
با لە دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان یەکگرتوو بین!
٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە. سەپاندنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی سەردەمە کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕەهەندی بەربڵاوتر بەخۆیەوە دەگرێت. لەئێستادا پانتایی توندوتیژی دژی ژنان گەیشتووەتە ئاستێک کە هەموو ڕۆژێک لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانە بەرینەدا، گیانی ژنێک لە ناوماڵ، لە شوێنی کار و لە شەقام دەستێندرێت. ئەوەیکە ئەم تاوانانەی بەرچاوتر کردووەتەوە، جۆری کوشتاری ئەو ژنانەیە. ژنانێک کە بکوژەکانیان زۆربەی کات کەسوکاری نزیک و ئەو باوکانەن کە بە ڕەنج و زەحمەت کچەکانیان گەورە کردووە؛ یان پیاوانێکی دژەژنن کە بە گومانی خۆیان هاوسەرەکانیان ئاشقانە خۆش دەویست. پیاوانێک کە تا پێش لەوە هەرگیز تووشی کوشتن، تاوان و توندوتیژی نەببوون، بەڵام لە ساتێکدا بە بیانووی بەرگری لە “شەرەف و غیرەت و ئابڕووی خێزان”، بە پەیڕەویکردن لە دابونەریتی دواکەوتووانەی ئایینی و لەژێر ناوی “مافی خاوەنداریکردن بەسەر جەستەی ژن”دا، ناو و نیشانی ئازیزانیان بە توندوتیژییەکی بێبەزەییانە لەسەر زەوی دەسڕنەوە.
بەڵام لەڕاستیدا چەکی ژنکوژی و دواکەوتوویی کولتووری و دابونەریتی کۆنەپەرستانە و هەڵاواردنی ڕەگەزی، پیاوسالاری و خاوەنانی کار و سەرمایە خستوویانەتە دەستی ئەم پیاوە دژەژنانە، تا کۆمەڵگا هەروا بەو شێوەیە بڕواتە پێش کە ئەوان دەیانەوێت. تا سەپاندنی ژێردەستەیی، نایەکسانیی ڕەگەزی و ستەم و هەڵاواردن دژی ژنان بەو شێوەیە بەردەوام بێت کە خوداکانی کار و سەرمایە دەخوازن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و سەرەڕای ئەو هەڵاواردنانەی کە دەوڵەتانی کۆنەپەرست و خاوەنانی کار و سەرمایە بەسەر ژنانیاندا سەپاندووە، خەبات بۆ کۆتاییهێنان بەم وەحشیگەری و بەربەرییەتە دژی ژنان، دەمێکە لەبەرچاوی هەموو خەڵکی جیهاندا بەردەوامە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئازادیی ژن، حورمەت و ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی ئەو، تەنیا کاتێک مسۆگەر دەبێت کە ژنان لە هەموو بوارێکی یاسایی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا وەک مرۆڤی یەکسان لە کۆمەڵگادا بناسرێن. مافی شارۆمەندی، حورمەت و ئەمنییەتیان لە تەواوی لایەنەکانی ژیاندا وەک هاووڵاتییانی یەکسان بە ڕەسمییەت بناسرێت.
بەڵام مێژوو دەریخستووە کە بنەبڕکردنی ڕیشەیی توندوتیژی دژی ژنان، نە بە پەسەندکردن، نە بە گۆڕین و جێبەجێکردنی ئەم یان ئەو یاسایەی نیزامە سەرمایەدارییەکان ڕوو دەدات و نە بە لوتفی خێرخوازانەی یاسادانەرانی نەزمی مەوجوود. ڕزگاریی ژن و کۆتاییهێنانی ڕیشەیی بە توندوتیژی و ستەم دژی ژنان، بە کۆتاییهێنان بە سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێهەڵاواردن و دوور لە نایەکسانیی سیاسی و ئابووری و ڕەگەزییەوە گرێ دراوە. بەبێ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی داماڵدراو لە ستەم و چەوسانەوە – کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی – کە حورمەت و ماف و یەکسانیی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا بە ڕەسمییەت بناسێت و زەمانەتی بکات، توندوتیژی دژی ژنانیش کۆتایی پێ نایەت.
چەکی توندوتیژی دژی ژنان، هەمیشە لە دەستی سەرمایە و ڕژیمە کۆنەپەرستەکانی وەک کۆماری ئیسلامیدایە. ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئازادی و یەکسانیی ژن لە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە هەر چەشنە توندوتیژییەکی دەوڵەتی و ئایینی و بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دابونەریتی دژەژنی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، سەری هەڵداوە. ڕاپەڕینی ژینا، پۆتانسیەل و وزەی بەرزی ئەم بزووتنەوەیەی بە هەموو خەڵکی جیهان نیشان دا. پاش تێپەڕینی زیاتر لە چوار دەیە سەپاندنی توندوتیژی و تاوان و هەڵاواردنی ڕەگەزی لەلایەن دەسەڵاتی ژنکوژی کۆماری ئیسلامییەوە دژبە ژنان، ئێستا بە هیممەتی خەبات و تێکۆشانی بوێرانەی ژنان و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەک پەل دەهاوێ کە ئەنجامدانی توندوتیژی و ستەم دژی ژنان لە خاڵی کۆتایی خۆی نزیک بووەتەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، شانبەشانی بزووتنەوەی ئازادیی ژن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئینسانی، دوور لە هەر چەشنە ستەم و نایەکسانییەک، تێدەکۆشێت. لە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبر بەرانبەر بە ٤ی سەرماوەز، یەکگرتوو و هاودەنگ لە دژی دەسەڵاتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی و لە دژی سێدارە و سەرکوت دەنگمان بەرزتر بکەینەوە.
بڕووخی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم
٢٠٢٥-١١-١٩
ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە