
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هاووڵاتییەک بە ناوی دانیال دارابخانی بەندکراوی سیاسی پێشوو، خەڵکی کرماشان و دانیشوویی شاری لاهیجان، نزیک دوو هەفتە لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر باری تەندرووستی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو دوای دەستبەسەر کران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە لاهیجان ڕاگوێزراوە و دواتر ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەمشارە کراوە. شایانی باسە، دانیال دارابخانی پێشتریش لە سەردەمی ناڕەزایەتیەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦، دەستبەسەر و لە رێکەوتی ١٨ی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی پارێزگای کرماشانەوە بە تۆمەتی “هەوڵدان و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” سزای ساڵێک بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرابوو.