
عەلی خامنەیی لە وتارێکدا لە تەلەڤیزیۆنی ڕژیم لە ڕێکەوتی شەشی سەرماوەزدا، بە کوتنی کۆمەڵێک بابەتی بەئاشکرا درۆ و دوور لە ڕاستی سەبارەت بە شەڕی ١٢ ڕۆژە و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، داوای لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران کرد کە سیاسەتی ڕیازەتی تەحەمول بکەن. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئیفلاس و داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی، لەوپەڕی بێشەرمیدا ئامۆژگاریی خەڵکی کرد کە لە ئیسراف و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی نان، ئاو، گاز، بەنزین و سەرجەم پێداویستییە خۆراکییەکان خۆ بەدوور بگرن. ئەو وتی: “ئیسراف یەکێکە لە مەترسیدارترین و زیانبەخشترین دیاردەکان بۆ بنەماڵەکان و وڵات، ئەگەر ئەم هەموو ئیسرافە نەبێت، بێگومان دۆخی وڵات زۆر باشتر دەبێت.” خامنەیی بە خۆگێلکردن لە ئاست هەژاری و برسیەتیی ئاشکرای خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، کە تەنانەت توانای دابین کردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیانیان نییە، دۆخی ئابووریی خەڵک بە “باش” وەسف دەکات و هۆکاری قەیرانی قووڵی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە بۆ “ئەم هەمووە ئیسرافە”ی خەڵک! وە مەوعیزەی ئەوە دەکات کە گۆیا ئەگەر خەڵک ئیسراف نەکەن، دۆخەکە “زۆر لەوە باشتر” دەبێت.
خامنەیی لە کاتێکدا بە درۆودەلەسە دۆخی وڵات بە باش وەسف دەکات، کە حەقدەست و مووچەی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان و توێژەکانی دیکە، چوار هێندە لەژێر هێڵی هەژارییە؛ بەهای پارەی دەسەڵاتەکەی لە بەرانبەر دراوە بیانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دادەبەزێت و قەیرانی ئابووری زیاتر پەرە دەستێنێت. ئایا لە هەلومەرجێکی لەو چەشنەدا دەکرێت ئیددیعای ئەوە بکرێت کە دۆخی گوزەران باشە؟ ئایا بە دەستمایەیەک کە چوار هێندە لەژێر هێڵی هەژارییە، کەس دەتوانێت خۆی و ماڵ و منداڵی تێر بکات چ بگا بەوەی بتوانێ لە ناندا “ئیسراف” بکات؟ کەواتە کێشەی سەرەکیی خامنەیی لەم دۆخەدا مەسەلەی ئیسراف نییە، بەڵکوو ترس و نیگەرانییە لە سەرهەڵدانی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە ئەو و تەواوی بیساتی نیزامەکەی ڕاماڵێت.
خامنەیی لە ڕووی داماویی لە سەروسامان دان بە دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگە، دیسان بە ئامرازی سەرکوت ئومێدی بەستەوە و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کەوتە پێداهەڵگوتن بە هێزی لات و بەڕەلای بەسیج و وتی: “بەهێزکردن و بەردەوامیی بەسیج لە نەسلەکانی پشت سەری یەکدا، وەک سەرمایەیەکی گەورە و هۆکاری زیادبوونی دەسەڵاتی نەتەوەیی، پێویستە. نەسلی چوارەمی بەسیج، واتە مێرمنداڵان لە سەرتاسەری وڵات ئامادەی کار و تێکۆشانن و دەبێت بە شێوەیەکی تۆکمەتر و بەهێزتر ئەرکەکان دەست بە دەست بکرێت.”
خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دانوستان و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و مەسەلەی شەڕ، جارێکی دیکە بە چەواشەکاری و هەڕەشەوە وتی: “ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی فڵان وڵاتەوە پەیامی بۆ ئەمریکا ناردووە، بەتەواو مانا درۆیە. دەوڵەتی ئەمریکا شایستەی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نییە. لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا ئێمە ئەمریکا و سەهیۆنیستەکانمان شکست دا؛ ئەوان هاتن شەڕەنگێزییان کرد، کوتەکیان خوارد و بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە. ئەمە بۆ ئەوان شکستێکی ڕاستەقینە بەحیساب دێت”. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامیش بەچاولێکەری لە خامنەیی، چەندین جار ئیددیعاکانی ناوبراویان سەبارەت بە سەرکەوتن لە شەڕ دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە.
بە پێچەوانەی تەبلیغاتی خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕژیم سەبارەت بە “شەڕی دوازدە ڕۆژە”، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوو، کە خۆی یەکێک لە مۆرە ئەمنییە کۆنەکانی کۆماری ئیسلامییە، ڕۆژی شەممە هەشتی سەرماوەز لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی وەزیران و جێگرانی کابینەی دەوڵەتی پێشووی خۆی، بە ئاماژەدان بە قسەکانی خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، بە “زیادەڕۆیی و قسەی بێبنەما” ناوی بردن و وتی: “پێهەڵکوتن و گەورەکردنەوەی هێزی نیزامیی کۆماری ئیسلامی هەڵەیە و تەنانەت خیانەتە و دەبێتە هۆی هەڵەی لێکدانەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا”. ناوبراو وتیشی کە دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، هێشتا لە دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی”دایین و هەستی ئەمنییەت لە وڵاتدا بوونی نییە. ڕۆحانی، وێڕای ئەوەی کە داوای هەوڵی هەمەلایەنەی کرد بۆ بەهێزکردنی دۆخی “نە شەڕ” (واتە سازش لەگەڵ ئەمریکا)، دانی بەوەدا نا کە ئاسمانی ئیسرائیل تا ئێران بۆ دوژمن بە تەواوی ئەمن و بێمەترسییە.
ئاشکرایە کە لە ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەدا ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی ڕژیم کوژران، بەشێک لە ناوەندە ئەتۆمی و مووشەکییەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ڕژیم لەناو چوون، کەچی بەم حاڵەشەوە، خامنەیی و بەرپرسانی باڵای حکوومەت و فەرماندەکانی سپای پاسداران نەک هەر خۆیان بە براوەی جەنگ دەزانن، بەڵکوو دەیانەوێت ئەم ئیددیعا درۆینەیە لەڕێگەی گونجاندن لە کتێبە دەرسییەکانی مەدرەسەکان، دەرخواردی خوێندکارانیش بدەن. لەم پەیوەندییەدا عەلی ڕەزا کازمی، وەزیری کۆنەپەرستی پەروەردەی ڕژیمی ئیسلامی، لە وتارێکدا بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی خوێندن، لە جیاتی ڕاگەیاندنی پابەندبوون بە بەرزکردنەوەی کوالیتیی ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان و گونجاندنی نوێترین داتا زانستییەکان تێیاندا، بەوپەڕی بێشەرمییەوە ڕایگەیاند: “ڕێوشوێنی زۆر ورد و بەجێ لەوانە ٢٠ پاکێجی پەروەردەیی بۆ گونجاندنی بابەتی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، لە بەرنامەی خوێندنی قوتابیاندا پێشبینی کراوە و چەند ژمارەی تایبەتیش لەم بارەیەوە ئامادە کراون، تا گێڕانەوەیەکی جوان لەم ڕووداوانە بخەنە بەردەستیان”.
ئەم وەزیرە بەسیجییە تێناگات کە لەم سەردەمەدا و بەهۆی بوونی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت ڕاستییەکان و حەقیقەتە مێژووییەکان چەواشە بکات. بێگومان هەوڵی دەزگاکانی مێشکشۆردنەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ جێخستنی سەرکەوتنی خەیاڵییان لە شەڕدا، هەروەک هەوڵی ڕژیم لەژێر ناوی “زلـلەی توند” ناتوانێت کەس فریو بدات. ” زلـلەی توند” ناوێکی فریوکارانەی دیکەی ڕژیم بوو بۆ ئەو وڵامە نیزامییەی کە بەخاتری کوژرانی قاسم سولەیمانی دایانەوە. ئەم بەناو ” زلـلەی توند “ە بریتی بوو لە هاویشتنی نمادینی چەند مووشەک بەرەو بنکەی عەینئەلەسەد لە عێراق، کە ئەمریکا بۆ ڕێگری لە سووکایەتی و ئابڕووچوونی زیاتری کۆماری ئیسلامی، ئیجازەی هاویشتنیانی بە ڕژیم دابوو.
بێگومان مەشرووعییەتی ئەم ڕژیمە گەندەڵە بەهۆی شکستی سیاسەتە ستراتیژییە ناوچەییەکان؛ بەهۆی ئیفلاسی ئابووری و سیاسی و داماوی لە وەڵامدانەوە بە خواست و داواکاریی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێش و دەستکورتەکانی کۆمەڵگە؛ بەهۆی سەپاندنی دیکتاتۆری و دامەزراندنی بیساتی لەسێدارەدان و ئەشکەنجە و بەهۆی سەرکوتی خەڵک لەلایەن دەزگا ئەمنییە جۆراوجۆرەکانەوە، بە تەواوی لە بەین چووە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە نەک هەر هیچ مەشرووعییەتێکی نەماوە، بەڵکوو تەمەنی بەسەر چووە و دەبێ بە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە ڕێکخراوە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران و بزووتنەوە جەماوەرییەکان و مانگرتنە گشتییە سیاسییەکان، بیساتی ئەم حکوومەتە جەنایەتکارە تێکەوە پێچرێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە