
ئەمڕۆ پرسی نەتەوەیی کورد وەک بوونێکی عەینی و بابەتی (ئۆبژێکتیڤ) لەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی ئەم پرسەن، بووەتە پێکهاتەیەکی گرنگ لە شیکردنەوەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لە هەر کاتێک ڕەنگدانەوەی جیهانیی پەیدا کردووە. ئەم دۆخە عەینییە تەنها بەو هۆیەوە نییە کە لە دێر زەمانەوە ستەمگەری لە دژی خەڵکی کوردستان بوونی هەبووە و لە قۆناغە جیاوازە مێژووییەکاندا دژ بەم ستەمگەرییە بزوتنەوە جەماوەرییەکان وەڕێکەوتوون، بەڵکو بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەهۆی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕەکانی چەند دەیەی ڕابردوو و ڕەوتەکانی ئێستاوە هاتووەتە ئاراوە.
زیاتر لە چوار دەیەیە کوردستانی ئێران هەمیشە یەکێک لە ناوەندەکانی ناڕەزایەتی و خەبات دژ بە هەڵاواردن، نادادپەروەری و چەوساندنەوە و سەرکوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە. یەکێک لە داخوازییە گرنگەکانی خەڵکی کوردستان، نەهێشتنی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی بووە، کە هەندێک جار بووەتە داخوازی سەرەکی خەباتی خەڵکی کوردستان. هەرچەندە، لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە کوردستاندا، حیزبە ناسیونالیستەکان، لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی کوردەوە، هەوڵیان داوە داواکاری دیموکراسی و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی خەڵکی کوردستان پەراوێز بخەن و بەم شێوەیە ئاسۆی ئەم بزووتنەوەیە بە هاوبەشبوونی خویان لە دەسەڵاتی سیاسی سنووردار بکەن، بەلام بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی، بەهۆی دەوری سەرەکی کۆمەڵە، بەلێکگرێدانی خەبات بۆ نەهێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەیی و داخوازییە دیموکراتیک ویەکسانیخوازەکانی دیکە لەگەڵ خەباتی چینایەتی، توانیویەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بگۆڕێت بۆ یەکێک لە پایەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ئێران و ناوچەکەدا. ئاخێزی جەماوەری ژن، ژیان، ئازادی، وەک دوایین ئاڵوگۆری سیاسی و شۆڕشگێڕانەی ئێران و دەوری سەرەکی و پێشرەوی خەڵکی کوردستان لەم پێشهاتەدا، ڕەنگدانەوەی ئەم واقیعەیەتن.
لە کوردستانی عێراقدا، دوای ڕووخانی سەدام و دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی بە ڕێککەوتن و هاوکاریی ئەمریکا لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی، لایەنە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکان لە ڕێگەی سیستمی پەرلەمانییەوە دەسەڵاتی سیاسییان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە و بە کردەوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی چەوساوەی کوردستانیان لە ئیدارە و بەڕێوەبردن و چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگا بەدەرکردووە، و داواکارییە دیموکراتیک و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازەکانیان سەرکوت و پەراوێز خستووە. ئەم حیزبانە خەباتی مێژوویی گەلی ستەملێکراوی کوردستانیان کردۆتە پاڵپشتێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی و قازانج و بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان. هەرچەند لە کەلتوور و ئەدەب و هونەر و ئاڵا و سروود و هێمای نەتەوەیی و ناسیونالیستی بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە سندووقەکانی دەنگدان کەڵک وەردەگرن، بەڵام دوای سێ دەیە لە حوکمڕانی هێشتا نەیانتوانیوە ستەمی نەتەوەیی بنبڕ بکەن. بۆیە بەدرێژایی چەندین ساڵ گۆڕەپانی سیاسی عێراق جێگای ململانێ و مشتومڕ لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بووە، چارەنووسی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت، تەرخانکردنی بودجەی حکومەت، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، پێدانی مووچەی مانگانە بە فەرمانبەرانی حکومەت و هتد، و پرسی کورد بە چارەسەرنەکراوی، وەک ئێسکێک لە برینێکدا ماوەتەوە وچارەسەر نەکراوە.
لە کوردستانی تورکیا، لە چل ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە دژی سیاسەتی شۆڤێنیستی و میلیتاریستی حکومەتی ناوەندی بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی بەردەوامە. پارتە ناسیۆنالیستەکانی وەک پەکەکە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و دواتر پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) رێبەری ئەو بزووتنەوەیە بوون. رەوتێک کە بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان تێکۆشانی دەکرد، سەرەڕای ئەو ئاڵۆگۆرە بنەرەتیە فیکریانەی بەسەریدا هاتووە و ئەو گۆڕانکارییە بنچینەییانەی کە لە ستراتیژیە سیاسییەکەیدا ڕوویانداوە، هەڵوێست و ڕێبازی کردەیی هیچ کاتێک پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانەوە نەبووە. سەرەڕای ئەمەش، خەباتی چەکداری پەکەکە، وەک یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی دەربڕینی ئەم بزووتنەوەیە، لەدژی حکومەتی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ و کاندیدی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا و بە پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیە و ڕەنگدانەوەی ڕێژەیی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵوێستێکی بابەتیتری بە پرسی نەتەوەیی کورد بەخشیوە لە چاو پێشووتر، وەک پرسێکی چارەسەرنەکراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە گێژاودا پێگەیەکی عەینی پێبەخشیوە.
سەرەرای ئامادەیی و ڕاگەیاندنی چەند جارەی ئەم رەوتە بۆ دانوستان و دیالۆگ و ئاشتی و ئاشتەوایی لەگەڵ حکومەتی تورکیا و لەم دواییانەشدا پڕۆسەی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە پ کا کا، بەبێ ئەوەی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە تورکیا بچوکترین نیازپاکی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستانی تورکیا نیشان دابێت، بە پلەی یەکەم ئامانجی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بووە نەک بیرکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکە و کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی. ستراتیژی سیاسی هەدەپە و پاشان پارتی دیموکرات گەلان کە لەلای رای گشتی بە لقی ئاشکرا و یاسایی پەکەکە دەناسرین، بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری بووە لە ڕێگەی خەباتی پەرلەمانی و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و کۆنترۆڵکردنی خەباتی جەماوەری لە چوارچێوەی تەسکی یاساکانی حوکمڕانانی تورکیا دا.
کوردستانی سوریا یەکێک بووە لە ناوەندەکانی خەبات لە دژی چەوساندنەوە و جیاکاری و نایەکسانی نەتەوەیی کە لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکانەوە بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە. گەلی کورد لە سوریا بە باکگراوندێکی مێژوویی خۆیەوە ١٤ ساڵ لەمەوبەر چالاکانە بەشدارییان لە ڕاپەڕینی جەماوەری گەلی سوریا دژ بە دیکتاتۆریی ڕژێمی بەشار ئەسەد و کۆتاییهێنان بە جیاکاری و نادادپەروەری کرد ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە لە ئەنجامی سەرکوتکردنی خوێناوی و دەستێوەردانی حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە پەراوێز خرا و سوریا بوو بە گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆیی و هێرشی گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لەجیاتی حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە. لە کوردستانی سوریە، لە ژێر سەرکردایەتی پارتی یەکێتی دێموکراتی (پەیەدە) و لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا و بە هۆی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی کە لە درێژەی شەڕی ناوخۆیی ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە، هەلومەرج بۆ دامەزراندنی پێکهاتەی خۆبەڕێوەبەری بۆ خەڵکی ئەم هەرێمە ڕەخساند. ئەم دەزگا و ئەنجومەنانە خۆبەڕێوەبەرانە کە لە گوند و شارۆچکە و شارەکانی کوردستانی سوریا پێکهێنراون، لە غیابی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا کۆنترۆڵی حوکمڕانی و ئیدارە و بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان گرتە دەست. ئەم سیستەمە خۆبەڕێوەبردنە بە بەشداری کردنی خەڵک لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بە دابین کردنی پێداویستییەکانی پێکەوەژیانی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەسەر بنەمای بە ڕەسمی ناسینی مافەکانی مرۆڤ و مافی یەکسانی ژنان و جیاکردنەوەی ئایین لە دامەزراوە حکومەتییەکان، ئەزموونێکی بەنرخی لە سەردەمی شەڕ و بەرخۆدان بەرامبەر بە ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان بەدەسهێنا.
ئەم بزووتنەوەیە بەو پێگەیەی بەدەستی هێناوە بۆتە هێزێکی گرنگ لە ئاڵوگۆڕەکانی ئێستا و داهاتووی سوریا و لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا. بەڵام پەیەدە کە ڕۆڵێکی ئەرێنیی گێڕا لە ڕابەرایەتیکردنی بزوتنەوەی جەماوەری و پاراستنی دەستکەوتەکانی، لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی پێداگری لەسەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا و پێکهێنانی ستادی فەرماندەیی هاوبەش لەگەڵیدا، یان بە دڵخۆش کردن بە لێدوانی سەرانی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل کە لەوپەڕی دووڕوویی و فێڵبازیدا باس لە پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی کوردستان دەکەن؛ نە تەنیا بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی سەبارەت بە چارەنووسی بزوتنەوەی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانی سوریا، بەڵکوو زەربەیەکی قورسیشی داوە لە ئیعتباری ئەم بزووتنەوەیە لای بیروڕای گشتیی پێشکەوتووخواز و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
سەرجەمی ئەم ئاڵوگۆڕانە، پرسی نەتەوەیی کوردی کردووە بە پرسێکی عەینی و بابەتی و لە هەمان کاتیشدا چارەسەرنەکراو، گۆڕیویەتی بۆ پێکهاتەیەکی حاشاهەڵنەگر لە شیکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم هەلومەرجەدا، کۆمۆنیستەکان کە هەمیشە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستانەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە و کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی، بەرنامە و ستراتیژیی سیاسیی ڕوونیان هەبووە، دەبێ بە پراتیکی چالاکانەی خۆیان ڕێگە نەدەن پرسی کورد ببێتە ئامرازێک بۆ سات و سەودای حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان بە مەبەستی پشکبردن لە دەسەڵات و ببێتە کەرەستەیەک لە دەستی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بۆ بردنەپێشەوەی نەخشە و پیلانە ناوچەییەکانیان.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە