
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بڕیاری دەستبەسەرکردنی دلێر سەلیمی، هەڵسوڕاوی سیاسیی خەڵکی سەقز بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات درێژ کرایەوە. ناوبراو لە ماوەی ١٣٩ ڕۆژی ڕابردوودا بە چارەنووسێکی تەواو نادیارەوە لە زیندان ڕاگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات لە درێژەی گوشارەکانی پێشووی خۆیدا، ئەم هاووڵاتییەی لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو بێبەش کردووە و ڕایگەیاندووە کە دەبێت بۆ “درێژەی لێکۆڵینەوە”، بگوازرێتەوە بۆ تاران. دلێر سەلیمی، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز دەستبەسەر و دوای چوار ڕۆژ هاوسەرەکەشی بەناوی ژیلا تەشەکوری دوای بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەستبەسەر کراوە. لە کۆتاییدا ژیلا تەشەکوری ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە زیندان ئازاد کرابوو. شایانی باسە، دلێر سەلیمی لە ماوەی ئەم دواییانەدا ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێک وەکوو، “هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی”بۆتەوە.