرانین.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ لە پەنجا و چوار زیندان مانگرتن لە خواردنیان بەڕێوەبرد.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام

سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv