فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی دەستبسەر کرانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان
دوشەممە ۱۹-۰۸-۱۴۰۴   |  10-11-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سیروان خوداکەرەمی، خەڵکی سەقز لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەر کران، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی سیروان خوداکەرەمی زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
هەروەها ئێوارەی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، “حەمید فەرهادی” هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای دەستبەسەرکردنی حەمید فەرهادی، پاش پشکنینی چڕی ماڵەکەی، هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیان زەوت کردووە. ئەم هاووڵاتییە پێشتریش بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» حوکمی ١٤ مانگ بەندکرانی تەعزیری و پێبژاردنی ٣٠ ملیۆن تمەن بەسەریدا سەپێنرابوو، کە سەرەڕای هەڵپەسێردرانی سزای بەندکرانەکەی، بەهۆی نەدانی پارە، ناچار ببوو، چوار مانگ لە زیندان بەسەر بەرێت.