
ڕۆژی شەممە ١٠ ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی “ناسر بەکرزادە” بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، هەمدیسانەوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتن ڕادەستی دادگای شۆڕشی ورمێ کرایەوە.
سیداد شێرزاد، یەکێک لە پارێزەرەکانی دۆسییەی ئەم بەندکراوە لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ شەممە ١٠ی خەزەڵوەر لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی بریگرتەکەمان ناسر بەکرزادە بە من و هاوکارەکانم ئەمیر ڕەئیسیان و نیهاد ئێراندووست ڕاگەیەندرا. لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات ئەم سزایەی بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و سەرنجنەدانی بەڵگەکانی بێتاوان بوونی بریگرتەکە بۆ جاری دووهەم هەڵوەشاندەوە و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە و سەرنجدانی ئەم هۆکارانە، ڕەوانەی دادگای شۆڕشی ورمێ کردەوە.
جێگای ئاماژەیە، ناسر بەکرزادە، ماوەیەک پێش بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ بۆ جاری دووهەم، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپابوو. لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە قۆناغی کۆتایی داواکاریدا لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی هاوتەریب کرابوو.