
بە پێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، میلاد کەرەمی، تەمەن ۳۹ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە ڕێگای چوونە نێو شاری تێکاب کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی میلاد کەرەمی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کراوەتە ئامانج و لە ئاکامی ئەو تەقەیەدا، میلاد کەرەمی گیانی لەدەست داوە و هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی موختار گودەرزی کە لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلەدا بووە، بریندار و دواتر دەستبەسەر کراوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە ۲۴ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری خۆی بەناوەکانی خالیس پەرویزی و یووسف پەرویزیی کە برای یەکتربوون، لە سنووری کۆتۆل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە درابوونە بەر دەستدرێژی گوللە و هەردووکیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست دابوو.