فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ئیدانەکردنی فشار و دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی کوردستان و پشتیوانی لە هاوپشتیی خوێندکاران
هەینی ۱۶-۰۸-۱۴۰۴   |  07-11-2025

لە ڕۆژگارێکدا کە کۆماری ئیسلامی، سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی لە ناوەڕۆکی مرۆیی و زانستیی خۆی داماڵیوە و کردوویەتی بە کاڵا و چینایەتی، زەخت و فشارە ئەمنییەکان، دەستگیرکردن، دەرکردن، لابردن لەسەر کار و بێبەشکردنی مامۆستا مافخواز و ئازادیخوازەکانیش پەرەی سەندووە. دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی مامۆستای خانەنشین “جەهانگیر ڕۆستەمی”، ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی “هەرسین” لە ماڵی خۆیدا؛ لابردنی “زەیتوون کەهزادی”، بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی جوانڕۆ لە پۆستەکەی؛ بێبەشکردنی “مێهری خوسرەویزاد” لە ئیمتیازاتی ئیداری و خۆڕاگری و وەستانەوەی ئاگایانەی کچانی خوێندکار لە قوتابخانەکانی جوانڕۆ و چەندین نموونەی تر، دیاردەیەکە کە لە لایەکەوە زەخت و ستەمی دەزگای سەرکوتی ڕژیم و لە لایەکی دیکەوە ئەڵقە تێکئاڵاوەکانی زنجیرەی خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی لە بەرانبەر نەزمی چینایەتی و ستەمی دیکتاتۆریی ڕژیمدا ئاشکرا دەکات.

سەپاندنی فشار بۆسەر مامۆستایانی کوردستان، بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوت و کپکردنەوەی دەنگی ئاگایی ئەوان. مامۆستایانی کوردستان بە تاوانی داکۆکیکردن لە ئازادیی خوێندنی زانستی و خۆڕایی، دەستگیر دەکرێن، لەسەر کار لادەبرێن، دوور دەخرێنەوە، بە زۆر خانەنشین دەکرێن یان لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی سیستەمی پەروەردە و بەڕێوەبردن، خودی کۆماری ئیسلامییە. ئەو حوکمانەی لەلایەن دیوانی بەناو “دادپەروەریی ئیداری”یەوە دەردەکرێن، تەنیا ئامرازێکن بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە دەنگێکی ئازادیخوازانە و شەرعیەتدان بە بێدادی. ئامانجی ئەم حوکمانە، شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵایەتیی مامۆستایان و ڕێگرتنە لە پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ کرێکاران و توێژەکانی دیکەی خەڵکی زەحمەتکێش.

دەستگیرکردنی جەهانگیر ڕۆستەمی، مامۆستای خانەنشینی شاری هەرسین، درێژەی هەمان لۆژیکی سەرکوت و تۆقاندنە کە بە ناوی “ئاسایش”ەوە پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە. دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی ئەم مامۆستا مافخوازە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی ڕابگەیەندرێت، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە. ئەمجۆرە کردەوە سەرکوتگەرانەیە نیشانەی بنبەستی تەواوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خواست و داوا ڕەوا و گشتییەکانی فەرهەنگییان. ڕژیمێک کە بۆ پاراستنی دەسەڵات و مانەوەی خۆی، پەنا بۆ سەرکوتی ڕاستەوخۆی خەڵک دەبات. ئەم سەرکوتانە لە پێگەی هێزەوە نییە، بەڵکوو لە ترسی داڕمانی نەزمێکە کە لەسەر بنەمای بێدادی و نایەکسانی دامەزراوە.

لە بەرانبەر کردەوەی سەرکوتگەرانە و کەشی زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی و بۆ داکۆکیکردن لە مامۆستا شەریف و زەحمەتکێشەکان، کچانی خوێندکاری مەدرەسەکانی جوانڕۆ دەنگیان هەڵبڕیوە؛ دەنگی ئازادی، ئاگایی و هاوپشتی. لە قوتابخانەی سەرەتایی “فرەیدەوس”ەوە تا ئامادەیی “پەروین ئیعتیسامی”، سرودی ئازادیخوازییان دەنگدانەوەی بەردەوامبوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینایە لە بواری پەروەردە و فێرکردندا. ئەم کچە بوێرانە نیشانیان داوە کە خوێندن بەبێ ئازادی هیچ مانایەکی نییە و وانەکانی قوتابخانە بەبێ دەنگی ژنان و کچان، ناتەواون. ئەوان سەلماندیان کە هۆشیاری ئیخراج ناکرێت و هیچ هێزێک توانای کپکردنی دەنگی هۆشیاری کۆمەڵگەی نییە.

خەباتی مامۆستایانی کوردستان و هاوپشتیی خوێندکاران، بەشێکی دانەبڕاوە لە تێکۆشانی سەراسەریی کرێکاران، ژنان و هەموو چەوساوەکان دژی نەزمی سەرمایەداری و دیکتاتۆریی ئایینی. کۆمەڵە لەو باوەڕەدایە کە ڕێکخراوبوونی ئاگایانەی مامۆستایان، کرێکاران و لاوان لە چوارچێوەی شۆرا و ڕێکخراوە سەربەخۆکاندا، تەنیا ڕێگای ڕزگارییە لەم بازنەی ستەم و سەرکوتە. ئەمڕۆ دەنگی خۆڕاگری لە کوردستان لە دڵی قوتابخانەکانیشەوە بەرز دەبێتەوە. دەرکردن، دوورخستنەوە و زیندان ناتوانن بڵێسەی ئاگایی کۆمەڵگە خامۆش بکەن.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی حوکمە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی دژی مامۆستایان و هەموو شێوازەکانی سەرکوت و فشار لەسەر فەرهەنگییان و خوێندکاران، جەخت لەسەر هاوپشتیی چینایەتیی نێوان کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و لاوان دەکاتەوە و بانگەوازی سەرجەم هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان دەکات کە پشتیوانی لەم خەبات و تێکۆشانە بکەن.

سەرکەوێ هاوپشتیی خەباتگێڕانەی مامۆستایان و خوێندکارانی ئازادیخواز

بڕووخێ ڕژیمی دژە زانستی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتدارێتیی شۆرایی خەڵکی کوردستان

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤

٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv