
لە کاتێکدا سێ ساڵ بەسەر بێسەروشوێن کرانی عوسمان مامە هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تێدەپەڕێ، تا ئێستا هیچ ناوەندێکی حکوومەتی بەرپرسیارێتیی ئەو تاوانەی وەئەستۆ نەگرتووە و ژیانی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری خۆی داناوە.
بە وتەی ئەردەڵان مامە، کوڕی عوسمان مامە، دوایین وەڵامی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئەوە بووە کە «دۆسیەکەی پەیوەستە بە وەزارەتی ئیتلاعات» و ئەم ناوەندەش هیچ وەڵامێکی سەبارەت بەو باسە نەداوەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە شەهێن عەبدولقادری هاوژینی عوسمان مامەش لە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە سەردەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە پشتەسەرەوە لە مەودایەکی نزیکەوە بە ٣٠٠ فیشەکی ساچمەیی پێکرا و تا ئێستاش بەدەست شوێنەواری جەستەیی و دەروونیی ئەم ڕووداوەوە، ئازار دەکێشێت. هەروەها ئەردەڵانی مامە هەر لەو سەردەمەدا بە تەقەلێکردنی ٢٠ فیشەکی ساچمەیی هێزە حکوومەتییەکان بریندار کرا و ئەم بریندارییە بە هۆی درەنگیی لە چارەسەریی پێکرانەکە، لەسەر دۆخی تەندروستیی ناوبراو کاریگەر بووە.