
لەم دواییانەدا، فایلێکی دەنگیی ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە کەناڵێکی تێلێگرامی بە ناوی «ئاسۆی گەریلا» بڵاو کراوەتەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە. ئەم فایلە دەنگییە، کە بەشێکە لە زنجیرە بابەتێک بە ناوی «پەروەردەی گەریلا»، یەکەم جار پێنج ساڵ و نیو لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە. بەڵام ئەو بەشەی کە تێیدا هاوسەرۆکی پژاک چەواشەکارانە مێژووی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان دەشێوێنێت، لەم دواییەدا بۆ جارێکی دیکە لەلایەن پژاکەوە و هەر لەو کەناڵە تێلێگرامییەوە بڵاو کراوەتەوە. بەو پێیەی کە ناوەرۆکی درۆودەلەسەکانی ئەمیر کەریمی سەبارەت بە مێژووی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان، لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، گەلێک جار لەلایەن دارودەستەی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە وەک بەشێک لە شەڕی نەرم و دەروونی دژبە کۆمەڵە و خەڵکی کوردستان دووپات کراوەتەوە، ئەم ئیدیعایانە هیچ بایەخێکیان لە بواری ڕەخنەی تیۆریکەوە نییە.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە بۆچی سەرکردایەتیی پژاک بە ئەدەبیات و کولتووری سیاسیی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە مێژووی کۆمەڵە و تەنانەت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ئەو گەنجانەی کە پەیوەست دەبن بە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە دەدەوێت و بیر و هزری ئەوان بەم درۆ و چەواشەکارییانە ئەندازیاری دەکات. پژاک هەر بەم دید و ڕوانگە و پۆتانسێلەوە لە دژایەتیکردنی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، دەرفەتی گەشەی چالاکیی لەناوخۆی کوردستانی ئێراندا بەدەست هێنا. کۆماری ئیسلامی، کە لە سرووشت و تواناکانی پژاک تێگەیشتبوو، بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی حیزبە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستانی ئێران، بە چاوپۆشی کردن لە حزوور و چالاکیی هێزەکانی پژاک لەناوخۆی کوردستاندا، بە شێوەیەکی کردەوەیی و دوفاکتۆ، دەرفەتی کرانەوەی بۆ چالاکییەکانی پژاک ڕەخساند.
پرسیار ئەوەیە کە بۆچی سەرکردایەتیی پژاک ئەم درۆ و چەواشەکارییانەی سەبارەت بە مێژووی کۆمەڵە، لە زمانی ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاکەوە، لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستادا دووبارە بڵاو کردووەتەوە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پژاک هیچ کات ستراتیژیی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی نەبووە و هەمیشە داوای چاکسازی لە کۆماری ئیسلامیدا لە ڕێگای دیالۆگ و وتووێژەوە کردووە. سەردەمێک ئامەد شاهۆ، یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی پژاک، «قەیرانی بنەڕەتیی ئێرانی بە لادان لەو بەهایانە کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئینقلابی ئیسلامی و پەیماننامەی مەدینە بە ڕێبەریی محەممەد، پێغەمبەری موسڵمانان، دامەزرابوون» ڕاگەیاند و «بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیک، خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ لایەنە فیکرییەکانی ئەم سیستمە» بە کۆماری ئیسلامی پێشنیار کرد. یان ڕێوار ئابدانان، یەکێک لە ئەندامانی کۆردیناسیۆنی پژاک، چەند مانگ پێش شەڕی دوازدە ڕۆژە، لە وتارێکدا بە ناوی «زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە بەم زووانە لە ئێران و ئیسرائیلدا خامۆش نابن» جەختی لەوە کردەوە کە: «ئەگەر ئێران (بخوێنەرەوە: ڕژێمی کۆماری ئیسلامی) لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونخوازانەی خۆیدا لەگەڵ هێزە ڕۆژئاواییەکان، لە کۆتاییدا سەرکەوتن و سەقامگیرییەکی بەردەوام بەدەست بهێنێت و بتوانێت ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هاوبەشیی کولتوورییان هەیە، هاوشێوەی ئەوەی لە یەکێتیی ئەورووپای دوای جەنگی جیهانیدا بینیمان، لە چوارچێوەی یەکێتییەکی دیموکراتیکدا کۆ بکاتەوە، نەک تەنها کێشە ناوخۆییەکانی ئێران چارەسەر دەبن، بەڵکوو ئێران دەبێتە جەمسەرێکی بەهێز لە تەواوی ناوچەکەدا». ئابدانان، مەبەستی لە هێزی بزوێنەری کۆماری ئیسلامی بۆ “کۆکردنەوەی ناوچەگەلێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەکێتییەکی دیموکراتیکدا”، هێزە نیابەتییەکان و هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ی کۆماریی ئیسلامی لە ناوچەکە بوو.
