دەستبەسەر کرانی چوار هاووڵاتیی لە شارەکانی سنە و دیواندەرە
چوارشەممە ۲۱-۰۸-۱۴۰۴   |  12-11-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، فەرشید مەنسووری، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵكی گەڕەكی عەباساوای سنە لە ماڵەكەی دەستبەسەر كرا.
هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، “بێهنام نووری” خەڵكی گوندی “قوڵیان”ی سەر بە سنە و “كاوە عەبدی” تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵكی دیواندەرە دەستبەسەر کراون. هاوكات، هاووڵاتییەكی دیكەی خەڵكی سنە بە ناوی “فواد مورادی” لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی بنەماڵەییەكەی دەستبەسەر كراوە. بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بێهنام نووری، لە ماڵەكەی خۆی و كاوە عەبدی، ئەندازیار لە كاتی گەڕانەوە لەسەر كارەكەی لە دێهگولان بۆ دیواندەرە، دەستبەسەر كراون. هەتا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.