
لـەدوای شکستی سیاسەتە ستراتیژییەکانی حکومەتی ئیسلامی و قووڵبوونەوەی قەیرانی مەشرووعییەتی سیاسی و ئەو قەیرانە هەمەلایەنانەی کـە حکومەتی ئیسلامییان خستۆتە چنگی خۆیانەوە، ناکۆکی و ململانێی نێوان کەسایەتییە دیارەکانی باڵەکانی نێو ڕژێمی ئیسلامی لە هەفتەکانی ڕابردوودا، بەمەبەستی خۆبێبەریکردن لە سیاسەتە سەرەکییەکان، پەرەی سەندووە و هێرش و ئاشکراکاریی بێوێنەیان لە دژی یەکتر دەست پێکردووە. ئەوان بە دەربڕینی نیگەرانی لە چارەنووسی مەترسیداری حکومەتی ئیسلامی، سەرکردەکانی سپای پاسداران، خودی خامنەیی و کەسایەتی و دەستوپێوەندەکانی باڵە توندڕەو و بناژۆخوازەکانی سەر بە ئەویان بە تاوانباری سەرەکیی ئەم دۆخە قەیراناوییە داناوە کە کۆماری ئیسلامیی خستۆتە لێواری هەڵدێرەوە. ڕێفۆرمخوازانی حکومەت، بناژۆخوازە توندڕەوەکانی دەوری خامنەییان بە تاوانبار و هۆکاری توندبوونەوەی قەیرانە قووڵ و ڕیشەییەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و دزی و گەندەڵیی دارایی و دۆخی نالەباری وڵات دەناسێنن. ئەوان هەروەها گۆشەگیریی ناوچەیی و نێونەتەوەیی حکومەتی ئیسلامی بە ئەنجامی جێبەجێکردنی سیاسەتە ستراتیژییەکانی حکومەتی ئیسلامی و خودی خامنەیی و سپای پاسداران دەزانن. شتێک کە ساڵانی پێشوو و تا ئێستا جورئەتی دەربڕینیان نەبووە. چونـکە تێچووی گرتنەبەری هەڵوێستی لەو جۆرەیان لەسەر نموونەی بەنی سەدر، موسەوی، کەڕوبی، ڕەفسەنجانی و ئەوانی تر بینیبوو.
بەڵام ئێستا لەگەڵ لاوازبوونی پێگەی حکومەتی ئیسلامی، کەسانێکی وەک محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری ڕێفۆرمخوازی پێشوو کە تا ئێستا سەری لە لاکی خۆیدا بوو، و هەروەها کەسانی وەک مەهدی کەروبی، حەسەن ڕۆحانی، جەواد زەریف، بنەماڵەی ڕەفسەنجانی و مۆرە و کاربەدەستانی سەر بە باڵی ڕێفۆرمخواز، گرووپەکانی سازندگی، میانڕەوە سەوز و بنەوشەکان و تەنانەت بەشێک لە ئوسوولگەرا میانڕەوەکانیش، دەستیان کردووە بە ڕەخنەگرتن و هێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەر خامنەیی و فەرماندەکانی سپا و ئەرتەش. ئەوان لە تەبلیغاتیان دژی باڵی ڕکابەر، دەخاڵەتی نیزامییەکان لە کاروباری ئابووری و گرتنەدەستی پۆستە باڵاکانی حکومەت؛ دروستکردنی گرژی و دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان و پشت بەستن بە ڕووسیەیان کردووەتە بەشێک لە تەوەرەکانی پڕوپاگەندەی خۆیان دژی خامنەیی و باڵی بناژۆخوازی توندڕەو.
ئازەر مەنسووری، سەرۆکی بەرەی چاکسازی، ڕۆژی پێنجی خەزەڵوەر بە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی پزیشکیان وتی: “دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر وەزارەتی دەرەوە و بواری سیاسەتی دەرەکیدا نییە. هەڵوێستەکانی ئێستای وەزیری دەرەوە لە ناکۆکییەکی ئاشکرادایە لەگەڵ لێدوانەکانی سەرۆک کۆمار و سیاسەتی دەرەوەی حکومەت هەروا لەسەر ڕێڕەوی دوژمنایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا بەردەوامە؛ سیاسەتێک کە شکستیخواردووە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە جگە لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی ئیسلامی و فشاری ئابووریی زیاتر بۆ خەڵک.” ناوبراو وتیشی: “دەسەڵاتی دەوڵەتی پزیشکیان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە، بە جۆرێک کە تەنانەت توانای لابردنی فیلتەرینگیشی نییە. کۆماری ئیسلامی لە بواری ئازادیی ئینتەرنێتدا یەکێک لە خراپترین پلەکانی لە جیهاندا هەیە”. هەڵبەت، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەوڵەتی پزیشکیان، وەک دەوڵەتانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، هیچ کاتێک خاوەنی دەسەڵات و هەژموون نەبووە لە سیاسەتە گشتییەکانی ڕژێمدا. ئەم ڕەخنانەی سەرۆکی بەرەی چاکسازی لە پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ئەم بەرەیە لەوپەڕی داماویدا پشتیوانی لە کاندیدبوونی پزیشکیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا کرد.
لە لایەکی ترەوە، محەممەد خاتەمی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە یەزد ئامۆژگاریی مەسعوود پزیشکیانی کرد و وتی، حکومەت دەبێت دەسەڵاتی هەبێت، هەر وڵاتێک دەبێت یەک دەوڵەت و یەک ئابووریی هەبێت. ئەو لە کاتێکدا ئاوا ئامۆژگارییەکی پزیشکیان دەکات، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا، خۆی بە “تدارکاتچی” (کاربەڕێکەر) ناودەبرد کە خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نییە. خاتەمی وتی: “تورکیا یەک دڵۆپ نەوتیشی نییە، بەڵام بە داهاتی گەشتیاری زۆر لە ئێمە لەپێشترە.” ئەو لەم بارەیەوەش بە شێوەیەکی چەواشەکارانە جەختی لەسەر سنووردارکردن و نەبوونی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئەو یاسا و ڕێسایانەی حکومەتی ئیسلامی کردەوە کە کاریگەرییان لەسەر پیشەسازیی گەشتیاریش داناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خاتەمی باش دەزانێت، بەو مێژوو و سیاسەتەی تیرۆر و بارمتەگرتن کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە ناوخۆ و دەرەوە هەیبووە، کێ ئامادە دەبێت بۆ بینینی ئەوەی کە بە وتەی ئەو “مێژووی دێرین و میراتی کولتووریی وڵاتەکەیەتی”، گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە و وەک گەشتیار سەردانی ئێران بکات.
لەم بارودۆخەدا، حەسەن ڕۆحانیش، کە خۆی یەکێک لە مۆرە ئەمنییەکانی دامودەزگای حکومەتی ئیسلامی بووە، لە چوارچێوەی هێرشکردنە سەر نوێنەرانی مەجلیسدا، ڕەخنەی لە ڕێبەریی حکومەتی ئیسلامی گرت و وتی: “مەگەر مەجلیس چەند لەسەدی خەڵکی ئێران پێکدەهێنێت؟ مەگەر چەند دەنگیان هەیە؟ یاسادانانی مەجلیس لە دژی خەڵک، هەڵەیە”. ئەو بە وتنی ئەوەی کە “لە کوێی دنیادا ئابووری و سیاسەت لە دەستی نیزامییەکاندایە” ڕایگەیاند، کە دەبێت نیزامییەکان بگەڕێنەوە بۆ سەربازگەکان و کارەکان بە دەوڵەت بسپێرن. ئەم قسانەی ڕۆحانی، نوێنەرانی مەجلیس و سپای پاسدارانی تووڕە کرد، بە شێوەیەک کە وتەکانیان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و بەشێک لە سیناریۆی مۆساد بۆ لاوازکردنی ڕژێم دانا، و داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کرد کە لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچییەکانی ڕۆحانیدا بکات. هەندێکی دیکەش بە کینایەوە، هەڕەشەی چارەنووسی ڕەفسەنجانییان لە ئیستەخرەکەدا لێکرد. لەم بارەیەوە، فائیزە هاشمی لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕاشکاوییەکی زیاتر لە جاران، مردنی باوکی بە تیرۆر لە قەڵەم دا و وتی: “ئەو کەسانە باوکمیان کوشت کە وەک بەربەست و کۆسپێک لەسەر ڕێگەی خۆیان دەیانبینی. دەبوو ئەو نەمێنێت تا ئەوان بتوانن هەر کارێک بیانەوێت بیکەن و وڵاتیان بەم ڕۆژە گەیاند. باوکم لە پێگەیەکدا نەبوو کە بتوانن زیندانیی بکەن، بۆیە دەبوو لەناوببرێت”.
مەترسیی پەرەسەندنی لەقاودان و ئاشکراکارییەکان لەنێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا، کە عەلی خامنەییش دەگرێتەوە، دەرفەتێکی بۆ ڕەخساند کە بە شێوەیەکی چەواشەکارانە خۆی بخاتە قاڵبی ئاشتکەرەوە و جەخت لەسەر پێویستیی یەکگرتنی هەموو باڵەکان بکاتەوە لە بەرامبەر دوژمناندا، لە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی. بەڵام کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران هیچ وەهمێکیان سەبارەت بە گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی هیچ کام لە باڵەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی نییە و لەقاودانەکانی باڵەکانی ڕژێم دژی یەکتر، بە هەوڵێک لە پێناو مانەوەی حکومەتی ئیسلامیدا دەزانن. کرێکاران و زەحمەتکێشان و چینە ژێردەستەکانی ئێران، خوازیاری ڕووخاندنی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامین، لە ڕێگەی پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە ڕێکخراو، یەکگرتوو و سەرتاسەرییەکانیانەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە