فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژنکوژی و پێویستیی گۆڕانکاریی بنەڕەتی
یەکشەممە ۲۵-۰۸-۱۴۰۴   |  16-11-2025

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤، وێنەیەکی کۆمەڵگای ئێران دەخەنە ڕوو کە زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەبەردەم توندوتیژیی پێکهاتەییدایە. لە ماوەیەکی کورتدا ٤٥ بۆ ٦٢ ژن کوژراون. لە وەرزی هاویندا، ئاماری کوشتنەکان لە ژێر ناوی “نامووس” گەیشتووەتە ڕێژەی مانگانەی ١٠ حاڵەت، واتە هەر سێ ڕۆژ ژنێک. زیاتر لە ٥٤٪ی ئەم کوشتنانە لەلایەن هاوسەرەوە و بەشێکی گەورەی لەلایەن باوک و براوە ئەنجام دراون. ئەم مردنانە ڕووداوی پەڕاکەندە نین، بەڵکوو ئەو ساتانەن کە تێیدا توندوتیژیی پیاوسالارانە، هەژاریی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی پێکەوە جەستەی ژن دەکەنە ئامانج. هەر بۆیە، پێویستە ئەم دیاردەیە نەک وەک شتێکی نەشیاوی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو وەک دەبێ وەک ئاکامی لۆژیکیی پەیوەندیی خاوەندارێتی، کۆنترۆڵ و زاڵبوون لە کۆمەڵگای سەرمایەداریی پیاوسالاردا هەڵسەنگێندرێت.

لە گەڕەکە کرێکاری و پەراوێزنشینەکان، لە تارانەوە تا ئەهواز و لە ورمێوە تا زاهیدان، توندوتیژی دژی ژنان بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. ئەوەی کە سەردەمانێک مایەی ڕیسوایی بوو، ئەمڕۆ بووەتە «شتێکی ئاسایی». کاتێک میدیا حکوومەتییەکان و دەزگای دادوەری، ژنکوژی بە «کێشەی خێزانی» ناودەبەن، لە ڕاستیدا زمانی فەرمیی دەسەڵات، شەرعییەت بە توندوتیژی دەبەخشێت. ئەم زمانە نەک هەر ڕاستی دەشارێتەوە، بەڵکوو توندوتیژی وەک دیاردەیەکی سروشتی، قبووڵکراو و ئاسایی نیشان دەدات.

توندوتیژیی پێكهاتەیی وەک هەوای ئاڵوودە و پیس وایە کە نابینرێت، بەڵام لە هەموو هەناسەیەکدا بوونی هەیە. لە نێو دڵی ئابووریی داڕماو، دابەزینی توانای کڕین و پەرەسەندنی هەژاری و بێکاریی پێکهاتەییدا، توندوتیژییش زیادی کردووە. ئەو پیاوانەی لە شوێنی کار سووکایەتییان پێ دەکرێت، لە کارەکەیان نامۆ بوون، کرێکەیان پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەیان دابین ناکات و هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر ژیانی گشتیی خۆیاندا نییە، دەگەڕێنەوە ماڵەوە تا دوا پەناگەی دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. لە بارودۆخێکی وەهادا، توندوتیژی دژی هاوبەشی ژیان، دژی ژن، تەنیا ئامرازێکە کە بە خەیاڵی خۆیان «دەسەڵات»یان بۆ دەگەڕێنێتەوە. بۆ سیستەمی سەرمایەداری، بنەماڵەی پیاوسالار دامەزراوەیەکی پێویستە. بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار، لە کاری ماڵەوە تا چاودێری، لەسەر شانی ژنە و ئەم کارە بێکرێیە، قازانجی سەرمایە مسۆگەر دەکات. هەر بۆیە، ژن دەبێت «گوێڕایەڵ، پاشکۆ و کۆنترۆڵکراو» بمێنێتەوە.

ژنکوژی، ئەم تاوانە قێزەونە، ئەو ساتەیە کە ئەم کۆنترۆڵە دەبێتە توندوتیژییەکی تۆخ. یاسا لە ئێراندا ئامرازی بەرهەمهێنانەوەی زۆردارییە. لە «مافی» پیاو لە تەڵاقدانەوە تا جیاوازیی خوێنبایی، لە کەمکردنەوەی سزای قەتڵی “نامووسی” تا پێناسەکردنی پیاو وەک «سەرپەرشتیار»، هەموو ئەوانە ڕایدەگەنێت کە جەستەی ژن بەشێکە لە موڵکی پیاو. ژنکوژەکان، زۆربەی کات بەبێ هەستکردن بە تاوان، لەو باوەڕەدان کە یاسا پشتیان دەگرێت؛ و ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە یاسایەکی لەم چەشنە، هەر بۆ ئەم کارە داڕێژراوە.

دوای ئەزموونی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ژنان و کچانی لاو زیاتر لە هەر کاتێکی تر داوای سەربەخۆیی ئابووری، ئازادیی تاکەکەسی، ئازادیی جنسی و مافی هەڵبژاردنی شێوازی ژیانیان دەکەن. ئەم گۆڕانکارییە، بناغەکانی خێزانی پیاوسالاری خستووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت کار بکەن، بخوێنن، تەڵاق وەربگرن، یان لە پەیوەندییەکی توندوتیژ هەڵبێن، دەبنە قوربانی؛ نەک تەنیا لەبەر «شکاندنی دابونەریت»، بەڵکوو لەبەر هەڕەشە کردن لە سیستەمی پێکهاتەیی باو. توندوتیژیی ناوماڵ لە توندوتیژیی حکوومەتی ئیسلامی جیا ناکرێتەوە. هەر ئەو حکوومەتەی کە بە باتۆم، هەڕەشە، گولـلە و سێدارە خۆی بەسەر شەقامدا دەسەپێنێت و لە ڕاستیدا لۆژیکی توندوتیژیی کردووەتە مۆدێلی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، هەوڵ دەدات پلەبەندی، کۆنترۆڵ، گوێڕایەڵی و سەرکوت لە ژینگە بچووکەکەی ماڵەوەشدا بسەپێنێت.

لە ئێران و لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، زاڵبوونی یاسا ئایینییەکان، نەریتەکانی کۆمەڵگای پیاوسالار، چاولێکردنی ژن وەک کاڵا و بەشودانی منداڵان، بارودۆخی ئەم کوشتنە قێزەونانەیان خوڵقاندووە. پیاوانی بنەماڵە کە لە ژێر کاریگەریی ئەم کەلتوورە دواکەوتوو و کۆنەپەرستانەیەدان، وەک فەرمانڕەوای ماڵ، دەستدرێژیی سێکسی بە «مافێکی سروشتیی» خۆیان دەزانن و هاوکات کوشتنی ژنانیش بە «بەرگریکردن لە نامووسی» خۆیان هەژمار دەکەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ژنە کە دەبێتە قوربانی. ئەگەر ژن کاڵایە، کەواتە کۆمەڵگای بۆرژوازیی پیاوسالار ئەو مافە بە خۆی دەدات کە چۆنی بوێت، ئاوا هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەم کاڵایەدا بکات. جارێک وێنەی ژن وەک ڕیکلام بۆ فرۆشتنی کاڵاکانی تر بەکاردەهێنێت و بە دار و دیوارەوە هەڵیدەواسێت یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکاتەوە. جارێکی تر بە ناوی کرێکاری سێکسی و جارێکی تر بە ناوی سیغە لە بازاڕی پڕقازانجی لەشفرۆشیدا هەڕاجی دەکات. لە چادر و لەچکدا دەیپێچێتەوە تا لە چاوی خەڵکی تری بپارێزێت. لە ستایشی منداڵ هاوسەریدا دەست دەکا بە تەبلیغ و پڕوپاگەندە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، «بەڵگەنامەی نەتەوەیی مافەکانی منداڵ» و «گەڵاڵەی قەدەغەکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان» هەڵدەبەستێت.

لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا، چینی کرێکار هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە دەبێت دژی میراتی کۆنی پیاوسالاری لە نێو ڕیزەکانی خۆیدا خەبات بکات، پێویستە خەبات دژی توندوتیژیی جێندەری بە ئەرکی خۆی بزانێت. پێویستە ژنانی کرێکار لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی ڕێکخراو بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژناندا بن. بزووتنەوەی کرێکاری دەبێت هاوپشتی لەگەڵ ژنانی قوربانیی توندوتیژی و ڕاکێشانیان بۆ ناو خەباتی بەکۆمەڵ بە ئەرکی خۆی بزانێت. ژنان بە دروستکردنی ڕێکخراو و دامەزراوەی سەربەخۆ لە دەوڵەت، دەتوانن توندوتیژیی ناوماڵ لە چوارچێوەی تایبەت دەربهێنن. پێویستە ڕێبەران، دامەزراوە و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران بە هەڵوێست گرتن لە ئاست ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان، هەستیاریی کۆمەڵگە ببزوێنن. بەبێ بەشداریی چالاکانەی چینی کرێکار، هیچ گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی قووڵ مومکین نییە. پەرەپێدان بەم توندوتیژییە نەک لە هێزەوە، بەڵکوو لە لاوازیی پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار و ترسی لە ئازادیی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام ئەم خوێنانە دەتوانن ڕیشە داکوتن و ببنە هێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv