فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە: حوکمی سەرکوتگەرانەی دەرکردن، دوورخستنەوە و لەسەرکار لابردنی مامۆستایانی کوردستان مەحکوومە
چوارشەممە ۱۹-۰۹-۱۴۰۴   |  10-12-2025

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (لقی سنە)، هەواڵی یەکلایی‌بوونەوەی حوکمەکانی دەرکردن، لەسەرکار لابردنی کاتی، دوورخستنەوە و خانەنشین‌کردنی زۆرەملێی ١٧ کەس لە مامۆستایانی زەحمەتکێش، تێکۆشەر و بەسابقەی شارەکانی سنە، سەقز، دیواندەرە و مەریوانی بڵاو کردەوە. ئەم هەواڵە لەلایەن “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگییانی ئێران”ـیشەوە بڵاو کراوەتەوە. ئەم ئەحکامە زاڵمانایە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە. تۆمەتی ڕیسوا و بێ‌بنەمای پەیوەندی و وابەستەبوون بە لایەن و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، بیانووی دەرکردنی ئەم حوکمانە بووە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە “دەستەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکان”ـی وەزارەتی پەروەردە دیکتە کراوە. دەرکردنی ئەم حوکمانە هەوڵێکی ئاشکرای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەپاندنی کەشوهەوای ترس و سەرکوت و کپ کردنی هەر دەنگێکی پێشڕەو و ئازادیخواز لە ژینگەی خوێندن و فێرکاریی کوردستاندا.

بەپێی ئەم حوکمانە، مەجید کەریمی، غیاس نیعمەتی، سومەیە ئەختەر، جەهانگیر بەهمەنی، ئومید شامحەممەدی، پەروێز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قورەیشی، حوکمی دەرکرانی یەکجارییان لە پیشەی مامۆستایی بەسەردا سەپاوە. هەروەها شەهرام کەریمی، لوقمان ئەڵڵا مورادی، سەلاح حاجی میرزایی، نەسرین کەریمی، لەیلا زارعی و سولەیمان عەبدی حوکمی لەسەرکار لابردنیان لە ساڵێک تا ٦ مانگ بۆ دەرچووە. سەرەڕای ئەمانە، فەیسەڵ نووری، مەحیەدین ڕەیحانی و تابان حەددادیان مەحکووم بە دوورخستنەوە و بێبەشکران لە مافە ئیدارییەکان کراون. سەپاندنی ئەم حوکمانە لە بارودۆخێکدا کە گرانی و هەڵاوسانی بێسنوور و هەژاری و بێکاری و نەهامەتیی ئابووری، ژیان و بژێویی بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی لە هەموو لاوە خستووەتە ژێر گوشارەوە، یەکجار نامرۆڤانەیە.

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا هەوڵی داوە لە ڕێگەی سڕینەوەی ناوەرۆکی زانستی و پێشڕەو لە کتێبە دەرسییەکان و جێگیرکردنی قەبارەیەکی قورس لە خورافاتی ڕزیوی ئایینی؛ بە فێرکردنی کچانی خوێندکار بۆ قبووڵکردنی ڕەگەزی دووەم‌بوون و ئەو پێگە نزمەی کە کتێبی ئاسمانی پێی ڕەوا بینیون؛ بە دەرکردن و هەڕەشە و خستنە ژێر گوشاری مامۆستایان و خوێندکارانی پێشڕەو و تێکۆشەر، و هەروەها بە دامەزراندنی ئاخوند و موعەلیمانی بەسیجی، سیاسەتی کۆنەپەرەستانەی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. هەڵبەت لەم بوارەشدا وەک باقی بوارەکانی دیکە ڕووبەڕووی شکست و ناکامی بووەتەوە. بێگومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتی ئەمنیەتیی دەرکردن، دوورخستنەوە، بێبەشکردن و خانەنشین‌کردنی زۆرەملێی مامۆستایانی تێکۆشەر، هەرگیز ناتوانێت پێش بە گەشەی زانست و فەرهەنگی پێشڕەوی کۆمەڵگا بگرێت و ناتوانێت بزووتنەوەی مامۆستایان و خوێندکاران لە بەدواداچوونی داخوازی و داواکارییەکانیان پاشگەز بکات. ئامانجی ڕژیمی ئیسلامی لە دەرکردنی ئەم حوکمانە، سەرکوتی سیستماتیکی مامۆستایان، خوڵقاندنی کەشی تۆقاندن و سڕینەوەی خوێندنگاکانە لە هێزی هوشیار و پێشڕەو و سەپاندنی بێدەنگییە بەسەر مامۆستایانێکدا کە جگە لە فێرکردن، ڕۆشنگەری و خزمەت بە کۆمەڵگا و بەرگری لە کەرامەتی ئینسانیی خۆیان و خوێندکارەکان، هیچ تاوان و هەڵەیەکیان ئەنجام نەداوە.

کۆمەڵە، حوکمە سیاسی و دژە مرۆییەکان و دۆسیەسازی دژی مامۆستایانی تێکۆشەری کوردستان بە توندی مەحکووم دەکات و وێڕای پێداگری لەسەر ئەم ڕاستییە کە مامۆستایانی کوردستان وەکوو بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوەی سەرانسەریی مامۆستایان، هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوەی خەباتی خەڵکی کوردستان دژی ستەم، سەرکوت و هەڵاواردن ڕاوەستاون، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و بێ‌مەرجی ئەم حوکمە دژە مرۆییانەیە.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی تەواوی خۆی لەم مامۆستا شەریف و تێکۆشەرانە و بنەماڵەکانیان، بانگەواز لە سەرجەم کرێکاران، زەحمەتکێشان و هێزە ئازادیخواز و یەکسانی‌خوازەکانی کوردستان و سەرانسەری ئێران دەکات  بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان؛ کە بەشێکی دانەبڕاوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەباتی کۆمەڵانی خەڵکن بۆ ڕزگاری لە ستەمی چینایەتی، نەتەوەیی و ڕەگەزی.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤

٩ی دێسامبری ٢٠٢٥

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv