
سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراو بە ناوەکانی “سەمیر بەهاری و یاروەلی حاجیزادە” هەردووکیان خەڵکی سەرپێڵی زەهاوی سەر بە کرماشان، لە زیندانی دیزڵاوای ئەمشارە جێبەجێ کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو بەندکراوە پێنج ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئانقەست” لە یەک دوسیەی هاوبەشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە، حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپێندرابوو.
هەروەها سەرلە بەیانی هەینی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بە ناوی “هاوڕێ جەهانارا” خەڵکی شاری سەردەشت لە زیندانی ناوەندی ورمێ جێبەجێ کراوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم بەندکراوە دوو ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. جێگای ئاماژەیە، لە هەمان ڕۆژدا حوکمی ئێعدامی “شەمسەدین عەباسی” خەڵکی ئاوایی “کای” سەر بە شاری ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە جێبەجێ کراوە.