فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە مەحکوومکردنی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک نووسەر و توێژەری چەپ
چوارشەممە ۱۴-۰۸-۱۴۰۴   |  05-11-2025

بەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥، هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، پەرویز سەداقەت، مەهسا ئەسەدوڵڵا نژاد، شیرین کەریمی و ڕەسووڵ قەنبەری، نووسەران و توێژەرانی چەپگری بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ئابووریی سیاسییان دەستبەسەر کرد و هەریەک لە محەمەد مالجو و هێمن ڕەحیمی بانگهێشتی بنکە ئەمنییەکان کران. هەرچەندە سانسۆر، هەڕەشە، بانگهێشتکردن و گرتن، زیندانیکردن و کوشتنی جیابیران و نووسەران و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە بەشێک بووە لە کارنامەی کۆماری ئیسلامی، کە گەندەڵی و تاوانکاری لە پێکهاتەکەیدا سیستماتیک و دامەزراوەیی بووە، بەڵام شەپۆلی ئەم دواییەی دەستبەسەرکردنەکان لە درێژەی چڕکردنەوەی سەرکوتدایە وەک ستراتیژییەک بۆ مانەوەی ڕژێمی ئیسلامی و بە ئامانجی تۆقاندنی کۆمەڵگە و چاوترساندنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دراوە.

ئەم دەستبەسەرکردنانە لە هەمان کاتدا نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانی شەرعییەتی سیاسی و شکستی ئایدۆلۆژی و گەیشتن بە بنبەستی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەدارانی ئێرانە. ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو و تەنانەت نمایشە هەڵبژاردنەکانی خودی دەسەڵات کە هەموو قۆناغەکانیان ئەندازیاری کرابوون، قەیرانی شەرعییەتی ڕژێمیان بە ئاشکرا دەرخست. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنان، بناغە ئایدۆلۆژییەکانی ڕژێمی ئیسلامی هەڵتەکاند. ئێستا ژنان بە پاشەکشەکردن بە یاسای حیجابی زۆرەملێ، سیمای شەقام و شارەکانی ئێرانیان گۆڕیوە. بزووتنەوەی کرێکاری بە مانگرتنەکانییەوە کاریگەریی لەسەر کەشی سیاسیی کۆمەڵگە داناوە و هێزی بەم گۆڕانکارییانە بەخشیوە. لەم بارودۆخەدا، دەمێکە دەزگای ئایینی و ئایدۆلۆژیی ڕژێم توانای شەرعییەتدانیان بەم هەموو هەژاری و نەهامەتییە ئابووری و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە نەماوە کە بەسەر خەڵکدا سەپاندوویانە. کۆمەڵگەی ئێران بەرەو چەپ سووڕاوە. حکوومەتی ئیسلامی ناتوانێت بەهێزی قەهر و زەبر ئەم گۆڕانکارییانە بگەڕێنێتەوە دواوە.

لە بارودۆخی ئێستادا، بەڵای سەرەکیی گیانی حکوومەتی ئیسلامی تەنیا جیابیرانی چەپ نین کە چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای مەجازی و زانکۆکاندا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵکو مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، خەباتی ڕۆژانەی ژنان، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خانەنشینان، مامۆستایان و پەرستاران، خوێندکاران و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و ڕەوتی حەتمی پەرەسەندنیانە کە سەرانی ڕژێمی تووشی وەحشەت کردووە. مەیلی کۆمەڵگە بەرەو چەپ، ڕیشەی لە ژیانی واقعییەتی بنەماڵە کرێکارییەکان و هەژارانی کۆمەڵگە و ئەو داواکارییانەدایە کە کرێکاران بە ڕۆڵگێڕانی چالاکە سۆسیالیستەکانیان، بۆ بەدیهێنانیان هاتوونەتە مەیدان و سەرنجی نووسەران و توێژەرانیشیان زیاتر بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە. مەیلی کۆمەڵگە بەرەو چەپ، ڕیشەی لەو خەباتانەدایە کە داخوازیی نان و کار و ئازادی پێکەوەی گرێداوە. حکوومەتی سەرمایەداریی گەندەڵ و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خۆی بە چڕکردنەوەی سانسۆر و دەستبەسەرکردنی نووسەران و جیابیرانی چەپ دەتوانێت پێش بەو ئاراستە چەپەی کۆمەڵگە بگرێت کە ڕیشەی لە قووڵایی کۆمەڵگەدایە. بەڵام بێ گومان هەروەک چۆن ڕژێم تا ئێستا نەیتوانیوە بە سانسۆر و فیلتەرینگ و گرتن و بەندکردنی چالاکانی کۆمەڵایەتی و زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان پێش بەم ڕەوتە بگرێت، بە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی جیابیرانیش نەک هەر ناتوانێت ڕێگری لەم ڕەوتە بکات، بەڵکو قەیرانی شەرعییەتی خۆی قووڵتر دەکاتەوە. بزووتنەوەی نان و کار و ئازادی و مەیلی کۆمەڵگە بەرەو چەپ، ڕیشەی لە حەقیقەتە ماددییەکانی ژیاندایە. زگە برسییەکان، سفرە بەتاڵەکان و گەرووە تینووەکانی ئازادی، هەموو ڕۆژێک هاواری ئەم پێداویستییەی ژیان دەکەن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ئەوەی کە دەستبەسەرکردنی پەرویز سەداقەت، مەهسا ئەسەدوڵڵا نژاد، شیرین کەریمی، ڕەسووڵ قەنبەری، توێژەرانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ئابووریی سیاسی و بانگکردنی محەمەد مالجو و هێمن ڕەحیمی بۆ بنکە ئەمنییەکان مەحکووم دەکات، خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجیانە. لە هەموو ناوەندەکان و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان داوا دەکەین لە بنەماڵەکانیان پشتیوانی بکەن و بۆ ئازادکردنیان تێبکۆشن.

بژی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی
بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤
٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