
لە ٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ەوە، زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی مەدەنی لەوانە ٤٦٠ کەس لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی ئەلسعوود لە شاری ئەلفاشر، لە دڵی ویلایەتی دارفۆری باکوور لە سوودان، لەلایەن هێزەکانی ناسراو بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) کۆمەڵکوژ کراون. تەرمی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا بەجێماون و ئەو پەنابەرانەی کە بەرەو بیابان هەڵاتوون لە بێدەنگی ژورنالیزمی بەکرێگیراودا گیان لەدەست دەدەن. تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دەیان کەسی دیکە لە ویلایەتی کۆردۆفانی باکوور تیرباران کران. مارتا ئاما ئاکیا پۆبی، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفریقا لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو سەبارەت بە لەسێدارەدانی مەیدانی، کوشتنی بەکۆمەڵ و گەڕانی ماڵ بە ماڵ لە دژی خەڵکی مەدەنی بەردەستە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: “کەس لە ئەلفاشر لە ئەماندا نییە. هیچ ڕێگایەکی ئەمن بۆ هەڵاتنی خەڵک بوونی نییە”. هەروەها تام فلێچەر، ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخەکەی بە ترسناک و بانتر لە تەسەور وەسف کرد و وتی: ” ژنان و کچان دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و خەڵک بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن و دەبڕدرێن.”
بەڵام ئەم خوێنڕشتنە نوێترین کارەساتە کە ڕیشەی لە دەیان ساڵ هەژموونی چینایەتی و نیوکۆلۆنیالیزم و کێبڕکێی زلهێزە ئیمپریالیستەکاندایە. مێژووی هاوچەرخی سوودان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی کۆلۆنیالیزمی بریتانیا و دەستێوەردانی حکوومەتی میسر دەرک ناکرێت. داگیرکەران لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە سنوورە دەستکردەکانیان کێشا و نەتەوە و گرووپە جۆراوجۆرەکانیان خستە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەرتەسک و لاوازەوە. ئابووری وڵات بە هەناردەکردنی تاکە بەرهەمی پەنبە بۆ بازاڕە ئیمپراتۆرییەکان وابەستە کرا. پێکهاتەیەک کە دوای سەربەخۆییش هەر وەک خۆی ماوەیە. دەوڵەتانی دوای سەربەخۆیی، لەبری گەشەپێدانی ناوخۆیی، لەسەر بنەمای مۆدێلی سەرمایەداریی ڕانتی و چڕکردنەوەی سەروەت لە دەستی کەمینەیەکی سەربازی-بوروکراتیکدا بەرهەم هێنرانەوە. دارفور و کۆردۆفان و ناوچەکانی باشوور بەرەو هەژاری و برسێتی بردران، بەڵام خارتوم و بەندەری سوودان وەک ناوەندی دابەشکردنی ڕانتی نەوت و بازرگانی مانەوە. لە کودەتاکەی عەبودەوە تا دیکتاتۆری نەمیری و پاشان عومەر بەشیر، هەمیشە پێکهاتەی سیاسی سوودان ڕەنگدانەوەی پەیوەندی ئەرتەش، ڕووحانییەت و بۆرژوازیی کۆمپرادۆر بووە. حکوومەتەکان بە پشتبەستن بە هاوکاریی دەرەکی و پشتیوانی سیاسی لە لایەن ڕۆژاواوە، بزووتنەوەکانی کرێکاران و جووتیارانیان سەرکوت کرد. لە دەیەی ١٩٨٠دا، سیاسەتەکانی “چاکسازیی پێکهاتەیی” سندووقی نێونەتەوەیی پارە، کشتوکاڵی سوننەتی و بەرهەمهێنانی مەحەلیی نابوود کرد و ملیۆنان کەسی بەرەو زاغەنشینی برد. ئەرتەش بوو بە هێزی سەرەکیی پاراستنی نیزامی چینایەتی. نەزمێک کە تێیدا جەماوەر بەتوندی دەچەوسانەوە و چینی دەسەڵاتدار دەڵاڵی نێوان سەرمایەی دەرەکی و سەرچاوە ناوخۆییەکان بوو.
ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ٢٠١٩ لەدژی دیکتاتۆری بەشیر ساتێک بوو کە کرێکاران و ژنان و گەنجان بۆ یەکەمجار لە دوای دەیان ساڵ هاتنە گۆڕەپانی خەباتەوە. شۆراکان، ناوەندەکانی خەڵک و کۆمیتەکانی خۆڕاگری لە گەڕەکەکان، شێوازێکی سەرەتاییان لە دەسەڵاتی شۆرایی و بەدیلی کرێکاری نیشان دا. بەڵام نەبوونی حیزبی شۆڕشگێڕی کرێکاران و هەژموونی هێزە میانڕەوەکان ڕێگەی بە ئەرتەشدا دووبارە دەستپێشخەری بکاتەوە.
هاوپەیمانییەک لەلایەن “ئەرتەشی سوودان” و “هێزەکانی پشیتوانی خێرا”، بە پشتیوانیی دەوڵەتانی ڕۆژاوا و بە پشتیوانیی دارایی دەسەڵاتەکانی ناوچەکە وەک عەرەبستان و ئیمارات، کۆنتڕۆڵی سیاسییان گرتە دەست و بەکردەوە ڕاپەڕینی جەماوەریان زەوت کرد. لە ئاوریلی ٢٠٢٣دا، ناتەبایی باندەکانی دەسەڵات ئاشکرا بوو. دوو باڵی نیزامیی ئەرتەش و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە ساڵەها لە دابەش کردنی ڕانت و سەرکوتی خەڵکدا هاودەست بوون، ئەمجارە لەسەر کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکانی نەوت، زێڕ و بەندەرەکان دەستیان کرد بە شەڕ. ئەم شەڕە نەک دژایەتییەکی قەومی یان مەزهەبی، بەڵکوو شێوازێک لە شەڕی نێوان باندەکانی سەرمایەداری نیزامییە. قوربانییەکانیشی هەر ئەو خەڵکەن کە لە ئاخێزی جەماوەریی ٢٠١٩دا دروشمی ئازادی، ئاشتی و دادپەروەرییان دەکوتنەوە. لەئێستادا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی مەدەنی کوژراون و ١٢ ملیۆن کەس ئاوارە بوون. لە دارفۆر لەژێر سێبەری بێدەنگی و هاودەستیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکان، کە سوودان تەنیا وەک مەیدانی کێبەرکێی ژئوپۆلیتیک دەبینن، دیمەنەکانی جینۆساید بۆ جارێکی تر دووپات دەبنەوە. ڕۆڵی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە قەیرانی ئێستادا بەرچاوە و ئیتر حاشای لێناکرێ. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی وەک ECFR و سکای نیووز، ئیمارات بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە تجارییەکان و ڕێگەی ئاسمانی نێوان ئەبووزەبی، چاد و دارفۆر، لە دابین کردنی چەک، سووتەمەنی و سەرچاوەی دارایی بۆ RSF یارمەتیدەر بووە. زێڕی بەرهەمهاتووی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی بازاڕەکانی دوبەی دەکرێن. واتە ئەو جێیەی کە بووەتە سەرچاوەی داهاتی گەورە بۆ شەڕ. سوودان زۆر جار لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا، لەوانە لە سکاڵایەکی فەرمیدا لە دادگای نێودەوڵەتیی داد، ئیماراتی تۆمەتبار کردووە بە دابینکردنی چەک و بەکارهێنانی بەکرێگیراوانی بیانی بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لەژێر پۆششی ئەم پشتوانییە لۆجستییەدا، جنایاتی ترسناکیان ئەنجام داوە. بۆ نموونە: ئێعدامی بەکۆمەڵ لە گەڕەکەکانی ئەلفاشر، ئەشکەنجەی بەندکراوان، دەستدرێژی و کوشتنی ژنان و منداڵان، و سووتاندنی پەناگای کەسانی مەدەنی. نەخۆشخانەکان ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج و تەنانەت پزشک و پەرستارەکانیش بوونەتە قوربانی. ئەم تاوانانە تەنها بە پشتبەستن بەو چەک و تۆڕە داراییە مومکینە کە لە خاکی ئیماراتەوە ڕەوانە دەکرێت. ئیمارات بە ڕواڵەت، بە زمانی دیپلۆماسی باس لە “سەقامگیریی ناوچەیی” دەکات. بەڵام بەکردەوە، یەکێک لە گەورەترین ئەکتەرەکانی سەرمایەداریی ڕانتی لە قاڕەی ئەفریقایە. پشتیوانی ئیمارات لە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، درێژەی هەمان لۆژیکی سەرمایەیە واتە: گۆڕینی شەڕ بۆ ئامرازی کەڵەکە کردنی سەرمایە لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی زێڕ، زەوی و بەندەرە ستراتێژیکەکان.
لە پشت ئەم کوشتارەوە، ڕقابەتی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان دیار و ئاشکرایە. ئەمریکا، ڕووسیە، چین و ئیمارات هەر کامیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بەندەری سوودان، هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و سەرچاوەی زێڕ هەوڵ دەدەن. هێزەکانی پشتیوانی خێرا پەیوەندی لەگەڵ ئیمارات و کۆمپانیا ئەمنییەکانی ڕووسیەدا هەیە، بەڵام ئەرتەشی فەرمی هاوکاری میسر و ڕۆژئاوا دەکات. بەم شێوەیە، سوودان بووەتە تاقیگەیەک بۆ پێکهێنانی شێوازێکی نوێ لە کۆلۆنیالیزمی ناڕاستەوخۆ. جێیەک کە دەسەڵاتداران بە پشت بەستن بە سەرمایەی دەرەکی، خەڵکی خۆیان دەکەنە قوربانی تا نەزمی جیهانیی سەرمایە بپارێزن.
قەیرانی سوودان تەنیا شەڕی دەسەڵاتی ناوخۆیی نییە. بەڵکوو ڕەنگدانەوەی کێبەرکێی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری لەئاستی جیهانیدایە. هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، بە پشتیوانیی دارایی و نیزامیی ئیمارات، لە ڕاستیدا باسکی چەکداری بورژوازیی جیهانی لە ئەفریقان. تاوان لەدژی ژنان، منداڵان و کرێکارانی سوودانی بەرهەمی ڕاستەوخۆی لۆژیکی قازانجە. لە نێزامێکدا کە ئینسان بووەتە کاڵایەکی مەسرەفی، توندوتیژی نەشیاو نییە بەڵکوو مەرجی خۆپاراستن و بەقایە. ئەوەی لە ئەلفاشر لەئارادایە، نەک هەر کارەساتێکی مرۆیی بەڵکوو بەڵگەیەکی مێژووییە بۆ سەلماندنی سرووشتی خوێنڕێژی نیزامی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی جیهانی. ئیمارات بە سەرمایە و چەک، ئیمپریالیزم بە بێدەنگی و بەرژوەندی ژئۆپۆلیتیک، هەر دووکیان لە وەڕێخستنی ئەم حەمامە خوێنەدا هاوبەش و هاودەستن.
لە بەرامبەر ئەم کارەساتە ئینسانییانە، لە بەرامبەر شەڕ و کوشتن و ئاوارەییدا، بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمۆنیستەکان و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان لە سەرتاسەری جیهان پێویستە بە هەر شێوەیەک کە دەتوان پشتیوانیی خۆیان لە کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی سوودان ڕاگەیەنن و دەستوەردانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان و دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە مەحکووم بکەن. شکڵ گرتنی بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ناوەندە جەماوەرییەکان بگۆڕێت و هیوا بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە بەهێز بکات.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە