
کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە، حەوتی خەزەڵوەر، بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای نوێنەرانی وڵاتانی جیهان، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا بۆ چەندومین جار داوای لە ئەمریکا کرد کۆتایی بە گەمارۆ و سزا ئابووری، بازرگانی و داراییەکانی سەر خەڵکی کوبا بهێنێت. ئەم بڕیارنامەیە بە ١٦٥ دەنگی ئەرێنی و تەنها ٧ دەنگی نەرێنی (کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەنێویاندا بوون) و ١٢ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا. ئەمە ٣٣ـیەمین ساڵە لەسەریەک کە بڕیارنامەیەکی لەم شێوەیە لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند دەکرێت و ئەمریکا پابەندی نابێت. لەم ماوەیەدا، ئەمریکا تەنها لە ساڵی ٢٠١٦ و لە سەردەمی ئۆبامادا دەنگی بێلایەنی پێدا، لە هەموو حاڵەتەکانی تردا دەنگی نەرێنی داوە. فەرمانی سەپاندنی سزاكان دژی کوبا ٦٣ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن جان ئێف کێنەدییەوە دەرچوو. سزاکانی ئەمریکا دژی گەلی کوبا درێژترین سزایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە تەنها بە تاوانی تەسلیم نەبوونی ئەم وڵاتە بە سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا، بەسەر خەڵکەکەیدا سەپێنراوە. ئەم سزایانە لەو کاتەوە تا ئێستا ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوبای ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی زۆر کردووەتەوە.
کردەوەکانی لەم جۆرەی ئەمریکا تا ئێستا بووەتە هۆی بێبایەخبوونی زیاتری ئەو دامەزراوانەی کە بە ڕەواڵەت سیستەمی جیهانیی سەرمایەداری لەژێر هەژموونی ئەمریکادا لەسەری دامەزراوە. لەگەڵ توندبوونەوە و قووڵبوونەوەی زیاتری قەیران و کێبڕکێی نێوان هێزە سەرمایەدارییەکان، ئەم دامەزراوانە زیاتر لە ڕابردوو بوونەتە پاشکۆی ئەمریکا و هێزە سەرمایەدارییەکانی تر و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بەکاردەهێنرێن. لە نموونەیەکی تردا بۆ بێبایەخکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەی “چارەسەری دوو دەوڵەت” لە ٣١ی خەرمانانی ئەمساڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ١٥٤ دەوڵەت لە کۆی ١٩٣ دەوڵەتی ئەندام دووبارە پەسەند کرایەوە، ناتانیاهۆی فاشیست ڕایگەیاند کە “تەنانەت ئەگەر بە زەبری زۆریش بووبێت، هەرگیز ڕێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین نادات.” ئەمە لە کاتێکدایە کە مافی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان هاوکات لەگەڵ بەفەرمی ناسینی مافی گەلی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە ساڵی ١٩٤٨دا بە فەرمی ناسێنراوە.
نموونەیەکی دیکەی بێبایەخکردنی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک یەکێک لە پایەکانی دیموکراسیی درۆزنانەی سیستەمی سەرمایەداری، دەرنەکردنی ڤیزا بۆ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەڵەستین و شاندی یاوەری، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خەرمانانی ئەمساڵدا بوو. ئەم کردەوەیەش کە بە پێشێلکردنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت، لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ناتانیاهۆ تا ئێستا چەندین جار بەبێ نیگەرانی لە دەستگیرکران سەردانی ئەمریکای کردووە. شایەنی باسە کە ناتانیاهۆ و گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لاهەوە وەک تاوانبارانی جەنگ لە جینۆسایدی گەلی فەڵەستین و تاوان دژی مرۆڤایەتی ناسێنران و فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەرچوو. ئەمریکا شایستەیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیش بە فەرمی ناناسێت و ئەم بڕیارانە ڕەت دەکاتەوە.
بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، وەک ئامراز و بنەمای ئابووریی سیستەمی جیهانیی سەرمایەداری، لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هێزە سەرمایەدارییەکانی تردا لە کێبڕکێ لەگەڵ بلۆکەکانی دیکەی سەرمایەداریدا بەکاردەهێنرێن. بەم شێوەیە دەبینین زۆرێک لەو دامەزراوانەی کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم بۆ پاراستنی سیستەمی جیهانیی سەرمایەداری دامەزران، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و هتد، ئیفلیج بوون و لە حاڵی هەڵوەشانەوە و لەدەستدانی پێگە و هۆکاری بوونی خۆیاندان. لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری و هاتنە مەیدانی جەمسەرە سەرمایەدارییەکانی تر لە ئاستی جیهاندا، زۆرێک لە ئامرازە بنەڕەتییەکانی سیستەمی کۆن لە قۆناغی تێپەڕبوون لە جیهانی یەک جەمسەری و سەقامگیریی جیهانی فرە جەمسەریی سەرمایەداریدا، بایەخی خۆیان بۆ ئەوان لەدەست داوە. لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی سەربازی و ئابووریی هێزە سەرمایەدارییەکان و لەگەڵ پێکهاتنی بلۆکبەندیی نوێ، ئەوان لە پرۆسەی دووبارە پێناسەکردنەوەی پێکهاتەکانی سیستەمی نوێی جیهانیدان. بڕین یان کەمکردنەوەی بودجە و دابینکاریی دارایی ئەم دامەزراوانە، لەنێویاندا نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن ئەمریکاوە، زیاتر خستوونیەتە ژێر فشارەوە و بەرەو هەڵوەشانەوە و لەناوچوونیان دەبات.
لەم بارودۆخەدا، هێزە ژیۆپۆلەتیکەکانی جیهان، لەوانە عەرەبستانی سعوودی، تورکیا، میسر، ئیسرائیل و دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو، بە لەبەرچاوگرتنی سەرهەڵدانی بەهێزی ئابووری و سیاسیی چین و هێزی سەربازیی ڕووسیا وەک جەمسەرەکانی سەرمایەداری و بە چوونە پاڵ بلۆکبەندییە سیاسییە نوێیەکانەوە، خوازیاری ڕۆڵ و پشکی زیاترن لە سیستەمی نوێی جیهانیدا. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕۆژی شەممە، یەکی نوامبر، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئیستانبوڵ لەژێر ناوی “گەڕانەوەی دیپلۆماسیی پڕ مەترسیی هێزە ناوەندییەکان و سیستەمی فرە جەمسەری”، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە جیهان لە قۆناغی تێپەڕبووندایە لە سیستەمی یەک جەمسەری، وتی: “جیهان دەبێت بڕیار بدات کە لەسەر بنەمای فرەلایەنی دووبارە بنیات بنرێتەوە، یان بگەڕێتەوە بۆ کێبڕکێ وێرانکەرەکان.” فیدان بە ئاماژەدان بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پووکانەوەی شەرعییەت و ئیفلیجبوونی حوکمڕانیی جیهانی، خوازیاری دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەندامێتیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بوو، بەتایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەو لە کاتێکدا ئەم قسانە دەکات کە دەوڵەتی فاشیستیی تورکیا وەک هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەندامی ناتۆ، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا تاوانکارانەترین ستراتیژ و سیاسەتی ناوخۆیی و هەرێمیی پەیڕەو کردووە و لە شەڕ و ئاڵۆزی و کێبڕکێکانی ناوچەکە و پێشێلکردنی دیموکراسی و ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤدا، یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بووە.
بێگومان جیهان لەژێر دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداریدا، لە هەر جۆر و شێوەیەک بێت، یەک جەمسەری یان فرە جەمسەری، هەروا شایەدی پشێوی، شەڕ و خوێنڕێژی، وێرانی و ئاوارەیی دەبێت. سەرهەڵدانی نیۆفاشیزم و ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو، کە دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا نوێنەرایەتیی دەکات، جیهان بەرەو کارەسات دەبات. لەم پەیوەندییەدا، ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە، هەشتی خەزەڵوەر پێش دیداری لەگەڵ شی جین پینگ، فەرمانی بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرد کە دەستبەجێ دەست بکەنەوە بە تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان.
لە وەها بارودۆخێکدا، تەنها پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکانی تر لە سەرانسەری جیهان و هاوپشتیی ئینتەرناسیۆنالیستیی ئەم بزووتنەوانە بە ئاسۆیەکی سۆسیالیستییەوە، دەتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم بەردەوامبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لە کێبڕکێی نێوان هێزە ئەتۆمییەکانی جیهاندا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە