فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەڵوێستی شەڕەنگێزانەی خامنەیی، لەسەر بەستێنی توندبوونەوەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان
شەممە ۲۴-۰۸-۱۴۰۴   |  15-11-2025

ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت کە پێکهاتوون لە (ئەمریکا، کانەدا، ژاپۆن، ئیتالیا، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان)، لەگەڵ “کایا کالاس” بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئورووپا، لە کۆتایی کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژەدا لە کانەدا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کرد کە لەگەڵ ئەمریکا بکەوێتە وتووێژی ڕاستەوخۆوە. لەم بەیاننامەیەدا ئەوان هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە: “ئێمە داوامان لە کۆماری ئیسلامی کردووە، بە تەواوی پابەندی ئەرکەکانی بێت لە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە: “کۆماری ئیسلامی دەبێت لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هاوکار بێت و ڕێگە بدات پشکنین بۆ هەموو ماددە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکرێت”. سەرەڕای ئەوە، لەم بەیاننامەیەدا داواشیان لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە لە جێبەجێکردنی یاسایی میکانیزمی ماشە و ڕەچاوکردنی گەمارۆکان، پابەندی ئەرکەکانیان بن.

هەڕەشەکانی گرووپی حەوت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی نهێنی “ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی” لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر دێت، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو: “لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە جەریانی شەڕی ١٢ ڕۆژە، ئەم ئاژانسە توانای پشتڕاستکردنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئاستی نزیک بە چەکی ئەتۆمی لەدەستداوە و پێویستە دۆخی ئەم ماددانە هەرچی زووترە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت”.

لە بەرامبەر ڕاپۆرت و هەڕەشەکانی ئاژانس و دەوڵەتانی گرووپی حەوت، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی، داواکارییەکەی ئەوانی بە “دووڕووانە و دەست‌تێوەردەرانە” ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەم داواکارییە بەبێ بچووکترین ئاماژە بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل و بۆ پشتیوانیکردن لێیان ئەنجام دراوە. ناوبراو وتی کە ئەم داواکارییە لەئانقەست، هەموو دەستپێشخەری و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشخستنی دیپلۆماسی نادیدە گرتووە. سەرەڕای ئەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەڵوەر بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: “دووپات بوونەوەی هەڵوێستەکانی وڵاتانی ئەندامی گرووپی حەوت لە پشتیوانیکردن لە هەنگاوی ئورووپا و ئەمریکا بۆ کاراکردنەوەی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی بڕیارنامە و گەمارۆکانی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایش، بە واتای پشتیوانیکردنە لە هەنگاوێکی پێشێلکارانەی نێودەوڵەتی”.

ئەم هەڵوێستانەی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیم، لە دوای وتارەکانی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەر دێت کە تێیدا وتی: “درووشمی مەرگ بۆ ئەمریکا، نیشانەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژموونی ئەمریکایە. داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی هێمایەک بوو بۆ دەرکەوتنی ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەمریکا و نیشانەی دوژمنایەتیی زاتیی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوو. ناکۆکیی ئێران و ئەمریکا تاکتیکی نییە، بەڵکوو زاتییە و لە ناسازگاریی بەرژەوەندی و لە زاتی ئیستکباریی ئەمریکا بەرامبەر بە شۆڕشی ئیسلامی و سەربەخۆییی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت”. خامنەیی بە دەرئەنجام وەرگرتن لەم لێدوانانە ڕایگەیاند، تا کاتێک واشینگتۆن لە ڕژیمی زایۆنی پشتیوانی دەکات و بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکە کۆ نەکاتەوە، ئەگەری تاوتوێکردنی هاوکاری بوونی نییە. پێویستە ئەمریکا بە تەواوی دەستوەردان و پشتیوانییەکانی لە ڕژیمی زایۆنی بوەستێنێت. هەڵبەت پێش ڕاگەیاندنی ئەم مەرجانە، لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەریشدا کاتێک پزیشکیان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت و باسی درێژەدان بە وتووێژی عەباس عێراقچی و شاندی یاوەری لەگەڵ ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەندامی ئەندامی ڕێککەوتنی بەرجام بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە لە ئارادا بوو، عەلی خامنەیی بە مەبەستی تێکدانی، ڕایگەیاند: “وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا هیچ سوودێکی بۆ ئێمە نییە و ناتوانێت یارمەتیی چارەسەرکردنی هیچ کام لە کێشەکانمان بدات”. ئەم وتانەی ئەو، گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئورووپایی دژی ئێران مسۆگەر کرد. گەڕانەوەی ئەم گەمارۆیانە تێچوویەکی قورسی دیکەی خستووەتە سەر ژیانی هەژارانەی خەڵکی کرێکار و  زەحمەتکێشی کۆمەڵگا.

ئێستا پێنج مانگ دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هەڵیت و پڵیتەکانی بەرپرسانی ڕژیم سەبارەت بە نەبوونی ئەگەری هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و بەردەوامبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی دروستکردنی مووشەک بە مەودای بەرزتر، زۆرێک لە نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە هەنگاوی پشتی پەردەی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادایە. لەمبارەیەوە، فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حکوومەتی پزیشکیان ڕایگەیاند کە “وەزارەتی دەرەوە هێندێک پەیامی بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا پێگەیشتووە”؛ ئەندامێکی نووسینگەی خامنەیی باسی لە دژایەتی نەکردنی ڕێبەر لەگەڵ بنەمای وتووێژی “زیرەکانە بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشە” کردووە؛ ئیسماعیل بەقایی باسی لە بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیام لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە کردووە؛ مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ گەیاندنی پەیام بە ئەمریکا، سەردانی سەڵتەنەتی عومان دەکات و جەواد زەریف داوا لە ئەمریکا دەکات سیاسەتی “تەسلیمبوونی بێمەرجی کۆماری ئیسلامی” وەلا بنێت و ڕوو لە وتووێژی ڕاستەقینە بکات.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا دێن کە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە بە پێشکەشکردنی یارمەتیی سەدان ملیۆن دۆلاری بە حیزبوڵڵای لوبنان و هەوڵدان بۆ چەکدارکردن و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاومەت”، نەک هەر ئەگەری وتووێژ ناهێڵێتەوە، بەڵکوو ڕۆژانە ژمارەیەکی زیاتر لە کەسایەتی و کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی کۆماری ئیسلامی، دەخرێنە لیستی گەمارۆکانەوە. حکوومەتی ئیسلامی بەم هەنگاوانە بە کردەوە ئاو دەکاتە ئاشی سیاسەتە دواکەوتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی و ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئێران زیاتر دەخاتە تەنگانە و گوشارەوە و لە هەمان کاتدا زەمینە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی تر لەلایەن حکوومەتی تاوانکار و جینۆسایدکەری ناتانیاهوەوە دژبە ئێران خۆش دەکات.

هەڵوێستی شەڕخوازانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە پزیشکیان، سەرۆک کۆماری بێدەسەڵات، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر بە دان پێدانان بە بوونی ئاڵۆزی و ناکۆکیی قووڵ لەنێوان سەرکردەکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا وتی: “لە ئەگەری نەبوونی عەلی خامنەییدا، وڵات (بخوێنەرەوە کۆماری ئیسلامی) ڕووبەڕووی هەڵوەشانەوەی ناوخۆیی دەبێتەوە و پێویستی بە هێرشی ئیسرائیلیش نابێت”.

بەڵام جیا لە ناکۆکییە قووڵە ناوخۆییەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای حکوومەت و فەرماندەکانی سپای پاسداران، ڕژیمی گەندەڵ و دژە مرۆییی کۆماری ئیسلامی تەمەنی بەسەرچووە و دوور نییە ئەو کاتەی کە لەسەر بەستێنی پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ڕاپەڕیوی ئێران، پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەرییەوە دابین ببێت و ئەم ڕژیمە تاوانکارە بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv