
لەبەردەوامی وشکبوونی سەراو زۆنگاوەکان و بەنداوەکانی ئێران بەهۆی کەمیی بارانبارین و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوی و بەنداوەکان، ئەم قەیرانە بەنداوی بۆکانیشی گرتووەتەوە و ئاستی ئاوەکەی زیاتر لە ١٠ میتر دابەزیوە.
ئەم بەنداوە ئاوی زیاتر لە ٢٣ شار و ١٢٣ گوندی سێ پارێزگای ئێران دابین دەکات. رێژەی رژانی ئاو بۆ ناو مەخزەنی بەنداوەکە لە یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی یەک ملیارد مەتر سێجا دابەزیوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی توانایی گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە دابەزێت. بەنداوی بۆکان دەکەوێتە باشووری دەریاچەی ورمێ و وەکوو پڕئاوترین بەنداوی پارێزگای ورمێ دەناسرێ. ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە و ئاوی تایبەت بۆ کاری پیشەسازی و ئاوی زیاتر لە ٥٥ هەزار هێکتاری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە دابین دەکات.