لە ناوەڕاستی مانگی سێپتەمبەری ٢٠١٩دا، دوای بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە شاری ستۆکهۆڵم، نیلوفەر کۆچ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ڕۆژ نیوز” ڕایگەیاند: ««ئەگەر بتوانین یەکێتیی نەتەوەیی دروست بکەین، دەتوانین هەر چوار پارچەی کوردستان لە مەترسیی داگیرکاری بپارێزین، دەتوانین باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوی لە مەترسی دوور بخەینەوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کوردستانی ئێران)یشدا هەوڵ بدەین کێشەی کورد لە ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ ئێران و بە شێوازی سیاسی و دیموکراسی چارەسەر بکەین.»» ئەم هەڵوێستەی هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە ڕاستیدا دەربڕینی فۆرمۆڵکراوی ستراتیژیی پەکەکە بوو لە کوردستانی ئێراندا. پژاک، وەک “لقی کوردستانی ئێران”ی (پەکەکە)، ساڵانێکە لە چوارچێوەی هەمان ستراتیژدا، لە کاتی شانۆگەرییەکانی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیدا، کە میکانیزمێکن بۆ شەرعیەتدان بە بەردەوامیی دەسەڵاتدارێتیی ئەم ڕژێمە، خەڵکی بۆ بەشداریکردن لەم گاڵتەجاڕییانە و لە خزمەت هەڵوێست و سیاسەتەکانی ڕیفۆرمخوازانی حکومەتیدا هان داوە. لە ڕاستیدا، هەر ئەم وەهمە پووچ و بێ بنەمایە و ئەو خەونە پەرێشانەی پژاک سەبارەت بە دروستکردنی یەکێتییەکی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی، چاکسازی و دیموکراتیزەکردنی ئەم ڕژێمە و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ڕێگای دیالۆگ لەگەڵ ڕژیمدایە کە سەرکردایەتیی پژاکی لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستادا بەرەو بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و چەواشەکردنی مێژووی کۆمەڵە پاڵ پێوە ناوە.
بڵاوکردنەوەی درۆودەلەسەکانی ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سەبارەت بە کۆمەڵە و چەواشەکردنی مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان، لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە لەژێر گوشارە نێودەوڵەتییەکاندایە و لە لایەکی دیکەشەوە لەژێر گوشاری ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکەدایە و لەگەڵ قەیرانی مەرگ، گەورەترین دڵەڕاوکێی تەمەنی خۆیدا دەست و پەنجە نەرم دەکات، لە درێژەی هەمان سیاسەتە ستراتیژییەکانی پژاکدایە. سەرکردایەتیی پژاک، بە شێواندنی مێژووی کۆمەڵە و بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان، بەدوای دۆزینەوەی دەریچەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ و وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. هەوڵدان بۆ وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، لایەنێکی دیکەی سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردستانە. ئەگەر لە بارودۆخی ئێستادا هەندێک لە حیزبە ناسیۆنالیستەکان چاویان بڕیوەتە گوشاری زۆرینەی دەوڵەتی ترامپ بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و تەمرینی بەدیلسازی لە ئۆسلۆ و ئومێدیان پێ بەستووە، لە بەرانبەردا، پژاک لە درێژەی نەخشەڕێگا ستراتیژییەکانی خۆیدا، سیاسەتی دیالۆگ لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی گرتووەتە بەر. ئەگەر حیزبە ناسیۆنالیستەکانی دیکە هیوایان بەو ئەگەرە بەستووە کە کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەکاندا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر کوردستاندا لەدەست بدات و ئەوان دەسەڵاتی حیزبیی خۆیان بسەپێنن و خەڵکی ڕاپەڕیو بنێرنەوە ماڵەکانیان، پژاکیش ئەم نەخشەیەی لە سەر دایە تا لە ڕێککەوتنێکی کردەیی و دوفاکتۆدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، کۆنترۆڵی کوردستان بگرێتە دەست و لە پێکەوەژیان لەگەڵ دامودەزگا ئیدارییەکانیدا، بۆشایی ئیداری و بەڕێوەبەرێتی لەم ناوچەیەدا پڕ بکاتەوە. ئەگەر لە تورکیا پەکەکە لە وەرچەرخانێکی ستراتیژیکدا چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی خۆی قبووڵ کردووە و ڕێگای وتووێژ و دیالۆگی لەگەڵ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ دیموکراتیزەکردنی پێکهاتەی دەسەڵاتدار گرتووەتە بەر، سەرکردایەتیی پژاکیش، نەک لە وەرچەرخانێکی ستراتیژیکدا، بەڵکوو لە درێژەی لۆژیکیی سیاسەتەکانی تا ئێستایدا، ڕێگای ئامادەکاری و خۆسازدان بۆ دیالۆگ لەگەڵ ڕژێمی فاشیستیی کۆماری ئیسلامی و دیموکراتیزەکردنی ئەوی گرتووەتە بەر. بێگومان بەم جیاوازییەوە کە لە ئێراندا، کۆمەڵە و بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕ لە کوردستان، کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشخستنی سیاسەتە ستراتیژییەکانی پژاکن.
کەواتە، بڵاوکردنەوەی فایلە دەنگییەکەی ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، و چەواشەکاری و شێواندنی مێژووی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کوردستان، ڕیشەی لەم ڕاستییە زەمینییانەدایە. لە بەرانبەر ئەم درۆ و چەواشەکارییانە و شێواندنی مێژووی کۆمەڵەدا، دەبێت ماهییەتی ڕاستەقینەی سیاسەتەکانی پژاک، هەرچی زیاتر بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان ڕوون بکرێتەوە. ستراتیژیی ڕیفۆرمخوازانە و ڕێبازی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، نەک هەر لە خزمەت بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستاندا نییە، بەڵکوو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی سەرتاسەریدا دادەبڕێت و زیانی جددی بە بەرژەوەندییەکانی تێکۆشانی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت. تەنها بە وشیارکردنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری ستەمدیدەی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە زیانبەخشبوونی ئەم سیاسەتانە و بە هەوڵی بێوچان بۆ ڕێکخستن و هێنانە مەیدانی خەڵک بۆ گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا، دەتوانرێت ستراتیژیی ڕیفۆرمخوازانە و دیالۆگخوازانەی سەرکردایەتیی پژاک لەگەڵ حکومەتی ئیسلامی پووچەڵ بکرێتەوە. دروستکردنی ئەم وەهمە کە بە ئامۆژگاریی ئەخلاقی و لە ڕێگای دیالۆگەوە دەتوانرێت پژاک یان لایەنە ناسیۆنالیستەکانی دیکە لە پەیڕەوکردنی ستراتیژیی چینایەتی و سیاسیی خۆیان پاشگەز بکرێنەوە، کارێکی بەتەواو مانا بێهوودەیە و هاوشێوەی لێدانی ژەهرە لە لەشی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. تەنها بە پەرەپێدانی وشیاریی چینایەتی و سیاسی و بە پشت بەستن بە ئامادەبوونی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەمدیدە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا، دەتوانرێت ئەم سیاسەتە ستراتیژییە زیانبەخشانە پووچەڵ بکرێنەوە و دەرفەتی پێشڕەوی فەراهەم بکرێت. کۆمەڵە، لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەی سەرکردایەتیی پژاکدا کە کەشی تێکۆشانی سیاسیی لە کوردستاندا ئاڵۆز و ژەهراوی کردووە، هەموو کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بۆ درێژەدانی یەکڕیزی و هاوپشتی لە خەبات دژبە کۆماری ئیسلامی بانگەشە دەکات.
١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤
٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە