فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی
پێنجشەممە ۰۸-۰۸-۱۴۰۴   |  30-10-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمیر رەئیسیان پارێزەری شەریفە محەمەدی، چالاکی کرێکاری و زیندانی سیاسی لە لاپەڕەی خۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس ڕایگەیاندووە کە بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای قەزایی، حوکمی ئێعدامی شەریفە محەمەدی چالاکی کرێکاری بە یەک دەرەجە کەمکردنەوە بۆ بەندکرانی دەرەجە یەک (٣٠ ساڵ) کەم کراوەتەوە.
رەئیسیان لەمبارەوە نوسیویەتی، خۆشبەختانە لە ئێستادا مەترسی ڕوودانی کارەسات لە ئارادا نیە، بەڵام لە ڕێگای داوای دووبارە دادگایی کردنەوە یان سەپاندنی مادەی ٤٧٧ بەدواداچوون دەکەم تاوەکوو مەحکومیەتی ئەو هەڵبوەشێتەوە و تۆمەتی بەغی لە سەر نەمێنێت. جێگای ئاماژەیە، حوکمی ئێعدامی شەریفە محەمەدی پێشتر لە لایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە. ئەمە لە کاتێکدابوو کە هەر ئەم لقە پێشتر بە هۆی کەموکۆڕیەکان، سزاکەی هەڵوەشێدرابوویەوە.
شەریفە محەمەدی لە رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. ناوبراو سەرەتا بۆ زیندانی لاکانی رەشت و دواتر لە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و دوای ماوەیەک دووبارە بۆ زیندانی ڕەشت ڕاگوێزرابوو. پێویستە بوترێ کە شەریفە محەممەدی لە مانگی جۆزەردانی١٤٠٤ لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ڕەشت بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، “کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن دادگایی کرابوو. شەریفە محەممەدی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی یارمەتیدان بە دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە.