
لەدرێژەی ناڕەزایەتیی خەڵک بە بارودۆخی نالەباری ژیان، چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئاوسان، گرانی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، لانیکەم ١٠ کۆبوونەوەی ئێعتڕازی جۆراوجۆر لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک لە پەرەستاران لە شارەکانی مەشهەد و ئەهواز، ژمارەیەک لە کرێکاران و کارمەندانی شاغڵ لە شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕە لە ناوچە نەوتییەکانی خارک و بهرگان، کۆمەڵێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرەکانی شاری تاران، کۆمەڵێک لە دەرمانسازانی شیراز، ژمارەیەک لە موعەلیمانی حەقولتەدریسی لە ڕاسک، ژمارەیەک لە خانەنشین کراوانی ئەڕتەش لە تاران و کۆمەڵێک لە کرێکارانی پەیمانی شارەداریی ئیلام، بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئێعتڕازی لە شوێنە پەیوەندیدارەکان، خوازیاری جێبەجێ کرانی خواستەکانیان و پێڕاگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانیان بوون.
هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، کۆمەڵێک لە کرێکارانێ شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕە لە ناوچەی سیری وێڕای هاوکارەکانیان دەستیان لەکار کێشایەوە و لە شوێنی کارەکەیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە. لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە پزیشکانی ئێرانشار، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەر، لە ناڕەزایەتیی بە کەمتەرخەمی بەرپرسان بە جێبەجێ کردنی خواستەکانیان و لەخوارەوەبوونی ئاستی حقووقەکانیان، دەستیاندابووە کۆبوونەوە.