
پێگەی کۆماری ئیسلامی
لەسەر بەستێنی بارودۆخی ئاڵوزی جیهان و ناوچەکە و شکستی سیاسەتە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، فشارەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ سەر ڕژیم بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکان، ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستیکە دوورهاوێژەکان، کۆتاییهێنان بە ناردنی یارمەتیی نیزامی و دارایی بۆ «هێزە نیابەتییەکان»، دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و لە یەک کەلامدا، بۆ بەچۆکداهێنانی، توندتر کراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی ئەمریکا لە سەرووی ناتۆ و هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا، هێشتا سیاسەتی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان نییە. ئەم هەلومەرجە لە ژێر سێبەری هەڕەشەکانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکادا، دۆخی “نە شەڕ، نە ئاشتی”ی درێژ کردووەتەوە.
لە ناوخۆی ئێرانیشدا، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، ڕانتخۆری و گەشەی باندە مافیاییەکان لەناو پێکهاتەی دەسەڵات، گەندەڵیی دامەزراوەیی، دەرەنجامی کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە و توندتربوونەوەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، هەڵاوسان و گرانی و بێکاریی بێوێنە، قەیرانی ژینگەیی لە کۆنترۆڵ دەرچوو، وە داماویی دەوڵەتی وفاقی میللیی پزیشکیان لە دابینکردنی نان و ئاو و بەرق و هەوای پاک، قووڵاییەکی زیاتری بە قەیرانە هەمەلایەنەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەخشیوە. ئەم قەیرانانە، هاوکات لەگەڵ قەیرانی مەشرووعییەت و حەتمیبوونی گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکە، قەیرانی حکومەت و ململانێی باڵەکانی دەسەڵاتی خستووەتە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە.
ڕێفۆرمخوازان و میانڕەوەکانی حکومەت لەناو پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدا ئاڵای دانوستانی ڕاستەوخۆ و خۆبەدەستەوەدانیان لە بەرامبەر ئەمریکا و زلهێزە ئەوروپییەکان بەرز کردووەتەوە و مانەوەی نیزامی ئیسلامییەکەیان لە گرەوی سازان بە هەر قیمەتێک و لابردنی گەمارۆکاندا دەبینن. بناژۆخوازە توندڕەوەکان و باڵی ‘پایەداری’ لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، لەسەر ئەوپەڕی موقاومەت پێداگری دەکەن. کادری ڕێبەریی سپای پاسداران، کە سەرچاوە و ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە کە هاوسەنگیی هێز بە بەراورد بە دە ساڵ پێش ئێستا کە ڕێککەوتنی “بەرجام” واژۆ کرا، بەتەواوی لە زیانی کۆماری ئیسلامیدا گۆڕاوە، لە واقیعدا شکستی قبووڵ کردووە و بەدوای سازانێکی ئابڕوومەندانەوەیە. سپا بە ڕوانگەی سازان، نەک خۆبەدەستەوەدان، لە هەوڵدایە، تاکوو بتوانێت بۆ درێژەدان بە مانەوەی نیزامی ئیسلامی، «ئیعتبار»ە لەدەستچووەکەی و سیمای شکستخواردووی ڕژیم لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا نۆژەن بکاتەوە و ناسیۆنالیزمی پاوانخوازی ئێرانی لەپشت خۆیەوە بەڕیز بکات. بەم حاڵەوە هەتا کاتێک سپای پاسداران کە ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، فۆرمووڵێکی موعجزەئاسای سازشی ئابڕوومەندانە یان قارەمانانە کە هاوکات دەبێ لەلایەن ترامپیشەوە قبووڵ بکرێ نەبینێتەوە، فشارەکانی ئەمریکا هەروا درێژەی هەیە. باڵەکانی حکومەت کە لە هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوادا ڕوانگەی جیاوازیان گرتووەتەبەر، بەڵام ڕوو لە خەڵک و دوژمنی ناوخۆیی، شمشێریان لە ڕووە بەستووە و لە دەوری ستراتیژیی سەرکوت وەک ڕەمزی مانەوەی نیزامی ئیسلامی، یەکگرتوو و هاودەنگن. بەم حاڵەوە سەرەڕای بەردەوامبوونی سەرکوت، کۆمەڵگا چاوترسێن نەبووە و ئاسۆی پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، سەرانی ڕژیمی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە.
بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە لە ژێر کەشوهەوای سەرکوتی پۆلیسیی دەزگای دەسەڵاتداردا و دوای ئەو وەستانەی کە شەڕی دوازدە ڕۆژە دروستی کرد، درێژەیان بە ڕەوتی پێشڕەویی خۆیان داوە. بزووتنەوەی کرێکاری بە زیاتر لە دوو هەزار مانگرتن و ناڕەزایەتی لە ساڵدا، پڕجووڵەترین و زیندووترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئێرانە و کاریگەریی لەسەر کەشی کۆمەڵگا و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە داناوە. بزووتنەوەی ژنان نەک تەنها لە قەوارەی بزووتنەوەی خانەنشینان، مامۆستایان، پەرستاران، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە دادخوازەکاندا، بەڵکوو بە شکستهێنان بە یاسای کۆنەپەرستانەی حیجاب و عیفاف، سیمای شەقام و شارەکانی ئێرانی گۆڕیوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، هەر چەند وەخت جارێک بە داهێنانی نوێ، زیندوویی و پێشەنگبوونی خۆی بە ڕووی ماشێنی سەرکوتی ڕژیمدا دەکێشێت. بزووتنەوەی خوێندکاری بەردەوام درێژە بە خەبات و خۆڕاگری دەدات. زیندانیانی سیاسی بە ڕێکخستنی کەمپەینی “سێشەممەکان نا بۆ لەسێدارەدان”، لەپشت میلەکانی زیندانەوە، خەباتیان دژی سزای لەسێدارەدان خستووەتە قۆناغێکی نوێوە. مانگرتنی زیاتر لە ١٥٠٠ زیندانی لە قزڵحەسار دژی سزای لەسێدارەدان و هاوپشتیی زیندانیانی دیکە و بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەم مانگرتنە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام. بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە بواری ڕێکخراوبوونیشدا پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە. هاوکات، کۆمەڵێکی بەرین لە چالاکان و ڕێبەرانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری کە لە جەرگەی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا هاتوونەتە مەیدان، ماتریالی ئینسانیی پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەرییان فەراهەم کردووە.
ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی
بەردەوامبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ڕادیکاڵبوونەوەیان و ڕەوتی خێرای گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا، ماهییەتی سیاسی و چینایەتیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی تا ڕادەیەک ڕوونتر کردووەتەوە. ڕاستی توندڕەوی سەڵتەنەتخواز کە بە کۆنفرانسی جۆرج تاون و بڵاوکردنەوەی “مەنشووری مەهسا”، لە پشتەوە خەنجەری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ژینا دا، لەم دواییەدا پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی میدیای ئیسرائیلی “ھا ئاڕتس” زیاتر لە جاران ڕیسوا بوون و پەراوێزخراون. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە کە ڕێکخراوێکی ناحکومی لە ئیسرائیل، بە پاڵپشتیی دارایی دەوڵەتی نەتانیاھۆ و بە بەکارھێنانی ژیریی دەستکرد و ھەژماری ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەبلیغ و پڕوپاگەندەیان بۆ ڕەزا پەھلەوی کردووە.
بەشی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران، لە لایەنە کۆماریخوازە لائیک و سێکولارەکان، ڕێکخراوەکانی جبهەی میللی، سۆسیال دیموکراتەکان و نیولیبراڵە لایەنگرەکانی ڕۆژئاوا پێکدێت کە توێژێکی بەرین و ڕەنگاوڕەنگن. جەختکردنەوەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن لەسەر تێپەڕینی ئاشتییانە و دووری کردن لە توندوتیژی، ناوی نێهنیی ئەوانە بۆ دژایەتییکردنی شۆڕش. ئەمانە لە بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕش، زیاتر لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەترسن. کاتێکیش باس لە ڕووخاندن دەکەن، مەبەستیان ڕووخاندنی “نەرم و مەخمەلی” بە یارمەتیی هێزە ئیمپریالیستییەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە سەرووی خەڵکەوە. دوو پایەی سەرەکیی سیاسەتی ستراتیژیی هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی پاراستنی ئەرتەش و سپای پاسداران و پێکهاتەی بورۆکراسیی دەوڵەتی و هەوڵدان بۆ نەجاتی موناسباتی سەرمایەدارییە. بەشێک لە بۆرژوازیی ئێران، کۆمەڵێکی بەرین لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و توێژەکانی سەرەوەی وردەبۆرژوازی، بنکەی کۆمەڵایەتیی ئەم هێزانە پێکدەهێنن. ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، بە پشت بەستن بە ئاراستەی ڕاست لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، ستراتیژیی خۆی دەباتە پێشەوە؛ لە کوردستان حیزبە ناسیۆنالیستەکان بنکەی نفوزی ئەوانن. ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن، بەهۆی ئەو بنکە کۆمەڵایەتییەی هەیانە، ڕکابەری سەرەکیی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکارن لە خەبات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا. خاڵی لاوازی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران، هەر ئەو بەرنامە ئابوورییانەیە کە هەیانە. بەدیلی ئەم ڕەوتانە بۆ ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، پاراستنی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانە بە بەڕێوەبردنێکی غەیرە ئیسلامی و لەژێر پەردەی مافی مرۆڤدا. ئەوان لە ڕاستیدا دەیانەوێت دیکتاتۆریی غەیرەدینی و سیاسەتە نیولیبراڵییەکان، وە درێژەی هەرزانفرۆشکردنی هێزی کاری کرێکار بە مودیرییەتی غەیرەئیسلامی، وەک ئاکام و دەرئەنجامی شۆڕش، بۆ کرێکاران و چینە ژێردەستەکان بەدیاری بێنن. کۆنفرانسی نێونەتەوەیی “مافی مرۆڤ لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی” کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٧ و ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بەرامبەر بە ١٨ و ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بەڕێوە چوو، نوێترین هەوڵی ئەم بەشە لە هێزە بۆرژواییەکان بوو بۆ تەمرینی دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ لە ژێر پەردەی مافی مرۆڤدا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە