
بە پێی ڕاپۆرتەکان، “چیاکۆ ڕەزایی” قارەمانی یاریی بەرگری و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» ٦٤ ڕۆژی ڕابردوو و “ئازاد حاجی میرزایی” چالاکی ژینگەپارێزی، ٢٤ ڕۆژی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراون و تا ئێستا چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ئەو دوو هاووڵاتییە لێکەوتۆتەوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە سەرەڕای بڕیاری ئازادکردنیان لە ماوەی دیاریکراودا، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لەژێر گوشار و لێپرسینەوەدان. شایەنی باسە کە ئەو هاووڵاتییانە لە کاتی دەستبەسەرکرانییانەوە تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون. جێگای ئاماژەیە، چیاکۆ ڕەزایی ڕۆژی هەینی ۱۴ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەکاتێکدا کە لە یاریگایەک لە شاری سنە ڕۆیشتبووە دەرەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستبەسەر کرابوو. هەروەها ئازاد حاجی میرزایی ڕۆژی چوارشەممە ۲۳ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە شوێنی کارەکەی لە بازاڕی تاناکۆرای سنە دەستبەسەر کرابوو.