فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک لە پایەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لە ئێران
دوشەممە ۱۰-۰۹-۱۴۰۴   |  01-12-2025

١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار، وەبیرهێنەرەوەی هێرشی دڕندانەی ڕژیمی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوییە بۆ سەر زانکۆی تاران. ٧٢ ساڵ لەمەوبەر و نزیکەی چوار مانگ دوای کودەتا نگریسەکەی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢، خوێندکاران زانکۆی تارانیان کردە مەیدانی ناڕەزایەتی دەربرین دژی سەفەری “ڕیچارد نیکسۆن”، جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا بۆ ئێران و ڕێکخەرانی کودەتاکە. هێزە تایبەتەکانی ئەرتەشی کودەتا کە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خوێندکاران نیگەران بوون، لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا پەلاماری زانکۆی تارانیان دا. لە ڕەوتی پەلاماری ئەرتەشی ڕژیمی پاشایەتیی پەهلەویدا بۆ سەر زانکۆ، سێ خوێندکار بە ناوەکانی “مستەفا بوزورگ‌نیا”، “ئەحمەد قەندچی” و “مەهدی شەریعەت ڕەزەوی” گیانیان بەخت کرد و سەدان خوێندکاری دیکەش بریندار و دەستبەسەر کران. لەو کاتەوە، ١٦ی سەرماوەز وەک هێمایەکی بەرخودان دژی دیکتاتۆری، لەلایەن ناوەندە خوێندکارییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، وەک ڕۆژی خوێندکار ناودێر کرا. بزووتنەوەی خوێندکاری سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی، زیاتر لە حەوت دەیە خەبات دژی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەوی و ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیدا تۆمار کردووە.

بزووتنەوەی خوێندکاری دوای بەشداریکردنی چالاکانە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ٥٧، کە سیستەمی پاشایەتیی پەهلەویی لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگە ڕاماڵی، ئەمجارەیان لە کێشمەکێشی نێوان شۆڕش و دژە شۆڕشدا، زانکۆی کردە مەیدانی نەبەرد لەگەڵ دژە شۆڕشی ئیسلامی. کاتێک کە دژە شۆڕشی ئیسلامی بە پاکتاوی خوێناوی، سەنگەری بەرگریی زانکۆی داگیر کرد، ئەمجارە خوێندکارانی خەباتکار لە ژێر کەشی پۆلیسی و سەرکوتدا، خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە کرد. لە پووشپەڕی ١٣٧٨ـەوە کە هاودەستیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەگەڵ سپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری، لە پەلاماردان بۆ سەر خوێندکاران بووە هۆی دابڕانی بەشێک لە جەستەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی و “سازمانی تەحکیمی وەحدەت”، باڵی چەپ و سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکاری بە خێرایی داخوازییە سیاسی و ڕادیکالەکانی کردە سەردێڕی خەباتی خۆی. لە سەرەتای دەیەی هەشتاوە، هاوتەریب لەگەڵ گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری، توێژێکی بەربڵاو لە خوێندکارانی چەپی ڕادیکال، چالاکییەکانی خۆیان لەسەر هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوە کرێکارییەکان و بزووتنەوەی ژنان چڕ کردەوە. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران تەنانەت دوای سەرکوتکردنی ڕەوتی چەپ و سۆسیالیستی لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتادا، هەرگیز تەسلیمی سیاسەتەکانی بەتایبەتیکردن و بەکاڵاکردنی خوێندنی باڵا، ئەمنییەتیکردنی کەشی زانکۆکان، دژەژنی، جیاکاریی ڕەگەزی و ئیسلامیزەکردنی زانکۆکان نەبوو. خوێندکارانی ڕادیکال و سۆسیالیست لە ڕاپەڕینی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦یشدا بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان کرد و دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواو بوو ماجەرا”یان بردە نێو بزووتنەوەی سیاسیی جەماوەرەوە. خوێندکارانی شۆڕشگێڕ لە خەزەڵوەری ٩٨ـدا، لەو حەوت ڕۆژەی کە ڕاپەڕینی جەماوەر ئێرانی هەژاند، شانبەشانی بێبەشان و هەژارانی شارەکان هاتنە مەیدان، لە تەنیشت ئەواندا خوێنیان ڕژایە سەر شەقامەکان و هاوڕێ لەگەڵ ئەواندا زیندانی کران، بەڵام بەم سەرکوتە خوێناوییە چاوترسێن نەبوون و ڕایانگەیاند کە درێژەپێدەری ڕێگای گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینی خەزەڵوەر دەبن.

بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە خەرمانانی ١٤٠١، لە ئاستێکی بێ‌وێنەدا هاتە مەیدان و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئێمە هەموومان مەهساین” ژینگەی زانکۆی کردە مەیدانی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی تەواویەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. بەشی ڕادیکال و سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکاری لە دەیە و نیوی ڕابردوودا لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکارییەکان لە “هەفت تەپە”، “فوولادی ئەهواز” و پیشەسازییەکانی نەوت و پترۆشیمی، لەڕێگەی ڕێکخستنی ئەکسیۆنی پشتیوانی، جەختی لەسەر ستراتیژیی یەکێتی و هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و چەوساوەکانی کۆمەڵگە کردووەتەوە. بەرزبوونەوەی دروشمەکانی “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”، “نان، کار، ئازادی – ئیدارەی شووڕایی”، “خوێندکار، کرێکار، مامۆستا – یەکگرن یەکگرن”، “خوێندکار وشیارە، لەگەڵ کرێکار یارە”، بە ڕوونی ئاراستەی چینایەتیی ڕەوتی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکاری لەم قۆناغەدا نیشان دەدات.

ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا بەرەوپیری ڕۆژی خوێندکار دەچین کە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شکستی ستراتیژیی “شەڕی پێشگیرانە”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، توندتربوونی گەمارۆ ئابوورییەکان و زۆربوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر بەستێنی قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بەردەوامی و پەرەسەندنی مانگرتنە کرێکارییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، ململانێ و کێشمەکێشی باندە حکوومەتییەکانی توندتر کردووەتەوە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ قەیرانی مان و نەمان بەرەوڕوو کردووەتەوە. کۆماری ئیسلامی بەهۆی ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە ئابوورییە و جەوهەری چینایەتیی سیاسەت و ئەولەوییەتەکانی، توانای وەڵامدانەوەی بە داخوازییە بەپەلەکانی چینی کرێکار، ژنان، خانەنشینان و پەرستاران و چەوساوەکانی کۆمەڵگەی نییە. هەر ئەم واقعییەتە، لە کاتێکدا کە ستراتیژیی سەرکوتگەریی ڕژیمیش نەیتوانیوە کۆمەڵگە چاوترسێن بکات، بەردەوامی و گەشەی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکانی خستووەتە ئاسۆیەکی نزیکەوە.

لەم نێوەندەدا بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران بە پێشینەیەکی پرشنگدار کە لە خەبات دژی ڕژیمە سەرمایەدارییەکانی پاشایەتیی پەهلەوی و حکوومەتی هار و دڕندەی ئیسلامیدا هەیەتی، پێویستە هەرچی خێراتر قۆناغی پاشەکشە بۆ خەباتی پیشەیی (سنفی) تێپەڕێنێت و ڕۆڵی سیاسیی پێشەنگانەی خۆی لەم قۆناغەدا بگێڕێت. لەم هەلومەرجەدا بەشی سۆسیالیست و ڕادیکالی بزووتنەوەی خوێندکاری دەتوانێت بە بەرزکردنەوەی ئاڵای داخوازییە دیموکراتیکەکان لە ئاستی کۆمەڵگەدا، لەوانە ئازادیی بێ مەرجی زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ و کۆتاییهێنان بە شەڕەنگێزیی دەسەڵاتدارانی سەرمایە، جارێکی دیکە ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێراندا ئیفا بکات.

ئەمساڵ بەتایبەت لە هەلومەرجێکدا کە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی” لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی ئیسرائیل و بەردەوامیی گوشارەکانی ئەمریکا درێژەی هەیە، و لە کاتێکدا کە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و بۆرژوازیی ئێران هیوا و ئومێدیان بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و گوشارە “هەرەزۆرەکانی” دەوڵەتی ئەمریکا بۆ پڕۆژەی ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی بەستووە و هەروەها ڕەوتی کۆنەپەرستی “چەپی میحوەر موقاوەمەتی” لە دژایەتیکردن لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، خۆی لە سەنگەری شۆڤێنیزمی سووککراوی سپای پاسداران خزاندووە؛ لەم دۆخەدا پێویستە بەشی ڕادیکال و سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکاری بە دەنگێکی بەرز و ڕەسا، شەڕەنگێزیی ئەم دوو جەمسەرە تیرۆریستییە، واتە ئیرتیجاعی سەرمایەی ئیسلامی و زلهێزە ئیمپریالیستییەکان مەحکووم بکات و جەوهەری کۆنەپەرستانەی هەڵوێست و سیاسەتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی و چەپە ئابڕووچووەکانی میحوەری موقاوەمەت بۆ جەماوەری خەڵک ڕیسوا و ئاشکرا بکات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv