فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی سیاسیی پلنیۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – بەشی یەکەم
سێشەممە ۱۳-۰۸-۱۴۰۴   |  04-11-2025

جیهان، هێشتا لە قۆناغی وەرچەرخاندایە

جیهانی سەرمایەداری لەگەڵ یەکێک لە قووڵترین قەیرانەکانی تەمەنی خۆیدا ڕووبەڕوویە. ئەو نەزمە نێونەتەوەییەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی بە هەژمۆنیی ئەمریکا شکڵی گرتبوو، لەناو دڵی قەیرانێکی سەرمایەداریدا—کە خۆی لە پەرەسەندن و جیهانگیربوونی قەیرانی ئابووری، سروشتی مفتەخۆریی سەرمایەی دارایی، شکستی سەرمایەداریی دەوڵەتی و بنبەستی جیهانگیریی نیولیبراڵیدا نیشاندابوو—گەیشتووەتە کۆتاییی ڕێگا. ئەم سیستەمە، کە لەسەر پایەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی جیهانی، سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، هەژموونی ئەمریکا وەک هێزی باڵادەستی ئابووری و سەربازی، و داڕشتنی چوارچێوە یاساییەکان لە دەوری چەمکگەلێکی وەک “سەروەریی نیشتمانی” بۆ ڕێگرتن لە جەنگی گەورە و ڕێکخستنی کێبڕکێی زلهێزەکان بنیات نرابوو، بەتەواوی داڕماوە. چونکە نەزمی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی هێزی نێوان بلۆکەکانی سەرمایەداری بوو لە ساڵی ١٩٤٥ و دواتریش هاوسەنگیی هێز لە جیهانی دووجەمسەریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە سەردەمی جەنگی سارددا، نەک ڕەنگدانەوەی واقعییەتی سەردەمی ئێستا کە تێیدا سەرهەڵدانی چین و نەخشە ستراتیژییەکانی، شانبەشانی هاتنەمەیدانی بلۆکەکانی دیکەی هێز، هاوکێشەکەیان بەتەواوی گۆڕیوە.      

ئەم داڕمانەی نەزمی جیهانی، بە ڕوونی خۆی لە بێبایەخبوونی ئەنجومەنی ئاسایش و پەککەوتنی لە ئاست قەیرانەکانی وەک سووریا، ئۆکراین و غەززەدا دەنوێنێت. هەروەها لە لاوازبوونی شەرعیەتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پشتگوێخستنی بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتیی داد یان ئەنجومەنی مافی مرۆڤ سەبارەت بە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، لە کزبوونی هەژموونی ئەمریکا لە لوتکەی ناتۆدا بەهۆی سەرهەڵدانی بەهێزی چین، گەڕانەوەی ڕووسیا، بەهێزبوونی ئەکتەرە ناوچەییەکان، لە کۆتاییهاتنی سیستەمی تاکجەمسەری، گەیشتنە بنبەستی جیهانگیریی نیولیبراڵی و لە هەڵگیرسانی جەنگی تەعرەفەکاندا دەبینرێت. لە جەرگەی ئەم داڕمانەدا، چەمکەکانی وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە کردەوەدا بوونەتە تەنها چەکێک بۆ مەشرووعییەتدان بە شەڕە ئیمپریالیستییەکان و پەردەیەک بۆ داپۆشینی بەدیلە بۆرژواییە ساختەکان لە وڵاتە قەیرانلێدراوەکاندا.

بەردەوامیی ئەم قەیرانە ئابوورییە و ئیفلیجبوونی نەزمی نێودەوڵەتی، قەیرانی ژیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین، ئەفریقا و گۆشە و کەنارەکانی جیهاندا قووڵتر کردووەتەوە. چونکە نەزمی کۆنی ئیمپریالیستی لە کردەوەدا لەکارکەوتووە و نەزمێکی نوێش هێشتا لەدایک نەبووە، جیهان هێشتا لە پرۆسەیەکی گواستنەوەدایە بەرەو جێگیربوونی جیهانێکی فرەجەمسەر دەروات. لە ئەنجامدا، شایەدی بشێوی ناوچەیی، شەڕی نیابەتی، کێبڕکێی توندی بلۆکەکان و قەیرانی شەرعیەتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانین. لەسەر بەستێنی داڕمانی نەزمی جیهانیی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، کە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، دوا بزماری لە تابووتەکەی دا، جیهان ڕووبەڕووی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نیۆفاشیزم لە کۆشکی سپیی ئەمریکادا بووەتەوە. ئیدارەی ترەمپ ماسکی لیبراڵیزمی بەیەکجاری فڕێ داوە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی جیهان و نیۆفاشیستەکان دەکات بەپێچەوانەی دەیەی ١٩٣٠ کە ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە دژی فاشیزمی هیتلەر لە ئاڵمان وەستایەوە، ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولای لە دەوڵەتی فاشیستیی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژییەکەی لە غەززە و درێژەدان بە داگیرکردنی غەززە بە نوێنەرایەتیی نەتانیاهۆ، سەرکردایەتی و پشتیوانیی ڕەوتە نیۆفاشیستییەکانی لە سەرانسەری جیهاندا گرتووەتە ئەستۆ. ئەم دۆخە ئاکامی بەرینی لە بوارەکانی سیاسی، ئایدیۆلۆژی و ژینگەییدا لێکەوتووەتەوە.

ئێستا بە شێوەیەکی بابەتییانە جیهان بووەتە فرەجەمسەر. دەسەڵاتەکانی وەک چین، ئەمریکا، ڕووسیا، هیند، ئەورووپا و ئەکتەرە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا لە کێبڕکێدان. ئەم دەسەڵاتانە لە ڕێگەی ئەو بلۆکانەی کە پێکیان هێناوە، بۆ گێڕانی ڕۆڵی زیاتر لە پێناسەکردنەوەی سیستەمی جیهانیدا درێژە بە کێبڕکێی خۆیان دەدەن. هێشتا هاوسەنگیی هێز و سنوورەکانی ناوچەی نفوزی نێوان ئەم هێز و بلۆکانە جێگیر نەبووە، هێشتا سیستەمێکی نوێ لەدایک نەبووە و هەر ئەم ناجێگیرییە، سروشتی ڕاگوزەربوونی ئەم قۆناغە دەردەخات، قۆناغێک کە تێیدا دێوەزمەکانی وەک ترەمپ و نەتانیاهۆ سەریان هەڵداوە. ئەوەیکە لەئێستادا ئاشکرا و ڕوونە ئەوەیە کە بلۆکە سیاسی و ئابوورییەکانی وەک “بریکس”، “ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای”، “یەکێتیی ئەورووپا”، “جی ٧” و “جی ٢٠” درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن، بەڵام هاوسەنگیی هێز لە نێوانیاندا لە گۆڕاندایە. لەم کێبڕکێیانەدا، “بریکس” بە ڕابەرایەتیی چین و بە پڕۆژەی “پشتێن و ڕێگا”ەوە، گرنگییەکی زیاتر لە داڕشتن و پێناسەکردنەوەی سیستەمی جیهانیدا بەدەست دەهێنێت.

لە نێو ئەم بلۆکبەندی و کێبڕکێیانەدا و لەم قۆناغە گوزارەدا هێشتا ڕوون نییە کە ئایا جیهانی فرەجەمسەر دەتوانێت جێگیر بێت، یان جیهان بەرەو پێکهاتەیەکی پشێوی هەنگاو دەنێت، واتە بەردەوامبوونی بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانی کەشوهەوا، کۆچ، وزە و تەکنەلۆژی و چڕبوونەوەی ململانێ ناوچەییەکان. بەڵام جیهانی سەرمایەداری بەرەو هەر لایەک بڕوات، ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە بۆشایی نێوان هەژاری و دەوڵەمەندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە و هەژاری و نایەکسانی بە ڕادەیەکی بێوێنە پەرەدەستێنێت. بێگومان لەژێر ئەم بارودۆخەدا، مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان دژی ئەم هەژاری و نایەکسانییە و دەستدرێژیی دەوڵەتەکان بۆ سەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران، دژی دەستبردن بۆ ئازادییە سیاسییەکان و کوشتار و کۆمەڵکوژی و لەناوچوونی ژینگە لە سەرانسەری جیهاندا پەرە دەستێنێت. بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستیی چینی کرێکار لەم قۆناغە مێژووییەدا و لەسەر بنەمای گەشەی خەباتی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، ئەم دەرفەتەی لەبەردەمدایە کە لە دۆخی بەرگرییەوە بێتە دەرەوە، ڕێبازێکی هێرشبەرانە بگرێتە بەر و ببێتە جەمسەرێکی سیاسیی بەهێز. پێکهێنانی حیزبە کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان، کە بتوانن خەباتە هەنووکەییەکانی کرێکاران دژی دەستدرێژیی سەرمایە و بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کار و ژیانیان، لەگەڵ ستراتیژیی شۆڕشی کرێکاری و سۆسیالیستیدا تێکەڵ بکەن و بزووتنەوەکانی مانگرتن و ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگەدا بگۆڕن بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز دژی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، یەکێکە لە پێشمەرجەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لەم قۆناغەدا.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv