
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، دوو بڕیارنامە، یەکیان لە شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی و ئەوی دیکە لە کۆمیتەی سێیەمی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کران. بڕیارنامەی یەکەم لەلایەن چوار دەوڵەتی فەڕانسە، ئاڵمان، بریتانیا و ئەمریکاوە و لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە هاوکارینەکردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو ئاژانسە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی دەرفەتی ڕاستیئازمایی بۆ ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد و سەرووتر، ئاراستە کرابوو. ئەم بڕیارنامەیە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات بەپەلە و بەتەواوەتی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەیە هاوکاری بکات و بەپێی پرۆتۆکۆلی پاشکۆ (الحاقی) کە کۆماری ئیسلامی واژۆی کردووە، زانیاریی ورد و تەواو بخاتە بەردەم پشکنەرانی ئەم ڕێکخراوەیە و ڕێگەیان پێ بدات دەستیان بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕابگات؛ کارێک کە لە ڕوانگەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمییەوە ماوەیەکی زۆرە دواخراوە و دەبێ دەستبەجێ ئەنجام بدرێت. لە بڕیارنامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە: “بەپێی بڕیارە نێونەتەوەییە بووژاوەکان لە سێپتەمبەری ٢٠٢٥ـەوە، کۆماری ئیسلامی ئەرکدارە سەرجەم چالاکییە پێوەندیدارەکان بە پیتاندنی ئۆرانیۆم و دووبارە دەرهێنانەوە، لەوانەش توێژینەوە و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاوی قورس، ڕابگرێت.” نەجەفی، نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نووسینگەی ئەم ڕێکخراوەیە لە ڤییەن، دوای پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە وتی: “ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی بە مەبەستی گوشار خستنەسەری لەڕادەبەدەر بۆ سەر ئێران و بە ڕەوایەتێکی هەڵە لە دۆخی ئێستا، ڕەشنووسی ئەم بڕیارنامەیەیان پێشکەش کردووە.”
بڕیارنامەی دووهەمیش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی “مای ساتۆ”، ڕاپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، پەسەند کرا. ئەم بڕیارنامەیە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی بە کارەساتبار وەسف کردووە و بەکارهێنانی بەرینی سزای سێدارەی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە پێشێلکردنی بەڵێننامە نێونەتەوەییەکان ناو بردووە و بەتوندی ئیدانەی کردووە. لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لەسێدارەدانەکان لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ، بەبێ دادگاییەکی دادپەروەرانە، بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی پارێزەر و بنەماڵەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێن. کردەوەیەکی لەو چەشنە پێشێل کردنی پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە کە کۆماری ئیسلامیش واژۆی کردووە. ئەم بڕیارنامەیە داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە بە گشتی ڕابگرێت و بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەو سزایە لە یاسا و لە کردەوەدا هەنگاو بنێت. هەروەها ئەم بڕیارنامەیە داوای لە کاربەدەستانی ڕژیم کردووە هەموو جۆرە هەڵاواردنێک لەسەر بنەمای بیر و باوەڕ و ئایین بۆ سەرجەم کەمینەکان وەلا بنێن. هەڵبەت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە ڕێگەی بە هیچ کام لە ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە بێنە ناو ئێران و ڕاپۆرت ئامادە بکەن.
دەرکردنی ئەم بڕیارنامانە دژی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە پشت پەردەوە سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە پچڕاوەکانی نێوان هەردوولا بوون، کە بەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژە و بۆمبارانی ناوەندە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ڕژیمدا ڕاگیرابوو. لەم پێوەندییەدا ترامپ ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر لە حزووری محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی، وتی: “کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی زۆر حەز دەکەن لەگەڵ ئێمە بگەنە ڕێککەوتن، ڕەنگە کاربەدەستانی ئێران لە ڕوواڵەتدا شتێکی دیکە بڵێن، بەڵام پێوەندیمان پێوە دەگرن و خەریکی ناردنی پەیامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێمە. ئێمە لە نهایەتدا ئەم کارە دەکەین”. ترامپ بە ڕۆژنامەوانانی وت کە ئێمە لەگەڵ ئەوان لە حاڵی گفتوگۆداین و پرۆسەیەکمان دەست پێ کردووە.
هەڵبەت کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیش ناڕاستەوخۆ و بە شێوازی جۆراوجۆر دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پشتڕاست دەکەنەوە. قسەکانی عەلی خامنەیی واتە: “لەگەڵ ئەمریکا دانوستان ناکەین چونکە هیچ سوودێکی بۆ ئێمە نییە و هیچ کێشەیەکی ئێمە چارەسەر ناکات”، تەواو چەواشەکارانەیە و تەنیا بۆ تۆمارکردن لە مێژوودایە. کەمال خەڕازی، ڕاوێژکاری کاروباری نێونەتەوەیی ناوبراو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر لە گفتوگۆ لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “سی ئێن ئێن” وتی کۆماری ئیسلامی ئامادەی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا، بە مەرجێک لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر بێت و پرۆسەی دانوستانەکان لە پێشەوە ئامادە بکرێت. ئەو لە پەیامێکدا داوای لە ترامپ کرد بە ڕوانگەیەکی ئەرێنییەوە بەرامبەر ئێران دەست پێ بکات و لە پەنابردن بۆ هێز خۆی بپارێزێت.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژێک بەر لە سەفەری محەممەد بن سەلمان بۆ ئەمریکا، مەسعود پزیشکیان نامەیەکی بەنووسراوی بۆ ناوبراو نارد. بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ناوەڕۆکی ئەم پەیامە ئاماژەیە بۆ مەیلی کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و داواکارییەکە لە بن سەلمان تا بۆ مسۆگەرکردنی سازشێکی ئابڕوومەندانە، ڕاسپاردەی پێویست بە ترامپ بدات. ئەم بابەتە لە قسەکانی شازادەی جێنشینی عەرەبستان لە دیدار لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا بوو. ناوبراو ڕایگەیاند کە: “ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ تا دەگەینە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران. چونکە بە قازانجی تارانە کە لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ڕێککەوتن”.
بەڵام ئاشکرایە کە ئێستا کۆماری ئیسلامی لەچاو دە ساڵ لەمەوبەر کە ڕێککەوتنی بەرجام واژۆ کرا، لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕکابەرە ناوچەییەکانیدا، لە هاوسەنگییەکی هێزی زۆر نالەبارتردایە. سیاسەتی ستراتیژیی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی شکست بووە؛ لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا سیستەمی بەرگری و توێژێک لە فەرماندەکان و ئیعتیباری دەزگای ئەمنیی خۆی لەدەست دا، لە بەرامبەر بۆمبارانی ناوەندە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی خۆی لەلایەن ئەمریکاوە نەیتوانی کاردانەوەیەکی کاریگەر نیشان بدات؛ لە ئاستی نێوخۆشدا بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی سیاسی و ئیفلاسی ئابووری بووەتەوە و گرانی و هەژاری، نەهامەتییەکی بێوێنەی بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندووە و توانایی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی کۆمەڵگە وەک نان، ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، تەندروستی و پەروەردەی نییە؛ لەوەش گرنگتر لە کاتێکدا کە توانایی وڵامدانەوەی بە داخوازیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان نییە، گەشە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان بووەتە ئەمرێکی حاشاهەڵنەگر. لە ئاوا دۆخێکی نابەرابەری هاوسەنگیی هێزدا، کۆماری ئیسلامی شکستی لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکا قبووڵ کردووە و بە شوێن دەستڕاگەیشتن بە «سازشێکی ئابڕوومەندانە»وەیە. لەبەر ئەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا توانای سەرکوتکردنی خۆی پاراستووە و ماشێنی سەرکوتەکەی لە جووڵە نەوەستاوە، سازش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە دەستی لە زێدەخوازییەکانی هەڵگرتبێ، بۆ ئەمریکاش دڵخوازە. بێگومان، تەنیا درێژەدان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، و پێشڕەوی لە بواری ڕێکخستن لەسەر بەستێنی درێژەی ئەم بزووتنەوانە و شکڵدان بە ڕێبەرییەکی سەرتاسەری بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستییەوەیە کە دەتوانێت ئەم هاوکێشانە لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە