
بە پێی زانیارییەکان، شاهو سەفەری کارمەندی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانی سنە، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لە بەردەم بینای ئەو ئیدارەیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شاهو سەفەری، تەمەن ٣٤ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، کارمەندی گرێبەستی شارەوانی سنە بووە کە نزیکەی چوار ساڵ بوو بە گرێبەستێکی کاتی لە ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارەدا کاری کردووە. ناوبراو لە ناڕەزایەتیی بە پێنەدانی موچە و ئیمتیازاتی چوار مانگی ڕابردووی، لە بەردەم بینای ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی سنە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە. شایانی باسە، ناوبراو پاش ئەنجامدانی ئەو کارە نزیکەی لەسەدا ٣٠ی ئەندامەنی جەستەی لەوانەش “دەست و سنگ و مل و شانەکانی” سووتاوە و لە ئێستادا لە بەشی سووتاوی و چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە خەوێندراوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو بە ئامێری هەناسەدانەوە بەستراوەتەوە و باری گشتی تەندروستی مەترسیدارە.