
بەرزبوونەوەی دووبارەی نرخی بەنزین لە هەلومەرجێکدا کە ملیۆنان کرێکار، خانەنشین، ژنانی ماڵەوە، لاوانی بێکار و توێژە هەژار و نەدارەکان لەژێر قورسترین گوشارە ئابوورییەکاندا دەژین، پەلامارێکی دیکەیە بۆ سەر ژیان و بژێوی زۆرینەی کۆمەڵگە. ئەم کردەوەیە بەشێکە لە سیاسەتی گشتیی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ گواستنەوەی قورسایی قەیرانەکان بۆ سەر شانی چینی کرێکار؛ قەیرانێک کە بەرهەمی ڕاستەوخۆی گەندەڵیی پێکهاتەیی، کەڵەکەبوونی سەرمایە لە دەستی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار و تاڵانکردنی بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکارانە. گرانکردنی سووتەمەنی بەشێکە لە بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی لابردنی یارانەکان، ئازادکردنی نرخەکان، بەتایبەتکردنی بەرین و وێرانکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە بەڕێوە چووە. ئاکامەکانی ئەم سیاسەتانە ئەمڕۆ ئاشکراتر لە هەر کاتێکی دیکەن. پەرەسەندنی بێسنووری گرانی، دابەزینی بەهای حەقدەست و بەرزبوونەوەی بەرینی هەزینەی هاتووچۆ و کرێخانوو، گوشارێکی لەتاقەتبەدەری خستووەتە سەر ژیانی کرێکاران و بنەمالەکانیان.
سەرانی کۆماری ئیسلامی و دامودەزگا سەرمایەدارییە دەسەڵاتدارەکان، لە کاتێکدا کە خۆیان بە گەندەڵی، ڕانتخۆری و تاڵانکردنی سەرچاوە گشتییەکان خەریکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن، ڕێگای ڕزگارکردنی دەوڵەت لە ئیفلاس و وەرشکستبوون، لە هێرشی دووبارە بۆسەر سفرەی بەتاڵی خەڵکدا دەبینن. پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی ئەم ڕژیمە لەسەر بنەمای کەڵەکەبوونی سەرمایە لە دەستی کەمینەیەکی دەسەڵاتداردا داڕێژراوە کە خاوەندارێتیی سەرچاوە ئابوورییەکان و دەسەڵاتی سیاسییان لە ئیختیاردایە. لە وەها سیستەمێکدا، هەر شەپۆلێکی گرانی بە واتای گواستنەوەی بەشێکی زیاتر لە بەرهەمی ڕەنجی کرێکاران و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگەیە بۆ گیرفانی خاوەن سەرمایەکان. بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، تێچووی گواستنەوە و تێچووی بەرهەمهێنان و لە ئەنجامدا نرخی کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانە بۆ سەرجەم خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەرز دەکاتەوە و هاوکات قازانجی گرووپە پاوانخواز و دەسەڵاتدارەکان زیاد دەکات.
ئەم سیاسەتانە بەشێکن لە ڕەوتێکی سیستماتیک؛ ڕەوتێک کە بە “کاڵاکردن”ی وزە، پەروەردە، دەرمان و نیشتەجێبوون، ژیانی کۆمەڵایەتیی خستووەتە ژێر ڕکێفی لۆژیکی قازانجەوە و ژیان و گوزەرانی زۆرینەی کۆمەڵگای سەخت و دژوار کردووەتەوە. گەمارۆ ئابوورییەکانی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان کە ڕاستەوخۆ ژیانی خەڵکیان کردووەتە ئامانج، ئازار و مەینەتی کرێکارانیان زیاتر کردووە، هەژاریی پێکهاتەییان قووڵتر کردووەتەوە و لە پەنای سەرکوتدا، بوونەتە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ڕێکخراوبوونی کرێکاراندا. ئەم گەمارۆیانە نە پێکهاتەی دەسەڵاتیان تووشی لێکترازان کردووە و نە لە بەرژەوەندیی ئازادیی خەڵکدا کاریان کردووە؛ بەڵکوو گوشاری ئابوورییان بۆ سەر مۆزدبگیران چڕتر کردووەتەوە، تۆڕەکانی ڕانت و ئابووریی ناڕوونیان بەهێزتر کردووە و بیانوویەکی تازەیان داوەتە دەست دەسەڵاتداران تا سیاسەتە سەرکوتگەرانە و دژەجەماوەرییەکانی خۆیان پاساو بکەن. گەمارۆ ئابوورییەکان ئامرازی گوشارن بۆ سەر خەڵک، نەک بۆ سەر چینی دەسەڵاتدار؛ و بەرەنگاربوونەوەیان تەنیا لە ڕێگەی هێزی ئاگا و ڕێکخراوی کرێکارانەوە مومکینە.
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ خەڵک وەبیرهێنەرەوەی ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨ـە؛ ئەو ڕۆژانەی کە تووڕەیی هەژارانی شار و پەراوێزخراوان لە ئاست ستەم و سووکایەتیی دەسەڵات تەقییەوە و ڕژیم بە توندترین شێوەکانی مومکین سەرکوتی کرد. ئەم ئەزموونە دەریدەخات لە دۆخی تەقینەوەی کۆمەڵگەدا، گوشاری ئابووری دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتیی بەرفراوان، بەڵام بەبێ ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ و چینایەتی، جەماوەر زەربەهەڵگر دەمێننەوە و گۆڕانکاریی پایەدار بەبێ بوونی ڕێکخراوی سەرتاسەریی چینایەتی مەحاڵە. بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو چەرخە تراژیکە، پێویستی بە ڕێکخراوبوون، پێکهێنانی ڕێبەری و ستراتیژییەکی شۆڕشگێڕانە هەیە.
سەرجەم باڵەکانی نێو بلۆکی دەسەڵات، چ بناژۆخواز، چ ڕێفۆرمخواز و ئیعتدالگەرا، لە سیاسەتە ئابوورییە دژەکرێکارییەکان و چڕکردنەوەی سەرکوتدا هاودەنگ و هاوپەیمانن. ناکۆکییەکانی ئەوان تەنیا لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنە، وە لە دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاراندا یەکگرتووانە هەڵسووکەوت دەکەن. هەر بۆیە، بەپێچەوانەی ئەو نوسخانەی کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی گەڵاڵەی دەکەن، ئومێدبەستن بە گۆڕانکاری لە سەرەوەی هێڕەمی دەسەڵات، یان پشتبەستن بە هێزە دەرەکییەکان، نەک هەر بێبەرهەمە، بەڵکوو چینی کرێکار لە ڕێبازی ڕێکخراوبوون و خەباتێکی ڕاستەقینە لادەدات. لەم دۆخەدا تەنیا یەکێتیی چینایەتیی ئاگایانە و ڕێکخراوی کرێکاران، زەحمەتکێشان و چەوساوەکانە کە دەتوانێت ئەم پەلامارە ڕێکخراوە بۆ سەر بژێو و کەرامەتی ئینسانی، پاشەکشە پێ بکات.
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نیشانەیەکە لە قەیرانێکی قووڵتر: قەیرانێک کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی و موناسباتی سەرمایەداری، گەندەڵیی پێکهاتەیی و سیاسەتی ڕیازیەتی ئابووری. ئەم قەیرانە نە بە بەڵێنەکانی حکوومەت کۆنتڕۆڵ دەکرێت و نە بە دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان؛ تەنیا بە ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کرێکاری و بە خەباتێکی ئاگایانەی چینایەتی دەتوانرێت ڕێگەیەک بۆ ڕزگاری بکرێتەوە. ڕێگەی ڕزگاری لە خەباتی چینایەتی و ڕێکخستنی سەرتاسەریدایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە