
ئاراستە و ئەرکی کۆمۆنیستەکان
بەو پێیەی کە هەڵسەنگاندنی دینامیزمی شۆڕش لە ئێران و ئەزموونی سەرجەم شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی سەدەی بیست و یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهان، هەروەها ئەزموونی ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ئێران، دەریان خستووە کە بەبێ ئامادەیی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا، ناتوانرێت پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە مسۆگەر بکرێت، لەم ڕووەوە، پێویست و زەروورییە کە تەواوی توانا و لێهاتوویی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک بەشێک لەم بزووتنەوەیە، بخرێتە خزمەت یەکخستنی سۆسیالیستەکانی ناو بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە دەوری ستراتیژییەتی سۆسیالیستی.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ستراتیژی سۆسیالیستی لە چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری دەخوازێت کە لە جەرگەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ئێستا، ئەم هوشیارییە لەنێو کرێکاراندا جەماوەری بکەنەوە کە ڕێگەی کۆتاییهێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نە تەنیا ڕاپەڕین دژبە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دژبە نیزامی سەرمایەداریی دەسەڵاتداریشە. واتە، ئاسۆی شۆڕشی سۆسیالیستی بخەنە بەردەم کرێکاران و تەواوی کۆمەڵگا، و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی کرێکارانەوە، هەوڵەکانی بەشە جیاوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرووی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە بە مەبەستی پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری، بخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئاڵقەیەکی سەرەکیی دیکەی ستراتیژی سۆسیالیستی، بەهێزکردنی ڕێکخستنی چینی کرێکار و دروستکردنی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران لەسەر بەستێنی خەباتی ئێستادایە. مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان کاریگەرترین میکانیزمی ڕێکخستنی کرێکارانن. کۆمیتەکانی کارخانە، کۆمیتەکانی مانگرتن، کۆڕە گشتییەکان، ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و پەرستاران، کە بەردی بناغەی شۆرا کرێکارییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دیکەی کرێکارانن لە داهاتوودا، بەرهەمی پرۆسەی خەباتی هەتا ئێستان. پێویستە سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری پڕۆژەیان هەبێت بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران لە بەشە جیاوازەکاندا، تا بە باشترکردنی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی چینی کرێکاردا، بگەنە ئەنجام.
بنەمایەکی دیکەی ستراتیژیی سۆسیالیستی، هەوڵدانە بۆ سەرتاسەری کردنی مانگرتنە کرێکارییەکان. لە بارودۆخی ئێستادا کە نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی سەرتاسەریی کرێکاران، بە ڕێگرێکی جددی لەبەردەم سەرتاسەری بوونی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری دێتە ئەژمار، دامەزراندنی ناوەندێک کە پێک هاتبێت لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و ئەو ڕێبەر و چالاکانەی کە لە ناو دڵی خەباتی کرێکاراندان و پەیوەندیی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ کرێکاراندا هەیە، تا ڕادەیەک دەتوانێت ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. دامەزراندنی ناوەندێکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە پێناو پێکەوەبەستنەوە و سەرتاسەری کردنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان.
بنەمایەکی دیکەی ستراتیژیی سۆسیالیستی، لە سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری دەخوازێت کە بۆ ڕێکخستنی کرێکاران و لە قۆناغی یەکەمدا ڕێکخستنی چالاکان و پێشڕەوە ڕادیکاڵەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە حیزبی سیاسی چینایەتی و کۆمۆنیستیی خۆیاندا، نەخشەیەکیان هەبێت. چونکە چینی کرێکار بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە تایبەتە چینایەتییەکانی خۆی لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی خەباتی ئابووری، سیاسی و تیۆریدا، هەروەها بۆ ئامادەبوونی سەربەخۆ لە مەیدانی ململانێ و کێشمەکێشە چینایەتییەکاندا و بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری، پێویستی بە حیزبی سیاسی کۆمۆنیستیی خۆیەتی. بزووتنەوەی کرێکاری بە پێشڕەویکردن لەم بوارانەدایە کە دەتوانێت بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی دژی لەسێدارەدان و… لەگەڵ خۆی هاوڕێ بکات و ببێتە بڕبڕەی پشتی مانگرتنە گشتییە سیاسییەکان و ڕێکخستنی ڕاپەڕین بەمەبەستی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی چینایەتیی دەسەڵاتدار.
بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بۆ جێگیرکردنی دەستکەوتەکانی تا ئێستای، پێویستە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەنێو توێژی ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشدا قایمتر بکات. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، مامۆستایان و پەرستاران وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و هەروەها دەورونەخشیان لە بزووتنەوەی خوێندکاران و کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام”، تواناییەکانی بزووتنەوەی ژنانی لە بواری ڕێکخستن و ڕێبەریدا نیشانداوە. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن دەتوانێت لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی پەراوێزی شارەکانیشدا، بە ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەو گەڕەکانە لە ئەنجومەن و شۆراکانی ژناندا، بەشێکی دیکە لە هێزی مەزنی خۆی بهێنێتە مەیدان. سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی ژنان بە هێنانە مەیدانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە و بە ستراتیژیی یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریدایە کە دەتوانن پێشڕەویی بزووتنەوەی ژنان مسۆگەر بکەن.
لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، گرنگترین میکانیزم بۆ ئامادەکاری لە پێناو وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ پێشڕەوی و پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکەن، بریتییە لە هەوڵدانی کۆمەڵە و باقی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو وەڕێخستنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی گرانی، بێکاری، کەمبوونی ئاو و بەرق، دژی سەرکوتگەرییەکانی ڕژێم، هەروەها یارمەتیدان بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییانە، پەیوەنددانی چالاکوانان و ڕێکخەرانی ئەم بزووتنەوانە و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی تۆڕێکی ڕێبەری لەسەر ئاستی گەڕەکەکانی شارەکانی کوردستانە. بەهێزترکردنی ئیعتباری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستی و داکۆکیکاری لێبڕاوی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هەر لەم ڕێگەیەوە تێدەپەڕێت.
لە بارودۆخێکدا کە سەرکوتکردن بە مەبەستی تۆقاندنی خەڵکی ناڕازی و وەگیانهاتوو، بووەتە ستراتیژیی مانەوەی هەموو باڵەکانی حکومەتی ئیسلامی، پێویستە بە پەرەپێدانی پشتیوانی لە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” و بە جەماوەری کردنەوەی دروشمی “زیندانیانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێن”، ستراتیژیی سەرکوتی ڕژێم پاشەکشەی پێ بکرێت. پێویستە داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادیی زیندانیانی سیاسی، ببێتە داخوازیی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەو و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان. هەر لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ببێتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ ڕێکخستنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لەدژی شەپۆلی ئێعدام و لەپێناوی ئازادیی زیندانیانی سیاسی.
لەکاتێکدا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیلدا، دۆخی ‘نە شەڕ و نە ئاشتی’ بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە و بەم بیانووەشەوە کەشی کۆمەڵگای ئەمنییەتی کردووە و ئێعدامەکانی زیاد کردووە، دەبێت ماهییەتی کۆنەپەرستانەی ئەم کێشمەکێشانە ئاشکرا بکرێت. شەڕ و ململانێی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و تەماحکارییە ناوچەییەکان، هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەڵکی ئێران و ناوچەکەوە نییە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی ستراتیژیی مانەوەی خۆیدا، تا ئێستا سەدان ملیارد دۆلار لە سەرچاوەکانی سامانی کۆمەڵگا و لە بەرهەمی ڕەنج و چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانی بۆ پڕۆژە و بەرنامە ئەتۆمییەکان خەرج کردووە کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ چووەتە چاوی خەڵکی ئێرانەوە. شەڕ و ململانێی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، درێژەی سیاسەتەکانی تا ئێستایە و لە هەردوو لاوە، ماهییەتێکی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەی هەیە. چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، بۆ ڕزگاربوون لە مەترسیی شەڕ و گەمارۆ ئابوورییەکان، هیچ ڕێگەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە چڕکردنەوەی خەبات، هەوڵی زیاتر بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانیان و پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری بۆ ڕێکخستنی ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی.
لە بارودۆخێکدا کە پرۆسەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەمێکە دەستی پێکردووە و پایەکانی دەسەڵاتەکەی یەک لەدوای یەک هەڵدەتەکێن و کۆمەڵگاش لەسەروبەندی گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازدایە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، وەک ڕێکخراوی کوردستانی ئەم حیزبە و بەشێک لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران، بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی سەرەوەیە کە دەتوانن ڕۆڵی خۆیان لە ڕێکخستنی بنکەی کۆمەڵایەتیی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستیدا بگێڕن. حیزب و ڕێکخراو و هێزەکانی ئێستای ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران، کە کاریگەرییە سیاسی و مەعنەوییەکانیان لەسەر کەشی سیاسی و خەباتگێڕانەی ناوخۆی ئێران حاشاهەڵنەگرە و ڕەنگدانەوەی چالاکییەکانیان لە پەرەسەندنی هوشیاری و شەفافبوونی داواکارییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هێزی چەپی کۆمەڵایەتیدا بەدی دەکرێت، تەنها بە ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە، واتە یەکخستنی چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە دەوری ستراتیژییەکی سۆسیالیستی، دەتوانن ئەرکە مێژووییەکانی خۆیان بەجێ بگەیەنن. هەر لەم ڕێگەیەشەوەیە کە دەتوانن پەیوەندییە سیاسی و مەعنەوییەکانی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و چەپی کۆمەڵایەتیدا بۆ پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیک بەرز بکەنەوە. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان، بەم تێڕوانینەوە دەتوانن هاوکاری و چالاکییەکانیان بەهێزتر بکەن. کۆنفرانسی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، کە بڕیارە ١٠ی ژانویەی ٢٠٢٦ لە شاری ستۆکهۆڵم ببەسترێت، دەتوانێت بەم ئاسۆیەوە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە ڕێڕەوی بەرەوپێشبردنی چالاکییە هاوبەشەکاندا لەپێناو وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە