
سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی سێ بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.
ناوی ئەم سێ بەندکراوە “محەمەد رەزا بەدوی” تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “کۆسی” سەر بە قەزای نازلوی ورمێ، “رەزا مەولایی” تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “قۆلنجی” سەر بە قەزای ئەنزەلی ورمێ و مێهدی (ناوی خێزانی نادیار) ڕاگەیەندراوە. شایانی باسە، محەمەدرەزا بەدوی و رەزا مەولایی لە ساڵی ١٣٩٨، بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە، حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپێندراوە. هەروەها پێشتریش، مێهدی بە تۆمەتی هاوشێوەی ئەوان دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراووە.
جێگای ئاماژەیە، بە هەژمار کردنی ئێعدامی ئەم سێ بەندکراوە، لە ڕۆژی هەینی تا بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لانیکەم پێنج بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراون.