
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، فەرەیدوون ڕۆستەمی، خاوەن بڕوانامەی کارناسی و فەرمانبەری بە پێشینەی ۶ ساڵ کار لە شارەداریی کانیدینار، لەدوای ئازار و ئەزیەت و هەرەشەی بەردەوام لە لایەن حیراسەتی ئەم شارەدارییەوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
شایانی باسە، هاوکارەکانی فەرەیدوون بە کەپسوولی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئاگرەکە بکووژێننەوە و ناوبراو لە مردن ڕزگاری بکەن، بەڵام پاسەوان و چەکدارە حکوومەتییەکان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و ڕێگرییان لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک کردووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، فەرەیدوون ڕۆستەمی بە هۆی گوشار و سووکایەتی پێکردنی بەردەوام لە لایەن “شیما محهممهدی”، بەرپرسی حیراسەتی شارەوانیی کانی دینار و کچی کەریم محهممهدی لە ئەندامانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە فەرەیدوون ڕۆستەمی پێشترش بە هۆی گوشارەکانی ناوبراو لە کارەکەی دوورخرابوویەوە و پاش گەڕانەوە، نەک لە پلەی پێشووی، بەڵکوو لە پلەی سەرکرێکار دەستی بە کار کردووە و لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناچار کرا بوو کارە خزمەتێتییەکان وەکوو گسکدانی شەقام و کۆڵانەکانی ناو شار جێبەجێ بکات، کە لە کۆتاییدا ئەو فشار و ئازارە بوبەهۆێ خۆسووتاندنی ئەو هاووڵاتییە.